$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 01$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد لە تۆماری ئاییناس و زمانناس و ئەدیبە عەرەب و موسڵمانەکاندا$
پۆلێکی تر لەوانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان و کەم تا زۆر ئاوڕیان لە کورد و خاکەکەی داوەتەوە، ئاییناس و زمانناس و ئەدیبە عەرەب و موسڵمانەکان بوون، واتا ئەوانەی بەرهەمەکانیان یان بەشێکی بەرهەمەکانیان بۆ باسی ئایین و مێژوو و باوەڕ و چەندین لایەنی زمانەوانی تەرخان کردووە.
لەنێو ئەوانیشدا، ئاییناسەکان بە پلە یەک دێن، کاتێک لەنێو باسەکانیاندا هەندێک ئاماژە بە ئایین و باوەڕی سەردەمەکەیان کردووە. لەم بوارەدا (بەغدای/429ک-1037ز) وەک ئایینناسێکی عەرەبی و ئیسلامی لەسەر ڕێبازی سوننە، لەو بەرهەمەیدا بۆ کۆمەڵە ئایینییەکان و لەنێونیاندا کۆمەڵە ئیسلامییەکان تەرخانی کردوون، هیچ ئاماژەیەکی بە کورد و باوەڕ لە کوردستان و بوونی کەسایەتییەکی کورد لە دامەزراندنی یەکێک لە ئایین و ئایینزاکانی مێژوو نەکردووە. تەنانەت (ئایینی زەردەشتی) لە ڕیزبەندی ئایینە دووانەپەرەستی و شەیتانپەرەستەکان تۆمار کردووە! ئایینی ئێزدیشی بە ناوی (یەزیدی) و وەک لقێکی دەرچوو لە ئایینی ئیسلام پێناسە کردووە، کە لە هەردوو تێڕوانینەکەدا بەهەڵەدا چووە!
(ئیبن حەزم/456ک/ 1064ز)یش وەک ئایینناسێکی ئەندەلووسی و لەو بەرهەمەی بۆ مێژووی ئایین و ئایینزاکان و باوەڕی ئایینی بە ناوی (الملل والاهواء والنحل) دایناوە، سەرباری بایەخی بە تۆماری مێژووی ئایین و ئایینزا و باوەڕ و کەسایەتییەکانی مێژوو، هیچ ئاماژەیەکی بە ئایین و باوەڕی کورد نەکردووە.
لە باسی ئایینەکانی (میترایی، زەردەشتی، مانی، مەزدەک)یشدا، مێژووی ئەوانی بۆ فارسەکان گێڕاوەتەوە! لەکاتێکدا جگە لە (مەزدەکی کوڕی بامداد)ی پەیامبەری ئایینی مەزدەکی، هیچ یەک لە (زەردەشت کوڕی پورشاسپ) پەپامبەری ئایینی زەردەشتی و (مانی کوڕی پاتک) پەیامبەری ئایینی مانی، فارس نەبوون و لە مەڵبەندی فارسەکانیشەوە دەرنەکەوتوون.
(ئەلشەهرستانی/548ک- 1153ز)یش وەک ئایینناسێکی دیکە کە دوای (ئیبن حەزم) سەرقاڵی هەمان بوار بووە، لە پەڕتووکی (الملل والنحل) سەرباری ئەوەی وەک (ئیبن حەزم) ئایینەکانی (زەردەشتی، مانی، مەزدەکی) بە (دوانەپەرەست) پێناسە کردووە و بۆ فارسەکانی گێڕاوەتەوە، (ئایینی ئێزدی) بە (یەزیدی) تۆمار کردووە و وەک لقێکی کۆمەڵەی خەواریج لێی ڕوانیوە، مێژووی ئایینەکەشی بۆ (یەزیدی کوڕی ئەنیسە) گێڕاوەتەوە، کە ئەوەش هەڵەیەکی گەورەی بەرهەمەکەی بووە.
(فەخرەئەددینی ڕازی/606ک- 1310ز)ش وەک ئایینناسێک لە پەڕتووکی (اعتقادات فرق المسلمین والمشرکین) سەرباری ئاماژەدان بە ئایینەکانی (زەردەشتی، مانی، مەزدەک) و ناساندنیان وەک (سێ) ئایینی دووانەپەرەستی، ڕیشەی ئایینەکانی بۆ فارسەکان گێڕاوەتەوە، لەکاتێکدا وەک ئاماژەمان پێ دا، جگە لە ئایینی (مەزدەکی) (دوو) ئایینەکەی دیکە فارسی نەبوون، (زەردەشتی) ئایینێکی کۆنی کوردستانی بووە و (مانی)ش ئایینێکی بابلی و ئێڕاقی بووە، تا ئێرانی و فارسی.
لەنێو زمانناسەکانیش (ئین مەنزوور/711ک-1311ز)، لە بەرهەمەکەیدا (لسان العرب)، کوردی وەکوو کۆمەڵێکی سەربەخۆ و دیار باس کردووە، بەوەی پاشکۆی هیچ پێکهاتە و کۆمەڵ و ڕەچەڵەکێکی تر نەبووە. ئەوەش وەک زمانەوانێکی عەرەب کارێکی کەمبایەخ نەبووە (کورد) وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ بناسێنێت و ڕیشە و نەژادی بۆ هیچ پێکهاتەیەکی تر نەباتەوە.
