دەقی پەیامەکەی ڕێواز فایەق:
پەیامی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک #مام جەلال#
لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، سەرکردەی ناوازە و ڕابەری گەورەی گەلەکەمان، سەری ڕێز و وەفا دائەنەوێنین و بە چەپکەگوڵی شکۆ و شانازییەوە ئەم یادەوەرییە بە بەرزی ڕائەگرین و بە دەرفەتیشی ئەزانین کە ڕوانگەی سەرۆک بۆ دەسپێشخەریی ئازایانە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و حیکمەتی دانسقەیان لە لێکترنزیککردنەوەی ڕەوت و لایەنە سیاسییە جیاواز و دژبەرەکان بە بیری ڕای گشتیی عێراق و کوردستان بهێنینەوە.
لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە پابەندیی خۆمان بە ڕێباز و فەلسەفەی میانڕەوانەی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە و ئیلهام لە دانایی و لێهاتووییان لە کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانی ژیانی سیاسی و گشتیدا وەرئەگرین.
سەرۆک مام جەلال ڕاستگۆیانە دیالۆگی بونیادنەرانەی وەک گونجاوترین بژاردە پیادە ئەکرد و ڕەگەز و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆی بەکردەوە فەراهەم ئەکرد، لە ڕێگەی لەخۆبووردوویی، بەرجەستەکردنی پرەنسیپی سازشکردن لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان و یەکلاییکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بە سازان و چەمکی چەپکەگوڵەکە.
هاوکات ئەو بوێرییەی کە لە قبووڵکردنی ڕەخنە و پێویستیی بەخۆداچوونەوە و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پشتیوانیی داخوازییەکانی ژنان کە لای مام هەبوو، هێندە کەم وێنەیە کە دووبارەبوونەوەی تەواو ئەستەمە و کەلێنێکە هەرگیز پڕ نابێتەوە.
هەر بەرز و شکۆدار بێت یاد و یادەوەریی سەرۆک مام جەلال.
د. ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
2022/10/3[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!