$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 06$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان$
گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان، بۆ سەردەمی دووەمین خەلیفەی ڕاشدی (عومەری کوڕی خەتاب) دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان ساڵانی (634-644ز)دا فەرمانڕەوایەتیی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیی کرد. ئەو ڕووداوەش کەوتە دوای دەستبەسەراگرتنی شاری (تەیسەفوون)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕی ساسانی، لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکان لەدوای شەڕی (قادسیە)، بە سەرکردایەتیی (سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس) لە ساڵی (636ز)دا.
یەکەمین شوێنی کوردستانیش کەوتە بەر شاڵاوی ئەو سوپایە و ئایینی ئیسلامی پێ گەیشت، شاری (گوڵاڵە) بوو. ئەو شارەی لەلایەن سوپایەکی (12000) کەسیی عەرەبە موسڵمانەکان بە سەرکردایەتیی (هاشمی کوڕی عوتبە) بۆ ماوەی (هەشت) ڕۆژ گەمارۆ درا، بەڵام شارەکەیان بۆ نەگیرا، تا ناچار بە گفتوگۆ بوون.
سەرەتاش دەستەیەکی ڕیشسپیانی شارەکە هاتنە لای (هاشمی کوڕی عوتبە)، نەک ڕێگا بدەن دەستەیەکی سوپای موسڵمانەکان بە مەبەستی گفتوگۆ بچنە نێو شارەکەیانەوە، تا بەهۆیەوە خاڵی لاوازی گرتنی شارەکە بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن. لە ئەنجامی ئەو دانیشتنەشدا، لەسەر چەند خالێک ڕێک کەوتن. بەپێی ڕێککەوتنەکەشیان، دانیشتوانی (گوڵاڵە) دەروازەی شارەکەیان بە ڕووی سوپای عەرەبە موسڵمانەکاندا بکەنەوە، بەو مەرجەی ئازادی بدەنە خەڵکەکەی، کە باوەڕ بە ئایینی ئیسلام دەهێنن یان نا؟ ئەوانەی باوەڕیان هێنا ئازاد بن، ئەوانەیشی باوەڕیان نەهێنا باجی جزیە بدەنە سوپاکە و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی.
لە بەرانبەردا، سوپای موسڵمانەکان دەست لە ماڵ و ژیانی کەس نەدەن، بەڵام دوای ئەوەی دەرگای شارەکە کرایەوە و سوپاکە چووە نێو شارەکەوە، بەپێچەوانەی ئەو بەڵێنەی بە ڕیشسپیانی شارەکەیان دابوو، کەوتنە گرتن و کوشتنی ئەوانەی توانای شەڕکردنیان هەبوو و ماوەی (هەشت) ڕۆژ کۆسپیان خستبووە بەردەم سوپاکەیان، تا شارەکە بگرن. هەروەها کەوتنە بردنی ئەو کچ و ژنانەی چاوی سەربازەکانی سوپاکەیان چووە سەر. بەهۆی ئەوەشەوە ناوی شارەکە بە (جلولاء) چووە تۆمارەکانی مێژووی ئیسلامەوە، چونکە بەڵایەک بەسەر شارەکەدا هات، پێشتر بەسەری نەهاتبوو!
بە گرتنی شاری (گوڵاڵە)ش، ئایینی ئیسلام گەیشتە کوردستان و نەتەوەی کورد، بەدوای ئەوەش هەر خودی (هاشم کوڕی عوتبە) شارەکانی (بەندەنیج- مەندەلی)، (داقووقا- داقووق)، (باگرمی-کەرکووک)، (خانیجار- قەرەهەنجیر)ی لە ساڵی (637ز) گرت. (جەیری کوڕی عەبدوڵڵای بەجەلی)ش شارەکانی (حولوان و کرماشان)ی لە هەمان ساڵدا گرت. سوپایەکیش بە سەرکردایەتیی (بەرائی کوڕی مالیک) لە ساڵی (638ز) شاری (تستەر)ی هەرێمی خوزستانی گرت، کە بە شارێکی کوردان ناسرابوو.
هەمان ساڵ (زراری کوڕی خەتاب فەهری)ش دەستی بەسەر ناوچەی لۆڕستاندا گرت. (ئەبوو مووسای ئەشعەری) والیی بەسرەش سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (نوعمانی کوڕی زی موقرن) ناردە سەر ناوچەی (دینەوەر). دوای ئەوەشی سوپاکە شاری (حولوان)ی بڕی، بەرەو شاری (دینەوەر) بەڕێ کەوت، بەڵام لە دەروازەی شارەکەدا ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سەختی دانیشتوانی شارەکە بووەوە. ئەوەش گرتنی شارەکەی بۆ (پێنج) ڕۆژ دوا خست.
لەلایەکی دیکەوە (سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس)ی فەرماندەی شەڕی قادسییە (عەیازی کوڕی غەنەم)ی ڕاسپارد، ڕوو لە هەرێمەکانی چیا و جزیرە بکات. سەرەتاش سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (عەمری کوڕی عەزەی کوڕی قەیس) ڕەوانەی ناوچەی شارەزوور و هەورامان کرد. (عەمر)یش دوای بەرەنگاریی سەختی دانیشتوانی شارەزوور، سەرکەوتنێکی وەهای بەدەست نەهێنا.
