ئیسماعیل کادارێ
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
هیچ کتێبێک هێندەی ڕۆمانێک ناتوانێت زانیاری لەبارەی گەلێکەوە بەخوێنەر ببەخشێت. ئەوە ڕۆمانە کە دەتوانێت هەموو زانیاریەک لەبارەی نەتەوەیەکی بێگانەوە باسبکات. ڕۆمانی (جەنەڕاڵی سوپای مردوو-ە) کە لەنووسینی ڕۆماننووسی ئەلبانی: ئیسماعیل کادارێ، لەلایەن نووسەرو وەرگێر (محەمەد کەریم) وەرگێڕداوە. ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەڕۆمانە جوانەکانی ئەدەبی ئەلبانی و جیهان. کادارێ بەشێوازێکی جوانی ئەدەبی، باس لەتراژیدییە گەورەکانی گەلی ئەلبانی دەکات، لەکاتی داگیرکردنیان لەلایەن سوپای فاشیستی ئیتالییەوە. لەهەمانکاتیشدا، خاڵە جوان و دزێوەکانی گەلی ئەلبانیشمان بۆ باس دەکات.
بابەتی ڕۆمانەکە
ئەم ڕۆمانە باس لەچیرۆکی قەشەیەک و جەنەڕاڵێکی ئیتالی دەکات، کە پاش بیست ساڵ لەجەنگی (ئەلبانی و ئیتالی)، دەچن بۆ ئەلبانیا بۆ گەڕان و پشکنین بەدوای ڕوفاتی مردووەکانی سوپای ئیتالیدا، کە کاتی خۆی لەجەنگدا لەدژی پارتیزانە ئەلبانییەکان کوژراون. هەروەک جەنەڕاڵیش دەڵێت : (ئێستا سوپایەکی مردوو لەژێر فەرمانی مندایە! بەڵام لەجیاتی جلوبەرگی سەربازی، یەکی کیسەیەکی نایلۆنیان لەبەردایە.ل 148)
لەناو هەموو ڕوفاتەکانیشدا زیاتر جەنەڕاڵ بەدوای ڕوفاتی کۆڵۆنێلێکی ئیتالی بەناوی (کۆڵۆنێل ز) دا دەگەڕێن. بەڵام لەپاش دوو ساڵ لەگەڕان پشکنین بەناو دەشت و دۆڵ و چیا سەختەکانی ئەلبانیادا، شەوێکیان بەڕێکەوت جەنەڕاڵ و قەشە دەچنە گوندێک و بەشداری ئاهەنگێکی بووک و زاوا دەکەن، بەڵام لەناو ئاهەنگەکەدا پیرەژنێک بەناوی (نیس) لێیان پەیدا دەبێت و قسەی ناشیرینیان پێدەڵێت، چونکە کاتی خۆی ئه و کۆڵۆنێل ز، ئەتکی کچەکەی کردووه و ماڵەکەیانی سووتاندووە، پاشان هەر خۆی کۆڵۆنێل دەکوژێت. لەکۆتایی ئاهەنگەکەدا، نیس لەناو توورەکەیەکدا، ڕوفاتی کۆڵۆنێل ز یان دەداتەوە.
جەنەڕاڵ ئه و شەوە زۆر بێزار دەبێت و بەناچاری ئه و گوندە بەجێدەهێڵێت، ئه و ناتوانێت تاوانە قێزەونەکانی کۆڵۆنیڵ ز قبووڵ بکات و تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت، لەپاش ئەوەی لەگوندەکە دەڕۆن لەڕێگا، شەقێکی توند لەڕوفاتی کۆلۆنیل ز دەدات و فڕێی دەداتە ناو ئاوێکەوە. ئەم حاڵەتەش هێندەی تر باری دەروونی خراپتر دەکات و پاش دووساڵ لەگەڕان و پشکنین، بەبێزاریەکی زۆرەوە خۆیی و قەشە دەگەڕێنەوە بۆ ئیتالیا.
پەیامی ڕۆمانەکە
ئه و پیاوەی کە ماوەیەکی زۆر قەشه و جەنەڕال بەدوای ڕوفاتەکەیدا وێڵن، پاشان بۆیان دەردەکەوێت، کە کەسێکی تاوانباره و کۆمەڵێک تاوانی جەنگی دژی گەلی ئەلبانی کردووە. ئه و سەرۆکی سوپایەک بووە، کە هەموو تاوانەکانی جەنگی دژی گەلی ئەلبانی کردووە. (لەشکری نەنگینی شین ئەم گوندەی سووتان، ژنان و منداڵانی کوشت و پیاوانی بەم عەمودانەدا هەڵواسی و لێرەوە تێپەڕی،،، کۆڵۆنێل (ز) بە دەستی خۆی چەند کەسێکی به و عەمودانەدا هەڵواسیووە،،91)
لێرەدا نووسەر پەیامی سەرەکی ڕۆمانەکەی ئەوەیە، تاوانە لەبن نەهاتووەکانی جەنگ کە سوپای ئیتالی لەئەلبانیا کردوێتی، پیشانی خوێنەری بدات. ئه و کۆڵۆنێلەی کە قەشه و جەنەڕاڵ بەدوای ڕوفاتیدا دەگەڕێن، تاوانبارێکی جەنگه و پێویستە دادگایی بکرێت. لێرەشدا نووسەر لەڕێگەی ئەم ڕۆمانەیەوە، توانیویەتی دادگایی هەموو تاوانبارە ئیتالییەکان بکات.
