عەقڵی سەلەفی بۆچی ڕقی لە دیموکراسییە؟
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
دونیای ئیسلامی بەتایبەتی باڵە سەلەفییەکەی ئەو دونیایە کە زۆرینەیەتی زۆر ڕقی لە دیموکراسی دەبێتەوە، پێی وایە کە سیستمێکی نالەبار و نەگونجاوە بۆ حوکم و سیاسەت و حوکمڕانی، بەبێ ئەوەی بتوانن بەدیلێکی باشتر بۆ دیموکراسی و مەدەنییەتەکەی پێشنیار بکەن دێن بەڕاست و چەپ لە پرینسپڵ و مەبادیئەکانی دەدەن تاڕادەی تەحریمیش دەڕۆن لەگەڵی.ئەوان پێیان وایە دەبێت خوا حوکم بکات، کەلێشیان دەپرسیت چۆن لاڵ دەبن چونکە باوەڕیان بە تەئویل و مەجاز نییە. زۆرجار لای هەندێکیان خوا دەبێتە هەمان ئەو حەز و ویستە ئیستیبداییە نەخۆشەی نێو ناخی خۆیان و دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە مومارەسەی بکەن: أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ وَأَضَلَّهُ اللَّهُ هەندێکی دیکەیان کە نەرمترن پێیان وایە خیلافەت و شورای ئیسلامی بەدیلە، بەڵام نازانین مەبەستیان لە کامە جۆر لە خیلافەت و شورایە، ئەوەی محەمەدی شەشەم لە مەغریب کە پەیڕەوی لێدەکات، یان ئەوەی لای ویلایەتی فەقێی ئایەتوڵاکانی ئێران ئەمڕۆ هەیە؟ نازانرێ چاویان لە نموونەیەکی وەک ئەوەی سعودیەیە، یان ئەوەی ئەبوبەکر بەغدای لە موسڵ ئاوای کرد. ڕیشەکانی کێشەی عەقڵی سەلەفی لەگەڵ دیموکراسیدا زۆر لەرزۆکن، بە جۆرێک بێ قەرارن دێن پرسیار لە حەرام و حەڵاڵ بوونی دەکەن، ئەم قسەیەیان دەقیق وەک پرسیارکردنە لەحەرام و حەڵاڵ بوونی پەنسلین و ئینسولین و سواربوونی فڕۆکە بۆ گەشتکردن.
کە بەشوێن ئەم باسەدا چووم ڕیشەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕقەم بۆ دەرکەوت لە دیموکراسی حوکمی گەل. دیموکراسی باسێکی سەر بە دەوڵەت شارەکانی یۆنانی کۆنە، یەکێکە لە گرنگترین داهێنانەکانی ئەرستۆ نەک ئەفڵاتوون. ئەفڵاتوون کەسێکە زیاتر باوەڕی بە دیکتاتۆرییەت و ئیستبدادی حەکیمەکان هەیە، ئەمە بەڕوونی لە پەڕتووکی کۆماردا The Republic هەستی پێدەکرێت.
کاتێک دەوڵەت شارەکانی یۆنان دادەمەزران ئەرستۆ دەستوری ئەساسی بۆ ئەم شارانە دەنووسییەوە و لەچوارچێوەی پەنجا یاسایەکدا ڕێکی دەخستن، دواتر لە فۆڕمی پەڕتووکێکی گەورەی وەک پەڕتووکی سیاسەتدا نووسینیەوە و تیۆرییەکانی دیموکراسی بەتەواوی تێدا جێکەوت کرد. دواتر کەسێکی وەک ڕۆسۆ بۆ کۆنەبوونەوەی حوکمی موتڵەق لەدەستی کەسێکدا هات دەستگاکانی دادوەری و جێبەجێکردن و تەشریعی لێک جیاکردەوە و کردنی بە ڕەقیب بەسەر یەکەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ دیموکراسی ڕێفۆرم دوای ڕیفۆرم دەیەوێت خۆی ئاپدەیت بکاتەوە و بە قەولی کەسێکی وەک وینستن چەرچڵ دەیەوێت هەوڵبدات باشترین خراپی نێو سیستمەکانی بەڕێوەبردن بێت، واتە کەمترین خراپەی هەبێت. سیشتمەکان پێچەوانەی ئایدۆلۆژیاکانن، شەریعەت یا سیستم بەقەولی غەزالی بۆ ڕێگریکردنە لە پێکدادان فصل التخاصم، نەوەک لە زاتی خۆیاندا پیرۆز و گەورە بن، ئەوەندەیە من و تۆ لەشوێنێکدا دەوەستێنن بەرانبەر یەک سنوور نەبەزێنین، لەوە زیاتریان پێناکرێت.
لەدوای بوونی مەئمون بە خەلیفەی عەباسییەکان و کردنەوەی ناوەندێکی فیکری گرنگی وەک دارولحیکمە لە بەغدای عەباسیییەکاندا، حەکیم و فەیلەسوفانی دونیای ئیسلام دەستیان دایە تەرجەمەکردنی یۆنانی کۆن. یەکێک لەو پەڕتووکانەی کە حەکیمانی موسوڵمان وەریاننەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی پەڕتووکەکەی ئەرستۆ بوو:پەڕتووکی دیموکراسی. بەپێچەوانەوە کۆماری ئەفڵاتوونیان وەرگێڕا کە داکۆکی لە ئیستبدادیەت دەکرد و لەگەڵ حەز و ویستەکانی خیلافەت وسەڵتەنەتدا دەهاتەوە. نازانرێت بۆچی سیاسەتی ئەرستۆ وەرنەگێڕدرا! وەرگێڕانی ئەم پەڕتووکە دواکەوت بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و بۆیەکەمجار دامەزراوەیەک لە میسر جورئەتی جوڵا و پەڕتووکەکەی بە عەرەبی چاپکرد. خیلافەتی تاکنەفەری بە جۆرێک برەوی پێدەدرا کە تەنانەت دەقە دینییەکانیشی لەپێناودا دەجەڕێندرا، دەوترێت تەڵاقی سێ بەسێی حیلفی سوێندخواردن بەتەڵاق لەسەردەمی عەبدولمەلیکی کوڕی مەرواندا درووستبووە بە جۆرێک تەڵاقی سێ بەسێی بەخەڵک خستوە کە لە بەیعەت دەرناچن، گەر هاتوو دەرچوون ژنەکانیان لێ حەرام دەبێت، من پێم وایە هەمان ئەم زیهنیەتەی عەبدولمەلیکەکانە ڕێگای بە تەرجەمەکردنی پەڕتووکەکەی ئەرستۆ نەداوە.
پرسیارەکە ئەمەیە دونیای ئیسلام چ بەدیلێکی پێیە بۆ دیموکراسی لە ئێستادا؟ دەتوانێت چ ئەڵتەرناتیڤ و دیدێکی مەدەنی بۆ حوکمڕانی جگە لە دیموکراسی سەرڕێ بخات؟ چ بەدیلێک هەیە تێۆریایەکی موحکەم و بەهێز پشتگێری لێبکات و مافی ۆەس تێیدا نەفەوتێت؟ چ سیستمێکی دینی دەتوانێت گارەنتی ئەوە بدات نەهێڵێت سامان و دەسەڵات لەدەستی کەمینەیەکد قۆرخ بکرێت و کەسیش ڕەقیب نەبێت بەسەریانەوە؟ [1]