12 کرێچی لەهەرێم گورچیلەی خۆیان بۆ کرێی خانووەکانیان فرۆشتووە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، هۆگر کەمال
سکرتێری
کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستانکۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان رایدەگەیەنێت، رەوشی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، دەشڵێت 12 کرێچی بەهۆی نەبوونی پارەوە گورچیلەی خۆیان فرۆشتووە، چەندینی تریش خۆیان کوشتووە و خۆیان سووتاندوە.
بەرهەم قەرەداغی، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، بە دواڕۆژی وت بەداخەوە رەوشی کرێنشینان لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی زۆر خراپ بووە و رۆژ بە رۆژ خراپتریش دەبێت و کار گەیشتۆتە ئەوەی کرێچی گورچیلەی خۆی دەفرۆشێ لەبەر نەبوونی کرێ یان خۆی دەکوژێ و خۆی دەسووتێنێ.
وتیشی بەهۆی ئەوەی کرێنشین لەم قەیرانی دارایی و بێ مووچەییەدا ناتوانێ کرێ بدات، چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بووە، رۆژانە بە دەیان سکاڵامان لا دەکرێت کە خاوەن خانوو و کرێنشین سکاڵایان هەیە لەسەر یەکتری.
بەرهەم قەرەداغی، باسی لەوەشکرد دوو ساڵ پەرلەمان پەکیخرا نەتوانرا یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2008 هەموار بکرێتەوە کە لەبەرژەوەندی چینی کرێنشینانە، هیوادارم پەرلەمانتاران پشتیوانی هەمواری ئه و یاسایە بکەن، بۆ ئەوەی خاوەن خانوەکان و بازرگانەکان نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کرێنشین دەربکەن.
ئاماژەی بەوەشدا ئێمە وەکو کۆمەڵەکەمان چەندینجار ئاگاداری حکومەتمان کردووە و داوامان کردووە رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەم دۆخەی کرێنشینان، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.
بەرهەم قەرەداغی، ئەوەشی خستەڕوو ئەوەی لای ئێمە تۆمارە زیاتر لە 80 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، بەهۆی ئەوەی ناتوانن کرێکانیشیان بدەن تا ئێستا 9 کرێنشینی کورد لە هەولێر و 3 کرێنشینی کورد لە سلێمانی گورچیلەی خۆیان فرۆشتووە، ئەمە جگە لەوانەی ئێمە پێمان نەزانیون، چونکە لە بازاڕی رەش گورچیلەیان دەفرۆشن بە کەسانی بازرگان.
هێمای بۆ ئەوەشکرد چەندین کەسیش بەهۆی ئەوەی نەیانتوانییوە کرێی خانووەکانیان بدەن لەگەڵ هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە، یاخود جیانەبوونەتەوە و ژنەکە لە ماڵی باوکیەتی و پیاوەکەش لە ماڵی باوکی، ئەمە جگەلەوەی چەندین کرێنشین خۆیان کوشتووە و خۆیان سووتاندووە و خۆیان خنکاندووە، تازەترین رووداویش دوێنێ یەکشەممە پێشمەرگەیەک لەگەڕەکی تاسڵوجەی شاری سلێمانی، بەهۆی ئەوەی سێ مانگ بوو کرێی نەدابوو خۆی خنکاند.
[1]
12-12-201712-12-2017