کولتووری گەلی ئەلبانی
ئەلبانیا دەکەوێتە ناوچەی باڵکان، ئەم ناوچەیەش مەیدانێکی سەرەکی جەنگی عوسمانی و ئوروپیەکان بووە، جگەلەوەی کە مەیدانی خەباتی پارتیزانی گەلانی باڵکان بووە دژ بەداگیرکەرە خوێنمژەکانی (تورکی عوسمانی و نەمساوی و ئەڵمانی و ئیتالی)، هەربۆیە تاوانی گەورەی جەنگ لەم ناوچەیەدا ڕوویداوه و ماوەی چەندین ساڵیش تارمایی جەنگ و کوشتن و ماڵوێرانی، بەسەر بەڵکاندا زاڵبووە. هەربۆیە ئەمەش کاریگەری گەورەی بەسەر کولتووری ئەم گەلانەوە دیاره و بەتایبەتی بەسەر گەلی ئەلبانیدا، چونکە ئەم گەلە ماوەیەکی زۆر لەژێر چەپۆکی داگیرکەراندا بووە.
(بابەتی زۆربەی گۆرانیەکانیان مەرگ و عەدەمە، ئەمە بووەتە مەوزوعیەتی هونەری ئەمان، لەگۆرانیەکاندا، جلوبەرگ و سەراپای ژیانیان ئامادەگی هەیە، لەمێژە خەڵکی باڵکان ئاوان، بەڵام لەئەلبانیا نموویەکی زیاتری پەیداکردووە، تەنانەت ئاڵاکەشیان ڕەنگی خوێن و پرسەی لەخۆگرتووە. ل 154)
لەلایەکی ترەوە هەرچەندە لەناو ئاوەزی ڕۆژئاواییدا، ئیماجی ئەلبانیەکان بەکەسی شەڕەنگێز ناسراون، بەڵام نووسەر لەم ڕۆمانەیدا هەوڵیداوە ئەوە بەدرۆبخاتەوه و هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتە بۆ ئه و جەنگە زۆرانە دەگەڕێنێتەوە، کە ڕووبەڕوی گەلی ئەلبانی بۆتەوە. لەهەمانکاتیشدا باس لەمەسەلەی میواندۆستی دەکات، بەتایبەتی کاتێک جەنەڕاڵ و قەشە دەچن بۆ ئاهەنگەکە، هەموو خەڵکی گوندەکە بەباشی بەخێرهاتنیان دەکەن، چونکە ئەوان گەلێکی میواندۆستن. (ئەلبانیەکان شێتی میواننن. ل 213)
جەنگ و سۆزانی
حکایەتێکی تری ناو ڕۆمانە، باس لەکردنەوەی یانەیەک بۆ سۆزانیەکان دەکات، لەشارۆچکەیەکی ئەلبانیادا کە سوپای فاشیستی ئیتالی دەیکاتەوە، هەرچەندە خەڵکی شارۆچکەکە دژی ئەم بڕیارەی سوپای فاشیست دەوەستنەوە، بەڵام ئەوان بەقسەیان ناکەن و دەڵێن: (لەبەر چەند هۆیەکی ستراتیژی قەحبەخانەکە دەکرێتەوە!،،ل 77).
نووسەر لەڕێگەی ئەم حکایەتەوە، باسی توێژێکی ناو کۆمەڵگە دەکات، کەهەمیشە بەچاوی سووکەوە سەیر دەکرێت، هەرچەندە ئەوانیش قووربانیەکی گەورەی جەنگن. (سۆزانیەکان شەکەت و لاوازو ڕەنگپەڕیو دەهاتنە بەرچاو، ڕەنگی مردوویان لێدەنیشت، دەتگوت ئه و سەربازانەی لەبەرەی جەنگ دەگەڕانەوە، هەرچی باران و قوڕولیته و شکستی ناو سەنگەرەکان بوو، دەیانڕشت بەگیانی ئەم لەش مردووانەدا،،،84)
تەکنیکی نووسین
ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو ئه و تەکنیەکە جوانە بوو کە نووسەر لەداڕشتنی ئەم ڕۆمانەدا بەکاریهێناوە. بەڕاستی لەبەکارهێنانی ڕەگەزەکانی (فلاش باگ، کتوپڕ، مۆنۆلۆگ) زۆر سەرکەوتووبووە. لەلایەکی تریشەوە ڕۆمانەکەی تەنها لەزمانی یەک گێڕەوەوە نەنووسیوە، بگرە لەم ڕۆمانەدا چەند پاڵەوانێک دێن و ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر دەگێڕنەوە. بۆ نموونە لەکاتی باسکردنی یاداشتەکانی ئه و سەربازە ئیتالییەی لەئەلبانیا نووسیویەتیەوە، لێرەدا گێڕەرەوە دەبێتە ئه و سەربازە. یان لەکاتی باسکردنی پیرەژن (نیس) دا، ئه و لەجیاتی گێڕەرەوەی سەرەکی قسە دەکات. لەشوێنێکی تریشدا بە زمانی جەنەڕاڵ قسە دەکات، کاتێک حکایەت بۆ کچەزا بچووکەکەی دەگێڕێتەوە.
