هێمن عەساف
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ڕاگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لووتکەی کۆبوونەوەی ئەمنیی لەنێوان ئێراق-تورکیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەنقەرە خۆشحاڵە بەوەی ئێراق، #پەکەکە# وەک ڕێکخراوی قەدەخەکراو دەناسێنێت.
هەروەها ڕاوێژیان کردووە سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرانبەر پەکەکە و درێژکراوەکانی لە بە بەکارهێنانی خاکی ئێراق دژ بە تورکیا.
ڕۆژی 14-05-2024، شاندێکی ئەمنی و سیاسیی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت و یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمنیی نێوان ئێراق-تورکیا.
شاندەکەی تورکیا لەگەڵ فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران وەزیری دەرەوەی ئێراق، وەزیری بەرگری، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بریکاری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا کۆبوونەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 15-03-2024، ڕاگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی ئەمنی لەنێوان ئێراق -تورکیا بڵاوکرایەوە، تێیدا لایەنەکان دڵنیاییان دا هەموو هەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ ئێراق، کە بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، بکرێت.
لە ڕاگەیێندراوی هاوبەشدا هاتووە؛ لەم دیدارانەدا کە درێژەپێدەری گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکانی 19-12-2023ی ئەنقەرەیە، هەڵوێستی هاوبەش لە بەرانبەر پێشهاتە هەرێمییەکان و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بوارە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کران.
هەروەها بڕیاردراوە کارەکان چڕ بکرێنەوە لەپێناو داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ بوونیاتنانی چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکی بەردەوام و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە بڕیاردرا بە دامەزراندنی لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر، پەرەدان بە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندرووستی و گواستنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: جەخت لە گرنگیدانی هەردوولا بە یەکێتیی سیاسیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێراق کرایەوە و تیشک خرایە سەر ئەوەی پەکەکە مەترسیی ئەمنیی بۆ تورکیا و ئێراق درووستکردووە و بوونی ئەم ڕێکخراوە لە خاکی ئێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری ئێراقە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق دەریکردووە لەبارەی ئەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەخەکراوە لە ئێراقدا. هەوروەها جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، لایەنەکان ڕاوێژیان کردووە لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرانبەر پەکەکە و درێژکراوەکانی بۆ بەرگرتن لە بەکارنەهێنانی خاکی ئێراق لە دژی تورکیا.
لە ڕاگەیێندراوەی هاوبەشی گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمنیی ئێراق -تورکیا کە ڕۆژی 19-12-2023 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئێراق پەکەکەی بە مەترسی هاوبەش لە قەڵەمدا. ئەم جارە بۆ یەکەمجار وەک ڕێکخراوی قەدەخەکراو ناساندی.
هەروەها ئەمە یەکەمجارە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئێراق بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیێندرێت، بۆ یەکەمجاریش باس لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە پەکەکە بە بەکارهێنانی خاکی ئێراق، تورکیا دەکاتە ئامانج.[1]