ئەنجومەنێکی فەرهەنگی ئەدەبییه کە لە ساڵی 1992 لە لایەن چەند شاعیر و نووسەری دڵسۆزەوە لە شاری سنە دامەزرا.
لە ئامانجەکانی پێکهاتنی ئەم ئەنجومەنە، دەتوانین بە کورتی ئاماژە بەم چەند خاڵەی خوارەوە بکەین:
پێکهێنانی جێگە و شوێنێ بۆ کۆبوونەوەی شاعیران، نووسەران، توێژەران و هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەب، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و نواندنی چالاکی بۆ خزمەت بە فەرهەنگ و ئەدەب و زمانی زگماکی نەتەوەکەمان.
کەڵک وەرگرتن لە زانست و ئەزموونی مامۆستایان، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەبیدا، بە مەبەستی فێرکردن و ڕاهێنان و پێگەیاندنی لاوانی تامەزرۆ.
پێکهێنانی ناوەندێکی بڕوا پێکراو، بۆ هاندانی خاوەن هەستەکان و قەڵەمبەدەستان بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و ئەدەب و زمانی کوردی.
چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێ، بە نیازی لە چاپدانی بەرهەمی ئەندامانی ئەنجومەن و پەرەپێدان و خزمەت بە چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری کوردی.
هەروەها بەڕێوەبردنی کۆنگرە و شەوەشێعر و کۆڕوکۆبوونەوەی ئەدەبی و زانستی، لە بوارەکانی پێوەندیداردا و هتد…
ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا، هەر له سەرەتاوە تا ئێستا، سەرەڕای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە حەفتانە، بە دەیان شەوەشێعر و کۆڕوکۆبوونەوە و یادمانی وەک: یادمانی موحەممەدی قازی، یادمانی سەید ئیبراهیمی ستوودە، یادی هەڵەبجەی شەهید، شەوێ لەبەر تیشکی شێعرا و (نخستین جشنوارە شعر منطقەای) و … بەڕێوە بردووە.
گۆڤاری (تاڤگە(بڵاڤۆکی ناوخۆیی ئەنجومەن بوو کە تا ژمارەی 14 لەچاپ درا و دوایە بە چەند هۆیێک کە لێرەدا جێگەی باسی نییە داخرا.
پاییزی ساڵی 77ی هەتاوی وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئەنجومەندا دێتە ئەژمار. لەو کاتەوە کە شاعیری دڵسۆز و توانای گەلەکەمان (مامۆستا شەریف) گەڕایەوە بۆ شاری سنە و بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی، ئەنجومەن کەشوهەوایێکی دیکەی بە خۆوە بینی. لەو کاتەوە گرینگی و بایەخێکی تایبەت درا بە بەشی فێرکاری و بۆ یەکەمجار کلاسی فێرکاری زمانی کوردی دامەزرا.
لەخۆبوردوویی و تێکۆشانی دڵسۆزانە و بێچاوەڕوانی و وانەگوتنەوەی پڕناوەرۆکی ئەو مامۆستایە ئۆخژنی خستەگیانی ئەندامان و بەشدارانی ئەنجومەن و شادی و ڕەزامەندی لە نیگایاندا شەپۆلی دەدا.
داخوازی و بەشداری لە ڕادەبەدەری خەڵک بۆ فێر بوونی ڕێنووسی زمانی کوردی بە شێوەیێکی زانستی و نەبوونی جێگای شیاو، وایکرد کە لە بەهاری 1999 بۆ یەکەمجار لە ئەنجومەنێکی خوێندکاریدا لە زانکۆی (سازمان مدیریت صنعتی) بە ناوی ئەنجومەنی (چیا) و هەروەها لە (خانە فرهنگ)یشدا چەند کلاسی فێرکاری زمانی کوردی دامەزرا.
