بەڕێوەبەری ناحیە: کاکەخان نەسرەدین ڕووبەر: 474کم دووجا گوند: 26 باری ڕووی زەوی: دەشت: 35% گرد: 64،5 چیا:0،5 ناحیەی تەق تەق، یەکێکە لەشارۆچکە خۆشو دڵگیرەکانی دەڤەری باکووری خۆرهەڵاتی کەرکووک و سەر بە قەزای کۆیە.، گەر گرنگی پێبدرێ دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری بەتایبەتی کەناری زێیەکە. کەوتووەتە باکووری خۆرهەڵاتی شاری کەرکووک بەدووری 57 کم و سەر بەباژێری کۆییەو کەوتووەتە باشووریەوە بەدووری 23کم، و کەلەناری خۆرئاوای زێی بچووکە. بەهۆی گرنگی هەڵکەوتەی شوێنەکەی و پردەکەیەوە بووەتە ڕایەڵەی بەیەک گەیاندنی ناوچەکانی کەرکووک و کۆیە و پشدەر بیتوێن و قەڵادزێ تا سەر سنوور گرنگیەی تری ئەم شارۆچکەیە ئەوەیە بووەتە خاڵی یەکتر بڕو تێکەڵ بوونی شێوە ئاخاوتنەکانی هەولێری و کەرکووکی و سلێمانی و کۆیی و لوڕییەکانی خۆرئاوای تەق تەق شێوە ئاخاوتنێکی تایبەت بە دانیشتوانی تەق تەقییان، پێکهێناوە، دەکرێ ناوی لێبنرێت پەلکە زێڕینەی زمانی کوردی. لەبەر ئەوەی ئەم شارۆچکەیە پێشترو لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بووە، بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی عەرەب و سەر بەڕژێمەکان بوونە، هیچ گرنگیان پێ نەداوە، بەتایبەتی لە کاتی ڕژێمی بەعس، بێبەش بووە لە بچووکترین خزمەتگوزاری، لێ لەساڵی دووهەزارو قۆناغی 2005 بەتایبەتی لەهەموو بوارەکانی هەنگاوی باش نراوە بۆ پێشکەوتن و گەشە کردنی. گەڕەکەکانی تەق تەق: ڕزگاری، سەربەستی، ڕووناکی، شەهیدان، گۆڕقەرەج، بەخیتاری، ئاشتی، ژمارەی دانیشتوانەکەیشی پتر لە 16000 کەسە، و26 (ماڵپەری پارێزگای هەولێر) گوندی بەسەرەوەیە، گرنگترین و گەورەترینیان هەردووگوندی ئیلنجاغ و باغەجنێرە. مێژووی دامەزراندنی تەق تەق، وەکو گوند نەزانراوە، شیمانە دەکرێ وەکو زۆربەی گوندەکانی تری کوردستان لە سەدەکانی پانزەو شانزەو بەتایبەتی لەکاتی حوکمڕانی عوسمانییەکان لەژیانی کۆچەرییەوە بووین بە گوندنشین و بەر لەساڵی 1900 تەنها فەرمانگەیەکی گومرکی باج کۆکردنەوەی لێبووە بۆگومرک کردنی بەروبوومی کشتوکاڵی وەک توتن و خەڵووزو دانەوێڵەو ئاژەڵی زیندو. مێژووی بەشارۆچکە بوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی سەدەی بیستەم، بەریتانیەکان پێش ئەوەی عێراق داگیرکەن لەڕێی سیخوڕەکانیاوە ڕووپێوێکی ناوچەکانی عێراق دەکەن، لەپاش لێکۆڵینەوەی زۆر بۆیان دەردەکەوێت. ئەوەبوولەپاش بەباژێری کردنی کۆیە، لەرێکەوتی 111919 دەکرێ بەشارۆچکە و مەلا حەوێزئاغای غەفووری کراوە بەرێوەبەری ناحیە، سەرەتا تەنها بەڕێوەبەرایەتی ناحیەو بنکەیەکی پۆلیسی لێ دەبێ دواتر یەکە کارگێڕییەکانی تر دێنە دامەزراندن و لەپاش شۆڕشی 14 ی تەموزی 1958 سەرۆکایەتی شارەوانی لێ دادەمەزرێنن. ناوی تەق تەق لەکاتی دروستبوونی گوندەکە چەندین ماڵ لە چەندین تیرەو