ئا: ئاسۆ سەراوی
دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەرۆکی هەرێم یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لەهەرێمی کوردستان واژۆکرد، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لەرێگای سکرتێری لقەکەیانەوە زۆرترین زانیاری لەسەر کارو چالاک و بودجەی داهاتی لقەکەیان دەخاتەرو.
پشتبەستن بەزۆری ئەندام و فراوانی سنوری جوگرافی، پێدەچێت لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان گەورەترین لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بێت، چونکە سەندیکای ڕۆژنامەنوسان نزیکەی 7هەزار ئەندامی هەیە، زیاد لە 2هەزار ئەندامیان لەسنوری ئەو لقەدایە و لەئێستاشدا وەک سکرتێرەکەی باسی دەکات 700 کەسی تر داواکاری بون بەئەندامیان پێشکەش کردوە.
دروست ژمارەی ئەندامانی ئەم لقە 2031 ئەندامە له و ژمارەیەش 1451ئەندامی کارایە و 429 بەشدارەو83 شی مەشقکارە. هەر یەکێک له و ئەندامانە ساڵانە بەرێژەیەک ئابونەی ساڵانە دەدەن، بۆ ئەندامی کارا ساڵانە 25هەزار دینارە و هەر یەک لەئەندامی بەشدار و مەشقکاریش ساڵانە 15هەزار دینار ئابونەی ساڵانە دەدەن.
لەمساڵدا لەکۆی 1451 ئەندامی کارە 566 کەس ئابونەی ساڵانەی داوە و لە429 ئەندامی بەشداریش 62 ئەندام ئابونەی داوە، لە83 ئەندامی مەشقکاریش 10 کەسیان ئابونەیان داوە و کۆی داهاتی ئابونەی ئەمساڵی ئەم لقە تا ناوەڕاستی مانگی 7 برتییبوە لە 23ملیۆن و 140 هەزار دینار. کە وەک فەرمانبەری ژمێریاری لقەکە جەختی لەسەر دەکاتەوە هەموی دەچێتەوە بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لەهەولێر.
بەپێی پرەنسیپەکانی کارکردنی ئەم سەندیکایە، ئەندامی کار دەبێت فەرمانبەری دەوڵەت نەبێت، هاوکات ژیان و بژێویشی لەسەر پیشەی ڕۆژنامەنوسی بێت. ئەندامی بەشداریش پیشەی ڕۆژنامەنوسی کاری دوەمی بێت، هەرچی ئەندامی مەشقکاریشە ئەو کەسانەن کە دو ساڵ کەمتر کاری ڕۆژنامەنوسیان کردوە، بەپێی چالاکییان بەرزدەبنەوە بۆ پلەکانی تر.
لەکۆنگرەی سێی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان، ئەندامانی ئەنجومەنی هەر سێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی کوردستان (گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ) دەستیان لەکارکێشایەوە، بەڵام بەوتەی کاروان ئەنوەری سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکا، ئەندامە ئاساییەکانی ئەو سێ حیزبە زۆر چالاکانە لەسەندیکادا کار دەکەن و دەستیان لەکارنەکێشاوەتەوە، کاروان دەڵێت "دەتوانم بڵێم لەلقی سلێمانی ئەندامە ڕۆژنامەنوسەکانی هەرسێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکە، لەئەندامانی هەردو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان چالاکترن، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە ئێمە لەم لقەدا مۆرکی حیزبایەتیمان سڕیوەتەوە و بۆ هەموان وەک یەک کار دەکەین، ئەگەر کەسێک ئەندامی ئێمەش نەبێت هەر ڕۆژنامەنوس بێت لەسەر کاری ڕۆژنامەنوسی توشی گرفت بێت، بەدواداچون بۆ گرفتەکەی دەکەین".