(ئیبن دورەید/321ک-933ز)ش لە بەرهەمێکیدا بە ناوی (جمهرە اللغە) باسی ڕەچەڵەکی کورد کردووە و ڕیشەی کوردەکانیشی بۆ (کورد کوڕی عومەر کوڕی مەزیقیا کوڕی عامر کوڕی مائەلسما) گێڕاوەتەوە. مەبەستی ئەویش لە گێڕانەوەی کورد بۆ ئەو بنەچەیە، لە مێژووەکەی نەبووە، بەڵکوو لە هاوشێوەی ناوی (کورد) و (کوردی کوڕی عومرۆ) بووە، کە لە بنەماڵەی لەخمی عەرەبی بووە لە باشووری ئێڕاق.
ئەو بنەماڵەیەی لەلایەن (عومرۆی کوڕی عودەی کوڕی نەسری کوڕی ڕەبیعەی لەخمی/268- 328ز)و دوای کۆچی دوایی (جوذیمه)ی خاڵی لە بەری باشووری خۆراوای ئێڕاقی ئیمڕۆ گەیشتنە دەسەڵات و (میرنشینی مەنازیرە)ی عەرەبی دامەزراند. خودی میرنشینەکەش تا سەرەتای سەدەی حەوتەمی زایینی بەردەوام و پایتەختەکەشی شاری (حیرە) بوو. هەر بۆیە مێژوو و ڕەچەڵەکی (کورد) زۆر لەو بنەماڵە و دەوڵەتە کۆنترە. ئەم هەڵەیەش بەسەر (فەیروز ئابادی/817ک-1414ز)دا تێپەیوە. لە ئاماژەیەکی تریشدا (فەیروز ئابادی) عەرەبە قەحتانییەکانی بۆ کورد گێڕاوەتەوە، بەڵام وەک ڕیشەی کورد نا، بەڵکوو وەک نەوەی (کوردی کوڕی عومەر)، کە ئەوەش هەڵەیەکی تر بووە.
لەنێو ئەدیب و نووسەران و ئەوانەی لە دەرگای ئەدەبەوە ئاوڕیان لە مێژووی کۆمەڵ و نەتەوە و گەلەکان داوەتەوە، (ئیسفەهانی/280ک/883ز)یە. ئیسفەهانی لە بەرهەمەکەیدا (الاغانی) تەنیا دوو جار ناوی کوردی هێناوە. جاری یەکەم دەیلەمییەکانی بە کوردەکانی تەبەرستان ناو بردووە. جاری دووەم عەرەبەکانی بە کوردەکانی سوورستان زانیوە. لەکاتێکدا هیچیان کورد نەبوون.
(ئیبن عەبدولڕەبە/328ک/ 939ز)ش وەک هۆنەر و ئەدیبێکی ئەندەلووسی لە بەرهەمەکەیدا (العقد الفرید) لە چەند شوێنێکدا ئاماژەی بە (کورد) داوە. یەکێک لەو ئاماژانە باسکردنی ڕیشەی کورد بووە لەنێوان عەرەب و فارسەکاندا، بەوەی هەریەک لەو (دوو) نەتەوەیە کوردیان بۆ ڕیشەی خۆیان گێڕاوەتەوە. هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێک لێکچوونی نێوان کورد و عەرەبەکان کردووە. هەر لە خەسڵەت و کولتوور و فەرهەنگەوە، تا بە ئایین و لایەنی کۆمەڵایەتی دەگات.
(ئیبنولنەدیم/383ک- 913ز) لەگەڵ ئەوەی خاوەنی پەڕتووکی (الفهرست)ە، بەڵام جگە لە ئاماژەدان بە چەند مەڵبەندێکی وەک (شارەزوور، جزیرە، هەمەدان)، هیچ ئاماژەیەکی بە کوردبوونی ئەو مەڵبەندانە و کەسایەتییە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد نەکردووە.
لە کۆی ئەو تۆمارانە و دەیان و سەدان تۆماری تری ئایینناس و زمانەوان و ئەدیب و هۆنەری عەرەبی و ئیسلامی، کە کورتەیەکیمان هەڵبژارد، گەیشتینە ئەوەی، کە کورد وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای دەوڵەتانی خەلافەتی ئیسلامی و دەرەوەشی، لەپاڵ مەڵبەند و ناوچە و هەرێمە کوردنشینەکان، کەم تا زۆر جێگایەکی تایبەتیان لە بەرهەمەکانی ئەواندا داگیر کردووە. ئەوەش لە لایەک بۆ بایەخی ئەو مەڵبەند و ناوچە و هەرێمە کوردنشینە گەڕاوەتەوە، کە تا ئاستێک پێگە و ڕۆڵی خۆیان لەسەر مەڵبەند و ناوچەکەیان و ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسی و ئایینی و کارگێڕی و ئابوورییەکان هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە بۆ ویست و ئارەزوو و تامەزرۆی ئەوان، کە هەوڵیان داوە (کورد) وەک پێکهاتەیەکی ئەو دەوڵەتانە بناسن. دیارە پەراوێزخستنی ڕۆڵی کورد و مەڵبەندەکانیان لە ڕووداوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و قۆناغی مێژووی ئیسلامیدا، کارێکی ناتەواو بووە، هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئەوانیش بۆ ناتەواوبوونی بەرهەمەکانیان لە ئاماژەدان بە کورد و ڕۆڵ و پێگەیان خۆیان دوورەپەرێز نەگرتووە. [1]