شۆڕشگێڕی کورد، ئەندازیار، وێنەکیش و چیرۆکنووس فەرهاد کورتای بۆ ئەوەی هەڤاڵەکانی فێری نووسینی کوردی بکات لە قاوشی زیندانی #ئامەد#دا هەوڵی بەردەوامی دەدات.
فەرهاد کورتای ساڵی 1949 لە گوندی خوسرێ لە ناوچەی قۆسەری مێردین لە دایکبووە. قۆسەر سەدان ساڵە لانکەیەکی خوێندن و ناوەندەکانی خۆێندن بووە، یەکێک لەو ناوچانەیە، کە بە پاراوترین و جوانتری شێوە بە کرمانجی قسەی تیادا دەکرێت. بێگومان ئەوە بە ڕێککەوت نییە، کە چەندین کەسایەتیی هێژای ئەدەب و وێژەی کورد خەڵکی ئەو ناوچەیەن. حەسەن کورتای باوکی فەرهاد کورتای یەکێک لە وڵاتپارێزە ناسراوەکانی ناوچەکەی خۆیان بوو، مەلایەک بوو کە خوێندنی خوێندنگەکانی تەواو کردبوو. مەلا حەسەن دوای لە دایکبوونی فەرهادا لەگەڵ 3 کوڕ و 2 کچەکەیدا کۆچ دەکات بۆ ناوەندی قۆسەر. مەلا حەسەن مەلایی دەخاتە لایەکەوە و دەست بە بازرگانی دەکات. قورسایی دەخاتە سەر پەروەردەکردنی منداڵەکانی. ماوەیەک فەرهاد دەنێرێت بۆ لای مامەکەی لە گوند تاوەکو پەروەردەی ئایینی ببینێت. دوای ئەوانە فەرهاد کورتای خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قۆسەر تەواو کرد.
فەرهاد کورتای ساڵی 1977 بووە شۆڕشگێڕێکی پرۆفیشناڵ و لێهاتوو و بەشداری بزووتنەوەی ئاپۆیی بوو. لە مێردین دەستی بەکاری ڕێکخستن کرد. لە 27-11-1978 لە گوندی فیس لە ناوچەی لیجەی ئامەد بەشداریی کۆنگرەی دامەزراندنی حیزب بوو. ناوی حیزب کە 'کوردستان ئیشچی پارتیسی' ی بۆ دانرا، لەلایەن فەرهاد کورتاییەوە کرا بە کوردی و ناوی حیزبەکە بوو بە 'پارتیا کارکەرێن کوردستان (#پەکەکە#)'. فەرهاد کورتای زۆر خاکی بوو. خوشکەکەی باسی ئازار و ژانێکی دەکات و دەڵێت:
کاتێک بەشداری پارتی بوو، هاوسەرەکەی دوگیان بوو، بەڵام فەرهاد ئاگادار نەبوو. منداڵەکەیان زوو لە دایکبوو بوو، کۆرپەکە لەسەرە مەرگدا بوو، لەو کاتەیا مەلا داودی برام هەستا و وتی 'من ئەو منداڵە دەبەم بۆ دکتۆر بۆ ئەوەی چاک بێتەوە و ئارامی و ئاسوودەیی بگرێت'. کۆرپەکەی برد بۆ ئامەد. کۆرپەکە لە لە ڕێگەی ئامەد و پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، بێگومان ئێمە هەموومان زۆر پێی بێتاقەت بووین.
فەرهاد لە کاتی دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆی و سەرباری ئەوەی لە هەموو شوێنێکدا بە دوایدا دەگەڕان، ڕۆژێک هاتەوە بۆ ماڵەوە. دایکی کە لەگەڵی دانیشتبوو دەستیکرد بە گریان. فەرهاد وتی 'تۆ بۆ ئەگریت؟ لە خۆشیا دەگریت؟'. دایکی وتی، 'خودا کوڕێکی پێدایت، بەڵام ئێمە نەمانتوانی ڕزگاری بکەین، لەبەر ئەوە دەگریم'. فەرهاد قەت ورەی بەرنەدا و فرمێسکیش بە چاویدا نەهاتە خوارەوە و هەرگیز ئەو ساتەم لە بیر ناچێت کە وتی 'دایە خۆت بێتاقەت مەکە، ئەم گەلە ژمارەیەکی زۆر منداڵی هەیە'. ئیتر ئەوە دوایین جار بوو کە هاتەوە بۆ ماڵەوە.
فەرهاد کورتای لەو کاتەدا تەمەنی 33 ساڵ بوو. لە 18-05-1982 لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا محەمەد زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر، کە لە هەمان کاتدا شاگردی وانەی کوردیی کورتای بوون جەستەی خۆیان دایە بەر ئاگر. ئەو ئیدی مامۆستای زیندانی ئامەدە.[1]