دواتر سوپای سێیەم بە سەرکردایەتیی (ئەبا عوبەیدەی ئەنساری) ڕووی کردە ناوچەکە. ئەو سوپایەش دوای گرتنی شاری (سیروان)، بە کوژرانی (ئەبا عوبەیدە) کۆتایی هات، کاتێک لە دامێنی چیای شنرۆی و لەو شوێنەی ئێستا بە گوندی (عەبابەیلێ) ناسراوە، کوژرا و هەر لەوێش بەخاک سپێردرا. بەوەش گوندێک ب ەناوی (ئەباعوبەیدە)، کە دواتر بووە (عەبابەیلێ) ناسرا، ئاوەدان بووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شاڵاوێکی دیکەی عەرەبە موسڵمانەکان بە سەرکردایەتیی (عوتبەی کوڕی فەرقەد) بە ئاڕاستەی شارەکانی (تکریت) و (ئەربێلا- هەولێر) و (شێخان، زرێبار، زاخۆ) ڕۆیشت و دەستی بەسەر ئەو شار و ناوچانەدا گرت. (عەبدوڵڵای کوری مەکتووم)یش بە سوپایەکەوە گەمارۆی شاری (مووسڵ)ی دا و دوای گەمارۆیەکی توند و کردنەوەی دەرگای شارەکە لەلایەن عەرەبە نیشتەجێیبووەکانی شارەکەوە، (مووسڵ) کەوتە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەکان. سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە گرتنی شاری (مووسڵ)دا، هەر سەربازێکی عەرەبی ئیسلامی (سێ هەزار) درهەمی بەرکەوتووە.
پێوەند بە ناوچەکانی باکوور و خۆراوای کوردستانیش، کە بە (هەرێمی جزیرە) ناسرابوو، بە فەرماندەیی (عەیازی کوڕی غەنەم) لە ساڵی (638ز) شارەکانی (زۆزان، بازبدی، قردا، نوسەیبین، تورعابیدت، حوسن کێف، ئامەد)ی گرت. ئەو شاڵاوانەش بە هاوکاریی چەند فەرماندەیەکی سوپاکەی بە ئەنجام گەیشت، کە هەریەک لە (سوهەیای کوڕی عودەی، عەبدوڵڵای کوڕی عوتبان، عوقبەی کوڕی وەلید) بوو.
(سوهەیای کوڕی عودەی) شار و ناوچەی (ئورفە) گرت. (عەبدوڵڵای کوڕی عوتبان)یش شاری (نوسەیبین)ی دوای شەڕ و کوشتارێکی زۆر داگیر کرد. (عوقبەی کوڕی وەلید) شاری (جزیرە) و دەوروبەری، هەروەها شاری (عین ئەلوەرد)یشی گرت. هەموو ئەو شارانەش دوای بەرەنگاربوونەوەی دانیشتوانی شارەکان دەستیان بەسەردا گیرا، نەک بە ئاشتی و پێشوازیکردن لەو سوپایانە. هەروەها گرتنی شارەکانی (ورمێ، خۆی، سەڵماس) کەوتنە ساڵی (638ز) و لەلایەن (عوتبەی کوڕی فەرقەد)ەوە دەستیان بەسەردا گیرا.
دوای ئەوەیشی سوپای عەرەبە موسڵمانەکان بە سەرکردایەتیی (نوعمانی کوڕی زی موقرن) لە (نەهاوەند) و لە ساڵی (642ز) ڕووبەڕووی سوپای ئیمپراتۆڕی ساسانی بوونەوە و کۆتایی بەو دەوڵەتە هات. ئەوەش دەرفەتی دایە سوپای عەرەبە موسڵمانەکان دەستیان بگاتە ئەو شار و ناوچانەی پێشتر دەستیان پێ نەگەیشتبوو، لەوانە شاری (هەمەدان)، کە شار و پێگەیەکی گرنگی کوردانی سەردەمەکە بوو، ساڵی (642ز) دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها ناوچەی شارەزووریش بەتەواوی دوای ئەو شەڕە کەوتە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەکان.
کەوتنی شارەکانی (فسا، دارابگرد)ی هەرێمی فارسیش لە ساڵی (644ز)و لەلایەن (ساریەی کوڕی زەنیمی کنانی) دەستی بەسەردا گیرا. کەوتنی هەرێمەکانی (ئازەربایجان و ئاران) و ئەو شارانەی تا ئەوکات نەکەوتبوونە دەست سوپای عەرەبە موسڵمانەکان، کەوتنە دوای ساڵی (645ز). هەموو ئەمانەش پیمان دەڵێن، دەستبەرسەرداگرتنی خاکی کوردستان لەلایەن سوپای عەرەبی ئیسلامی، چەندین ساڵی خایاند و چەندین فەرماندە و سەرکردەی عەرەبی بەشدارییان تێدا کرد. تەنانەت لە چەندین شار و ناوچەش بەرەنگاریی سەخت ڕووی دا و هەزاران کوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ کەوتەوە، تا ئەوەی چەندین سەرکردەی شاڵاوەکانیش لەو شەڕانەدا کوژران. [1]