$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 07$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
$هۆکارە سیاسییەکان$
کاتێک دەمانەوێت لەو هۆکارانە بڕوانین، کە ڕۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا بینی، یان ئاسانکارییان بۆ گەیشتنی ئەو ئایینە و سوپای عەرەبی ئیسلامی بۆ کوردستان کرد، ناکرێت هۆکاری سیاسی نەخەینە پێشەوەی کۆی هۆکارەکان و لە ماوەیەکی کەمدا دەستیان بگاتە گوند لەدوای گوند و شار لەدوای شاری کوردستان و داگیری بکەن. یەکەمین لایەنی ئەم هۆکارەش، نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دامەزراوەی کوردی، یان کوردستانی بوو، لەسەر خاکی کوردستان، تا وەک دەوڵەت ڕووبەڕووی سوپای عەرەبە موسڵمانەکان بێتەوە.
واتە کاتێک زنجیرەیەک سوپای یەک لەدوای یەک گەیشتنە دەروازەکانی کوردستان، دەوڵەت و دامەزراوەیەکی کوردستانی نەبوو، ئەو خاکە بەڕێوە ببات و بە سوپایەکی بەهێز و تۆکمەوە، بەرگری لە خەڵک و خاکەکەی بکات. بەپێچەوانەوە، کۆی خاکی کوردستان لەو کاتەدا بەسەر (سێ) زلهێزی سەردەمەکەدا دابەش کرابوو، ئەوانیش هەردوو ئیمپراتۆڕیی (ساسانی و بێزەنتی) و (دەوڵەتی ئەرمەنستان) بوون.
بەشەکانی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان کەوتبوونە ژێر قەڵمڕەوی ئیمپراتۆڕیی ساسانی. هەرچی بەشەکانی باکوور و خۆرئاوای خاکی کوردستانیشە، کەوتبووە ژێر قەڵمڕەوی ئیمپراتۆڕیی بێزەنتی. بەشێکی باکووری خۆرهەڵاتی کوردستانیش، لە بندەستی دەوڵەتی ئەرمەنستاندا بوو. ئەو دۆخەش سەرباری ئەوەی خاکی کوردستانی دابەش کردبوو، کۆمەڵگای کوردەوارییشی دابەش و پەرتەوازە کردبوو، کە کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەیان کارێکی ئەستەم و مەحاڵ بوو.
هەر بۆیە کاتێک سوپای عەرەبی ئیسلامی لە چەند بەرەیەکەوە گەیشتنە سنوورەکانی باشووری کوردستان، لەبری خودی کورد و ئەو دەوڵەتە کوردستانییەی بوونی نەبوو، هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتی ڕووبەڕووی بوونەوە. بەوەش سوپای ئیمپراتۆڕیی ساسانی بووە پارێزەری سنوورەکانی باشووری و سوپای ئیمپراتۆڕیی بێزەنتی بووە پارێزەری سنوورەکانی خۆرئاوای.
لێرەوە کاتێک سوپای عەرەبی ئیسلامی لە باشووری خاکی عێراقی ئێمڕۆوە گەیشتنە باشووری کوردستان، کە هاوکات باشووری خۆرئاوای سنووری ئیمپراتۆڕیی ساسانییش بوو، لەلایەن سوپای ساسانییەکانەوە ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام دوای چەند شەڕێکی لابەلا و یەک لەدوای یەک، ساسانییەکان تێک شکان. ئەو شکستانەش شەڕی (قادسییە)ی لە ساڵی (636ز) بەدوای خۆیدا هێنا. ئەنجامی شەڕەکەش جارێکی تر شکستی سوپای ساسانییەکان و سەرکەوتنی عەرەبە موسڵمانەکان بوو.
بە جۆرێک، سوپای سەرکەوتوو دەستیان گەیشتە شاری (تەیسەفون)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕیی ساسانی و داگیریان کرد. بەو ڕووداوەش، دوایەمین پادشای ساسانی بەناوی (یەزدەگوردی سێیەم) ناچار بوو شارەکە بەرەو ناوچەیەکی نادیار بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە قووڵایی خاکی ئێران بکات.
سوپای عەرەبە موسڵمانەکان لە پێشڕەوەی نەوەستان، تا دەستیان گەیشتە چەند گوند و شارێکی کوردستان، لەوانە شارەکانی (گوڵاڵە و حولوان). هەر بۆیە (میهرانشا)ی سەرۆک وەزیرانی ئیپمپراتۆریی ساسانی، بۆ بەدەستهێنانەوەی ناوچە لەدەستدراوەکانی، سوپا پەرتەوازەکەی کۆ کردەوە و ڕووبەڕووی سوپای موسڵمانەکان بووەوە.
بەوەش شەڕی (نەهاوەند)ی لە ساڵی (641ز) لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەنجامی ئەو شەڕەش نەک تەنیا بە شکستی سوپای ساسانییەکان دوایی هات، بەڵکوو کۆتایی بە ئیمپراتۆڕیی ساسانی هێنا و لە خاکی عێراق و باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان و بەشێکی خاکی ئێران دەرکرا.
هەر بۆیە چیتر کۆسپ لە بەرامبەر سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی نەما، کە دەستی نەگاتە ناوچەکانی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا و بەو پێیەی ئەو ناوچانە، بەشێک بوون لە قەڵمڕەوی ئیمپراتۆڕیی ساسانی، بۆیە بە ڕووخانی ئەو دەوڵەتە، بە ڕووی سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیدا کرانەوە.
هەرچی ناوچەکانی خۆرئاوا و باکووری خاکی کوردستانە، ئەوا دوای زنجیرە سەرکەوتنەکانی سوپای عەرەبی ئیسلامی لە شەڕەکانی (ئەجنادین و یەرمووک)ی خاکی شام لە ساڵی (634ز) و گرتنی شارەکانی (حیمس، دیمەشق، حیما، بەعلەبەک و ڕەقە) دەستیان گەیشتە شارە کوردنشینەکانی (روها، حەڕان، قەنسرین، نوسەیبین، قەرقیسیا، شنگار، میافارقین، ئامەد، ماردین، دارا، ئەرزن، بەدلیس) و گرتیانن. بەو شێوەیەش، بەشێکی زۆری ناوچەکانی خۆرئاوا و باکووری کوردستان بوونە بەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی. بەدوایدا ئایینی ئیسلام لە ڕێگای سوپای عەرەبی ئیسلامییەوە، گەیشتە خەڵکەکەی و شوێنی ئایین و باوەڕەکانی پێشووی گرتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، نابێت ئەوەش لەیاد بکەین، کە ئەگەر لای هەندێک مێژوونووس و توێژەر و نووسەر ئیمپراتۆڕیی ساسانی بە دەسەڵاتێکی کوردی، یان کوردستانی ناسرابێت، کە بۆچوونی ئێمە لەو بوارەدا جیاوازە، ئەوا دیسانەوە بۆچوونەکەی ئێمە هەڵە نەبووە، چونکە بە کەوتنی ئەو دەوڵەتە، خاک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بوونە بەشێک لەو دەوڵەتەی گرەوەی سیاسی و سەربازی لە ساسانییەکان بردەوە، کە ئەویش دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی بوو.
هەر بۆیە بە کەوتنی ساسانییەکان و شکستی بێزەنتییەکان لە خاکی شام و دواتر باکووری کوردستان، دەرفەتی زێڕینیان دایە دەست دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، کە دەستیان بگاتە بەشەکانی باشوور و خۆرهەڵات و خۆرئاوا و باکووری خاکی کوردستان. [1]