ئەمڕۆ 01-04-2017 جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوەوە کۆبونەوەی ئاسایی مانگانەی لە مەکۆی سەرەکی شاری سلێمانی ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی کوردستان و ئەگەر و پێشهاتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و بەشەکانی تری کوردستان تاوتوێکران.
جڤاتی نیشتمانی جەختی لەو ڕاستییە کردەوە کە ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە و ئەمەش بەگرتنەبەری هەنگاوی ڕاستەقینە و کرداری و لە ڕێگای دامەزراوە شەرعییەکان و پەرلەمانی کوردستان دێتە دی. هەروەک لە بەشی سێیەمی (مافی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم) لە مادەی 11ی ڕێکەوتننامەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیدا هاتووە. (
یەکەم: هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە مافی چارەی خۆنوسین و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی کوردستانە پێویستە ئامادەکاری هەمەلایەنەی بۆ بکرێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە، ئەم بابەتە بابەتێکی نیشتمانییە و لەبەر ڕۆشنایی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەکرێنەوە.
دووەم: هەردوولا کۆکن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی سنوری هەرێمی کوردستان، هەروەها جڤاتی نیشتمانی ڕێوشوێنی گونجاو و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە و بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا درا.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
01-04-2017