هۆزێکی جیاوازەوە هاتوون و هەرکەیان دوور لەیەکتر و هەرکەسێ بۆ خۆی تاک تاک خانوو دروست دەکەن، پێیان گوتوون تاک تاک، لەپاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و لەیەکەم سەرژمێری و ناونووسیندا، لەبەر ئەوەی ناونووس و سەرژمێرەکان عەرەب بوونە لەجیاتی ئەوەی بنووسن تاک تاک نووسیویانە(گ ق گاق)و لەزمانی کوردیش وشەی(تاق) هەیە. ئاراس عومەر فەتحوڵلا ناسراو بە ئاراس ئیلنجاغی نووسەرو ڕاگەیاندنکار ونووسەری کتێبی (تەق تەق پەلکە زێڕینەی کەناری زێی بچووک) لەبارەی ناوی تەق تەق لەچیەوە هاتووە و چ مانایەک دەبەخشێ، ووتی: بیرو بۆ چوون و باڵۆرەی جیاواز هەیە لە بارەی ناوەکیەوە دیارترینیان چیرۆکێکی کۆنی ئەفسانە ئاسانە هەیە باس لە لافاوێکی زێی بچووک دەکات چۆن گوندی کەڵەکچنی بردووە، و دانیشتوانەکەی ئاوارەی گوندەکان قەرەناو و جگیلەو کانی ڕەش و تەق تەقی ئیمڕۆ دەبن، دیارترین کەسایەتی ناو چیرۆکەکە (نەنە حەلومەیە) پیرەژنێکی بەساڵاچووی ئازابووە، لافاوەکە هێناویەتی و لە کەندڕێک گیرساوەتەوەو پێی دەڵێن: کەندڕی نەنە حەلومە، ئەو کەندڕە ئیستا لەنێوان هەردوو بینای لقی کشتوکاڵی وئۆرزدی تەق تەقە، وتاکو ئەمڕۆش دەگێڕنەوەو دەڵێن: نەنە حەلومە وتوویەتی : ئەوە چی بوو تەقەتەقی بەرد کاسی کردین، گوایە ناوی تەق تەق لەو قسەیەی نەنە حەلومەوە هاتووە. لەبارەی مێژووی دروست کردنی پردەکەشەوە وتی: لە ساڵی 1954 لەلایەن کۆمپانیایەکی عەرەبی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی سەردەمی (مەلیک فەیسەڵ) ی بچووک ڕووپێوێکی ناوچەی تەق تەق دەکەن و دواتر لەلایەن کۆمپانیای (بیتۆن مونیر باو)ی ئەڵمانی بە بڕی 750000 دینار دروست کردنەکەی جێبەجێ دەکات، پردەکە لە دوانزە دینگە پێکهاتووە، و بەچواردە کەوانەی کەمەرەییەوە بەیەکەوە گرێدراوە. لە 111958 وبە ئامادەبوونی: د. فەخری دەباغ مەحمود زیاد ئاغا، عەلی مەولود (یاریدەری بنکەی پۆلیسی کۆیە، هادی ڕەشید چاوشلی قایمقامی کۆیە، شەفیق سابیر کاکە زیاد ئاغا، حاکم بایز ئاغای دزەیی، سوعاد تاڵەبانی (بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق)، عەبدولمەجید حاجی مەلا تۆفیق مستەفا بەگ، نوێنەری موتەسەریفی کەرکووک، ئەندازیار مەجید عومەر و لە ئاهەنگێکدا پردی تەق تەق دەکرێتەوە. بەزۆری هۆزەکانی شێخ بزێنی و شوان وساڵەیی لێرە نیشتەجێن و لە ساڵانی 1949-1952 دوو خێزانی جوولەکەی لێ بووە،(عەزرە) قەڕاشی بەڕێوەبەری ناحیە بووە و (خواجە برایم)یش بازرگان و کوتاڵ فرۆش بووە، چەندین خانەوادەی بەڕەگەز عەرەبی لێیە وەک: کاکەڕەش، حاجی تەللوب، عەبد جاسم، کە کاریان کەڵەکەوانی بووە، بەکەڵەک و لەزێی بچووکەوە بەروبوومی کشتوکاڵیان بردووە بۆ بەغدا.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 27,731 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!