ئەم لقە مانگانە 7ملیۆن لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسان وەردەگرێ، زۆرترینی ئەو پارەیە مانگانە بۆ دەرماڵەی سکرتێر و کارمەند و ئەندام لقەکان دەڕوات، سکرتێری لق مانگانە 400 هەزار دینار وەردەگرێ لەهەفتەیەکدا 5رۆژ دەوام دەکات، دوای ئەویش 5 کارمەندی لقەکە کە هەفتانە 5رۆژ دەوام دەکەن مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرن، هەریەک لەئەندام لقەکانیش کە 8ئەندام لقن هەفتانە 2تا3 ڕۆژ دەوام دەکەن مانگانە بڕی 200 هەزار دینار وەردەگرن. بەم جۆرە مانگانە 3ملیۆن 500 هەزار دینار لە7ملیۆنەکە بۆ دەرماڵە دەڕوات، جگە لەوە مانگانە 1ملیۆن 200 هەزار دینار بۆ کرێ خانوی لقەکەیە، پارەکەی تریش بەپێی خشتەیەک کە وێنەیەکی لەلای ئاوێنەیە بۆ خەرجی ڕۆژانە دەڕوات لەئێستاشدا ئەم لقە نزیکەی 10ملیۆن دینارێکی لەبانکدا هەیە.
کاروان ئەنوەر باس لەوەش دەکات، کە لەهیچ وڵاتێک ڕێگە بەرۆژنامەنوس نادرێت کاری ڕۆژنامەنوسی بکات تا ئەندامی سەندیکایەکی ڕۆژنامەنوسی نەبێت "بەڵام ئێمە چاومان لەوە پۆشیوە". لەبارەی دورەپەرێزی ڕۆژنامە ئەهلیەکانیش لەم سەندیکایە، ناوبراو ئەوە دەخاتەرو کە هەریەکێک له و ڕۆژنامە ئەهلیانە لەکاتی دەرهێنانی مۆڵەت، دەبێت مۆڵەت لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسان وەربگرن "ئەوە خۆی لەخۆیدا دانپیانەنە بەشەرعیەتی سەندیکا، هەر ڕۆژنامەنوسێکیش نەبوبێت بەئەندام ئێمە زۆریمان لەکەس نەکردوە".
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم لقە، لەکۆی 1451 ئەندامی کارای سەندیکا، تائێستا 278رۆژنامەنوس کە فەرمانبەری حکومەتن خزمەتی کاری ڕۆژنامەنوسییان بردۆتەوە بۆ فەرمانگەکانیان، بەمەش لەئەندامی کاراوە دەبنە ئەندامی بەشدار.
لەبارەی ئیمتیازی ئەوانیش بۆ ئەندامەکانیان کاروان باسی لەوە کرد کە تائێستاش لەهەوڵی دابینکردنی زەوین بۆ 169رۆژنامەنوس، کە ماوەی چەندین ساڵە بڕیارە پێیانبدرێت، بەدەر لەوە هەمو جۆرە چارەسەر و نەشتەرگەریەک لەنەخۆشخانەکانی شۆڕش بۆ ڕۆژنامەنوسان و کەسە پلە یەکەکانیان بەبێ بەرامبەر دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی داشکاندنێکی تایبەت بۆ گەشتەکانیان بەفڕۆکە کراوە.
دروستکردنی سەندیکایەکی تر یان هەر ڕێکخراوێکی تر ڕۆژنامەنوسی، کە ماوەیەک کۆمەڵێک لەرۆژنامەنوسان خەریکی دروستکردنی بون، بەوتەی کاروان لەیاسادا ڕێگەی پێنەدراوە. لەبارەی ژمارەی بڵاوکراوە کاغەزیەکانیش ئەو بەرپرسەی سەندیکا وتی "لەئێستادا لەسەرجەم هەرێمی کوردستاندا 750 تا800 بڵاوکراوەی کاغەزی هەیە".
لەبارەی ئەوەش کام لەبەرپرسانی حکومی و حیزبی ئەندامی لقەکەی ئەوانن، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان هێمای بەوەدا هەریەک لەئازاد جوندیانی بەسیفەتی بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی ڕاگەیاندن و مەلا بەختیار وەک سەرنوسەری ڕۆژنامەی چاودێر و ئەرسەلان بایزی سەرۆکی پەرلەمانیش کە پێشتر سەرنوسەری کوردستانی نوێ بوە، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانن.
- 25-07-2013