زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزاری تورکیا لەساڵی 2016دا، ئاستی "خراپترین سیناریۆ" تێدەپەڕێنێت و پێدەچێت هەتا کۆتایی ئەمساڵ زیانەکانی ئه و وڵاتە بۆ (112) ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی سایتی حوڕییەت دەیلی نیوز، یوسف حاجی سولەیمان، جێگری کۆمەڵەی بەڕێوەبەرانی هۆتێلە گەشتیارییەکانی سەرکەناری دەریای ناوەڕاست (AKTOB)، ڕایگەیاند دوای ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە لەلایەن تورکیاوە، پێشبینییان دەکرد هاتنی نزیکەی چوار ملیۆن گەشتیاری ڕوسیا بۆ تورکیا کەمبکات، بەڵام ئێستا زۆر خراپترە لەوەی پێشتر پێشبینییان کردبوو.
ڕونیشیکردەوە ئێستا تورکیا بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی ئەوروپی و بارودۆخی ئەمنی تورکیاوە، چاوەڕوان دەکرێت ئاستی زیانەکانی کەرتی گەشتوگوزاریی ئه و وڵاتە بۆ (12) ملیار دۆلار بەرزببێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، داود چەتین، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاری ئەنتاڵیای گەشتوگوزاری تورکیا، ڕایگەیاندووە: "کێشەکانی ئێستا، کە لەسەروبەندی خراپبوونی ڕەوشی ئاسایش و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی ڕوسیادا سەریهەڵداوە، ڕەنگە کاریگەریی هەبێت لەسەر کەرتەکانی دیکەی وەکو کشتوکاڵ و ڕێژەی بێکاریی لە سەرانسەری وڵاتدا زیاتردەکات."
چەتین ڕونیشیکردۆتەوە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارانی ڕوسیا لە ئاستی سفر نزیکبۆتەوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەوروپی بە تایبەتی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکات، دوای زنجیرە تەقینەوە تیرۆریستیەکانی ئەمدواییەی تورکیا."
ئاماژەشیکرد بەوەی دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا، چەندین سیناریۆی ئاراستەی حکومەت کردووە بەڵام حکومەت هەر سیناریۆ گەشبینەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردۆتەوە.
چەتین ئاشکراشیکرد ئەمساڵ زۆربەی هۆتێلەکان دەرگاکانیان دادەخەن و بەهۆیەوە پێشبینی دەکرێت تەنها لە شاری ئەنتالیادا (80-100) هەزار کەس بێکار ببن.
- 22-03-2016