لە هاوینی ساڵی 2000 کە دوایە بە (هاوینی زێڕین) ناوبانگی دەرکرد بە ناوی کلاسی (غنیسازی اوقات فراغت) زیاتر لە 3000 کەس لە کلاسی فێرکاری زمانی کوردی ئەنجومەندا بەشداریان کرد و سەرکەوتووانە فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بوون.
سەرکەوتن و پەرەگرتنی ئەنجومەنی مەولەوی و لایەنگری زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگا لە بەرنامە و تێکۆشانەکانی، چەندە بەرێکی شیرین بوو بۆ ئەندامان و بەڕێوەبەرانی، ئەوەندەش ناخۆش و تاڵ بوو بۆ هەندێ کەسی ناشارەزای بەرچاوتەنگ و نەیارانی. هەر بۆیەش لە دوورەوە بەردی ناشارەزایییان لەم خێوەتە خنجیلانە دەگرت. پێیان وابوو گوایە دەتوانن بیڕووخێنن! نەیاندەزانی کە ئەم خێوەتە لە خۆوە ڕانەوەستاوە، بەڵکوو ئەستوونەک و کۆڵەکەی ئەوین ڕایگرتووە. ئەوین بە خودا و خاک و خەڵک.
هەرچەند نەیاران بە ڕواڵەت توانیان بۆ ماوەی نێزیک بە 2 ساڵ ببنە هۆی داخرانی ئەنجومەن، بەڵام نەیانزانی کە ئیدی شاری سنە مەودایێکی تەسکە بۆ تێکۆشانی ئەنجومەن و ئەندامانی. ناوبانگی ئەنجومەنی مەولەوی، سنووری شاری سنەی بەزاند و لە شارەکانی دیکەدا وەکوو: دێولان، مەریوان، دیواندەرە، بیجاڕ، قوروە، ڕوانسەر، جوانڕۆ و کرماشان هەروەها لە زانکۆکانی سنە و کرماشان و بیجاڕ و هەمەدانیشداخێوەتی ئەنجومەنی هەڵدرا و کلاسی فێرکاری زمانی کوردی دامەزرا، لەو کاتەوە تا ئێستا، بەردەوام و بێوچان تێدەکۆشین بۆ گەیشتن بە ئامانج و هیچ تەنگ و چەڵەمە و کۆسپ و تەگەرەیێ نەیتوانیوە هەنگاومان پێشل کات و قەتیش ناتوانێ. بەربڵاوی و پەرەگرتنی لقی فێرکاری ئەنجومەن، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەرکەکانی دیکەی ئەنجومەن داناوە و بەردەوام بووین لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە حەفتانە و شەوەشیعر و …
شیاوی ئاماژەیە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری ئەنجومەن لە ئەستۆی شۆرای ناوەندی ئەنجومەندایە کە هەمیشە لە لایەن ئەندامانەوە لە هەڵبژاردنێکی ئازادا هەڵدەبژێردرێن.
جێگای خۆیەتی کە هەر لەم ڕێگایەوە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو ئازیزانە بکەین کە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا یاریدەر و یارمەتیدەری ئەم ڕێکخراوە بوون و گەیاندوویانەتە ئەم قۆناغە. دیارە ژمارەی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن لە ماوەی ئەم 20 ساڵەی تەمەنیدا ئەوەندە زۆرە کە ناکرێ هەموویان ناو بەرین و بەم بۆنەوە داوای لێبوردن دەکەین.
خوێنەری بەڕێز! وامەزانە بەسەرهات و کاروتێکۆشانی ئەنجومەنی مەولەوی کورد تەنیا ئەم چەند دێڕه خێچ و خوارەیە، نا ئەم ئەنجومەنە بە مێژوویێکی 20 ساڵەوە بەسەر کەند و کۆسپی زۆرا تێپەڕیوە و قۆناغی زۆری بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەم ئاستە.
شیاوی باسە کە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن ئێستاکەش هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە لە کاتژمێری 4 تا 7ی ئێوارە لە شاری سنەدا بەڕێوەدەچێ و کلاسەکانی فێرکاری زمانی کوردیش هەر بەردەوامە.