دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
لە (70)هەمین ساڵیادی دامەزراندنيدا، بە گەرمى پيرۆزبايى لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم، هيواى سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەواميان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و ڕۆڵێکی کاریگەرە لە خەباتی نیشتمانيدا و یەکێک لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیى و هەمیشە ناوەندێکی ديارى پێگەیاندنی تێکۆشەران بووە لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بوارى مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگيى کوردستاندا.
دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەرلە (70) ساڵ، زادەى هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نەمر و #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا، هەروەها بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.
ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، دەبێ پشتیوانیی زیاتر لە ڕۆڵ و بەشداریی کارايان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.
هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ يەکێتيى ئافرەتانى کوردستان دووپاتدەکەينەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیيان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!