نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری دەرەوەی دانیمارک و ڕێکخراوی ناتۆ دەربارەی هێرش بۆسەر عەفرین
📝 بەڵگەنامەکان
نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری دەرەوەی دانیمارک و ڕێکخراوی ناتۆ
(تکایە بێدەنگی بشکێنە و ئەم نامەیە بڵاو بکەرەوە)
بەڕێز ئاندەرس ساموێلسن و ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ
چەند ڕۆژێکە تەواو شۆک بووم بە بینینی وێنەی ئەو کوژراوە مەدەنییانەی لە دوای هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردیەکانی
عەفرینعەفرین لە سوریا، گیانیان لەدەستدا. هەروەها من تەواو تاساوم لە ئاستی ئه و بێدەنگییە تۆقێنەرەی، کە دەیبینم لە حکومەتی دانیمارکیی و لە سیاسەتمەدارانی وڵاتەکە و لە ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ. ڕاستییەکە لەوەدایە، کە ئێوە سڵتان لەوە نەکردەوە، کە ژن و پیاوە ئازاکانی کورد بکەن بە خۆراکی تۆپەکان لە جەنگی دژ بە داعشدا، بەڵام ئێستا هەمان ئەو کوردانە، کاتێک لەلایەن هێزە تورکییەکانەوە بۆمباران دەکرێن، ئێوە یەک وشە لە دەمتان نایەتەدەرەوە و ئیدانەی ئه و جەنگە ناکەن. نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئێوە ڕووتان وەردەگێڕن و سەیری شوێنێکی تر دەکەن، کە هیچ کات لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا نییە.
لەم ساتەوەختەدا هێزی ئیسلامییە پەڕگیرەکان (ئیسلامە ڕادیکالە توندڕەوەکان)، بە هاریکاریی سوپای تورک، هێرش دەکەنە سەر هێزە کوردییە عەلمانیی و بێتاوان و دیموکراسخوازەکان لە عەفرین. ئێمە چەندەها جار و بەبێ بڕانەوە گوێمان لە سیاسییە دانیمارکییەکان بوو، کە ڕەخنەیان لە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەگرت، بەڵام کاتێک مەسەلەکە پەیوەندیی بە ژیان و مردنی سەدان هەزار خەڵکی مەدەنییەوە هەیە لە عەفرین، جگە لە بێدەنگی ئێوە زیاتر، گوێمان لە شتێکی تر نابێت.
من خۆم ژنێکی کوردم،کە لە جەنگ و گازی کیمیاویی و ڕق و چەوساندنەوە و جینۆساید ڕامکردوە. من بەدور و درێژیی گوێم لە سیاسەتمەدارە دانیمارکییەکان و حکومەت بووە، کە دەڵێن باشترین یارمەتییەک، کە پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران بکرێت، ئەوەیە کە لە ناوچەکانی خۆیاندا بهێڵدرێنەوە و لەوێدا هاوکاری بکرێن. بەڵام لە ئێستادا، کە بۆمبا و جەیشە تورکییەکان بەسەر ئەو ناوچەیەدا داباریون، کە یەکێکە لە لەناوچە ئارامە کەمەکانی سوریا بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان، دەبینین سیاسەتمەدارە دانیمارکییەکان و ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ پشتمان تێدەکەن و ئاوڕمان لێنادەنەوە.
بەڕێز وەزیری دەرەوە و ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ،
ئەم بێدەنگییە ئابڕووبەرە.
ئێوە پێوستە نیشانمان بدەن، کە قسەکانتان دەربارەی یارمەتیدان و جێکردنەوەی ئاوارەکان لە ناوچەکە خۆیدا تەنها قسەی ڕووت و بێناوەرۆک نەبوون. نیشانمان بدەن، کە ناکرێت ڕەخنەکردنی ئیسلامی توندڕەو بێدەنگ بکرێت بەهۆی ترس لە ستەمکاریی ئەردۆگانەوە. نیشانمان بدەن، کە ئەو ژن و پیاوە کوردە ئازایانەی، کە گیانی خۆیان بەخشیی لە جەنگ دژ بە داعشدا، بە هاوکاریی لەگەڵ دانیمارکدا، بێهودە و لە پێناویی هیچدا نەمردون.
کردارتان هەبێت و قسە بکەن،
بێدەنگییتان بشکێنن
لەگەڵ ڕێزم
سارا عومەرسارا عومەر، نووسەری کتێبی مردوشۆر
24-01-201824-01-2018