واتە لەهەر شوێنەی پێویست بووبێت، زمانی گێڕەرەوەی گۆڕیوە. ئەمەش تەکنیکێکی زۆر گرینگه و نووسەریش تێیدا سەرکەوتووبووە. جێگەی گوتنە ئەمە یەکەمین ڕۆمانی ئیسماعیل کادارێیە.
چیرۆکی خۆشەویستی
بەبڕوای من هەموو ڕۆمانێک دەبێت بابەتی خۆشەویستی تێدا بێت. نووسەریش لەمبارەیەوە ئەم ڕەگەزەی فەرامۆش نەکردووە. لەم ڕۆمانەدا چەند چیرۆکێکی خۆشەویستی جوانی تێدایە، بۆ نموونە کاتێک باسی چیرۆکی خۆشەویستی سەربازێکی ئیتالی دەکات کە لەسوپاکەی هەڵدێت و دەچێتە گوندێکی شاخاوییەوە، لەوێندەر لای ئاشەوانێک کار دەکات، حەز لەکچی ئاشەوانەکە دەکات، بەڵام خۆشەویستیەکەی سەرکەوتوو نییە چونکە یەک لایەنەیه و پاشانیش کچەکە شوو بەکەسێکی تر دەکات. چیرۆکێکی خۆشەویستی تر کە جێگەی سەرنجم بوو، کاتێک کوڕێکی گەنجی ئەلبانی کە تازە ژنی هێناوە، حەز لەیەکێک لەسۆزانیەکان دەکات، بەڵام چ خانەوادەی خۆی چ خانەوادەی ژنەکەی، دژی ئەم خۆشەویستیە دەوەستنەوە، لەکۆتاییدا باوکی کوڕەکە دەچێت ئه و کچە سۆزانیە دەکوژێت کە کوڕەکەی حەزی لێبووە. بەدڵنیاییەوە نووسەر زۆر بەباشی توانیویەتی هەستی خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان بەکاربهێنێت و لەم ڕۆمانەیدا بەباشترین شێوە تەوزیفی بکات.
چەند سەرنجێک
بەگشتی (محەمەد کەریم) تا ڕادەیەکی زۆر باش توانیویەتی دەقەکە بەزمانێکی ئاسان وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی و خوێنەر تووشی هیچ کێشەیەک نابێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو، نووسەر لەهەندێک شوێندا بەتایبەتی لەکاتی وەرگێڕانی ئیدیۆمەکاندا زۆر سەرکەوتوو نەبووە، بۆ نموونە کاتێک جەنەڕاڵ لەدڵی خۆیدا بەڕۆژنامەوانەکان دەڵێت: (ئەی ساختەچیەکان ئەگەر دایکی درۆتان نەگاوە، ئێوە بڕۆن ئیشەکەی من بکەن ! 183) دەکرا لەجیاتی ئەمە، شتی بەکاربێنێت.
بەڵام ئەوەی کە زۆر بەلامەوە جێگەی سەرنج بوو، بۆچوونی وەرگێڕە لەسەر ڕۆمانەکە کە لەپێشەکی ڕۆمانەکەدا دەڵێت: (کەسووکاری کوژراوەکانی ناو ڕۆمانەکە وەکو کەسوکاری قووربانیەکانی ئەنفال، دوای بیست ساڵ کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان، هەمیشە لەچاوەڕوانیدا دەژین.ل8) بە بڕوای من ئه و لێکچوونە دروست نییە، چونکە قوربانیانی ئەنفال، قوربانی دەستی هێزێکی داگیرکەرو فاشیست بوون، بەڵام کوژراوەکانی سوپای ئیتالی، خۆیان تاوانبار بوون و خەڵکی ئەلبانیش قوربانی بووە، واتە جەللاد بوون نەک قوربانی. هەربۆیە ئه و لێکچوونەم بەلاوە جوان نەبوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشیەکی گەرم لەمحەمەد کەریم بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە جوانە ئەدەبیە جیهانیە بۆ سەر زمانی کوردی، هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.