لە کەیەوە مرۆڤ دەستی کردووە بە چاندنی سەوزی؟
سەوزیی ڕووەکێکن کە لاسکی نەرم و بێ چێویان هەیە. ئەو بەشەی سەوزی کە ئێمە دەیخۆین یان ڕیشووی ڕووەکە (وەک چۆنەر) یان لاسکە (وەک مارچێوە) یان گەڵایە (وەک ئسفناج، سپەناخ) یان خونچەیە (وەک کەلەم) یان میوەیە (وەک تەماتە) و یان دانووی ڕووەکەکەیە (وەک دانەوێڵە).
هەر وەک زانراوە مرۆڤی سەرەتایی، دانەوێڵەی وەک باقلە و نۆک و ڕووەکی ڕیشووداری وەک گێزەری کە بە شێوەی خۆڕست ڕواون و چنگی کەوتوون هەر بەو جۆرەی کە هەبووە کۆی کردوونەتەوە. سەوزیی لەم جۆرە و ڕووەکی بەگەڵای وەک کەلەم و کاهوو هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە لە مەزرا و بێستانەکانی مرۆڤی سەرەتاییدا دەست کەوتوون، ئێمە ئێستاش نازانین ئەم مەزرا و بێستانانە لە کەیەوە سەریان هەڵداوە.
خەڵکی وڵاتی میسری کۆن کاهو، کەلەم، تەڕەتیزە، کاڵەک، باقلە، توور، پیاز، سیر، گەنگر و هەروەها ڕەنگە نۆکیشیان دەچاندبێ. هەر بۆیە دەردەکەوێ کە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستاش مرۆڤ هێندێک ڕووەکی بە تام و چێژیی بۆ خواردنی خۆی بەکار هێناوە.
یونانیەکان و ڕۆمیەکانیش هەموو ئەو سەوزییانەی کە میسریەکان خواردوویانە دەیاناسین و بێجگە لەوانەش خەیار و مارچێوە و کەرەوزیشان بەکار هێناوە.
کاتێک لێکۆڵەرەکان گەیشتنە وشکارۆ (قارە)ی ئامریکا، لەوێدا سەوزیگەلێکیان دۆزیەوە کە لە وشکارۆی ئورووپادا هێشتا نەناسرابوون. تەنانەت لووبیا (فاسۆلیا)ی ئاساییش لە ئامریکادا ئەوە نەبوووە کە لە ئورووپادا باو بوو. لەوێ چەندین جۆر فاسۆلیا، پەتاتە، پەتاتەی شیرین، گەنمەشامی و تەماتە دەچێندران کە هەموویان هی ئەم دوینا نوێیە بوو کە لێکۆڵەرەکان ڕێیان تێکەوتبوو و لە دونیای کۆندا خەڵکەکە ئەم جۆرە ڕووەکانەیان نەدەناسی هەتاکوو تۆوەکەی بە هۆی لێکۆڵەرەکان گەیشتە ئورووپا.
لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لە هەموو بوارێکەوە شۆڕشێکی گەورەی کشت و کاڵ دەستی پێکرد. جوتیاران بە بەکار هێنانی کەرەستە و ئامرازی جوتیاری باشتر و هەڵبژاردنی تۆوی باشتر و بەکەڵکتر و سالمتر جۆریی بەروبوومی خۆیانیان باشتر کرد. هەربۆیە پنجی هەموو سەوزەیەکان گەورەتر و بەتامتر و لە جارانیش زیاتر مەوادی کانییان تێدا پێک دەهات.
فرهنگ بمن بگو چرا. بەرگی چوارەم ل. 135 و 136.