$ئایین لە هەرێمی کوردستاندا(بەشی یەکەم)$
نووسینی: #هیوا مەجید خەلیل#
$1$
ئەوەی کە لێرەدا هەوڵ دەدەم وەک خوێندنەوەیەکی سەرەتای بیخەمەڕو بریتییە لەوەی کە دوژمنی نوێ، واتە توندرەویی ئایینی، بە چەک و ئایدیولۆژیای نوێ سەریهەڵداوە، کە لە هیچ کردەوەیەک سڵمینەوەی نییە، چونکە بارگاویکراوە بە گەیشتن بە خوشییە ئەزەلیەکانی جیهانی تر لەهەمبەر خوشییە شەیتانی و کورتخایەنی ئەم جیهانە کە بە جیهانێکی فانی و تاقیگەی تاقیکردنەوەی تاکی موسڵمان ناوزەدکراوە. بۆ بەرگریکردن لە تەشەنەسەندنی بیرۆکەی جیهاد و کەم زانینی ئایینەکانی تر زۆر پێویستە کە بە ئاشکراو بێ ترس دەقە ئایینیەکان ڕاڤە نوێ بکرێن و سنور بەزاندنەکان بەڕاشکاوی دەست نیشان بکرێن و سنوری ئایین لە کۆمەڵگا و دەوڵەتدا ڕوون ببێتەوە.
ئەوەی کە لە کوردستاندا دەبینرێت ئەوەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ تەفسیری دۆگمایی لە ئایین لە پەرەسەندن دایە و دەستێوەردانی پیاوانی ئایین بەرفراوانتر دەبێت و هەرجۆرە ڕەخنەیەک بەرپەرچ دانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە. تەنانەت دەم نا دەمیش ئەڵقە تەلڤزیۆنیەکانیش دادەخرێن. یا خود لە دوای نزیکەی هەفت دەیە لە وتنەوەی سرودی نیشتمانی دواجار ئەم سرودە دەدرێتە بەر تیغی ئایین و بەسەر حەلاڵ و حەرام دابەشدەکریت و چارەسەرکردنی خودی کێشەکەش نابردرێتە بەردەم دادگا و یاسا وەک باڵاترین هێز لە هەرێم کەچی دەدرێتە بە هەڵنجێنانی ئایین و فەتوا بەسەر دەرکردن!
کەواتە ئەگەر بە دیویتردا خوێندنەوەی ئەم بابەتە بکەین، بۆ نموونە ئەگەر لێژنەی فەتوا سرودی نیشتمانی بە نەشیاو وەسفکربا چی ڕوویدەدا؟ یاخود ئەگەر لێژنەی فەتوا لە ژێر هەژمونی کۆمەڵی ئیسلامیدا بوایە چ جۆرە فەتوایەک دەردەچوو؟ تەنانەت دوای ساخ دەرچوونی ئەم سرودە لە ژێر بێژینگی لێژنەی فەتوا نزیکەی 500 پیاو و کەسایەتی ئایینی ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی لێژنەی فەتوا گرت. با باس لە چەند نموونەیەکی تر بکەین. کاتێک کە لە شاری #کفری# مزگەوتی ”ئازادی” نۆژەنکرایەوە سەلەفییەکان ناویان گۆڕی بۆ ”مزگەوتی تەقوا” و بۆ نۆژەنکردنەوی مزگەوتێک بە هەمان ناو ”ئازادی” لە کۆیە، هەوڵیاندا ناوەکەی بگۆڕن بۆ ”مزگەوتی مەدینە”.
ئەمە نموونەی بەرچاون کە چۆن هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی دانانی ناوی هەست و سۆز ڕاکێش پەرە بە ئایدیۆلۆژیای خۆیان بدەن. کێشەکە لێرەدایە کە نەتەنیا دۆگماتیزمی ئایین لە ناوخودی لایەنگرانی یەک ئاییندا لە بەرز بونەوەدایە، بەڵکوو تەشەنە دەکات لەنێوان لایەنگرانی ئایینە جۆراوجۆرەکانیش، نموونەکانیش لە کۆمەڵگادا بەرچاون. لە هەرێم ئەوەی کە ئەم دۆگماییە بەرفراوانتر دەکات ململانێی لەسەر دەسەڵاتە. ململانێیەک کە لایەنە ئیسلامی و نائیسلامییەکان ئامادەن لەسەر مانەوە لە دەسەڵاتدا یان گەیشتن بە دەسەڵات گشت ئەو مەرجانە قبوڵ بکەن کە لە درێژخایەندا بە زیانی کۆی گشتی کۆمەڵگادا بکەوەێتەوە.
هەر بۆ نموونە نەبوونی یاساییەکی ڕوون کە سنورەکانی دەسەڵات و سنورەکانی ئایین دیار بکات و ترسی لایەنە نائیسلامییەکان لە پشت شکاندنی یەکتر و پەتپەتێنێی چینی ڕؤشنبیریش لەنێوان بەرەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و لایەنگری ڕەها بو ئەم و ئەو، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. تاڕادەیەک کە لەبری گەڕانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەدوای ڕۆشنبیردا، خودی ڕۆشنبیر بووە بە خزمەتکاری دەربەستی ئەم و ئەو (ئاوڕدانەوەیەکی بابەتیانە لە نووسینی زۆرینەی ئەم ڕۆشنبیرانە سەلمێنەری ئەم واقیعەی ڕۆشنبیرانی کوردستانە). یاخود بەشێک لە بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکانی 2011ی بەردەرکی سەرا، هەمان ئەو کەسانە بون کە سرودی نیشتمانیان بە دژە ئایین وەسفکرد.
$2$
لە بیرم دێت دوو ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە ژوورەکانی بینای سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین (کە زانکۆ بەرزترین سەنتەری بەرهەمهێنەری هزرە) لەسەر لاپەڕەیەکی (A4) کە بە دیوار هەڵواسر بوو نووسرابوو (بە نوێژ مەڵێ کارم هەیە… بە کار بڵێ نوێژم هەیە). ئەم جۆرە شرۆڤەیە لە ئایین کە ئامادەیە هەمو سیستەمی بوروکراسی وڵات و کاروباری هاووڵاتی پەک بخات دەبێت هەڵگری چ ئایدیایەک بێت؟ ڕستەیەک کە لەگەڵ هەست و سۆزی باوەڕدار مامەڵە دەکات دۆخێکی وەها وێنا دەکات کە هەر جۆرە ڕەخنە گرتن یان بەرپەرچدانەوەی ئەم دروشمە دەبێتە هۆی گوناهبار بونی مرۆڤ و وەستان لە دژی ئایین تەنانەت پەسەند نەبون لەلایەن کۆمەڵگاوە. ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەم حاڵەتە لە کۆمەڵگای کوردستاندا زۆر قورسترە بە ئاوڕدانەوی لەوەی کە هەر لە قۆناغەکانی منداڵییەوە خۆێندن یان فێرکردن بە بابەتی ئایینی لەلایەن کەس و سەنتەرە جۆراوجۆرەکانەوە دەست پێدەکات، کە دەکرێت هەندێکیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە ئایین نەبێت و ئایین و خوڕافە تێکەڵ بە یەکتری بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی وێبسایتی ئاوێنە کە لە 22 ئایاری 2013 بڵاوکرایەوە، هاتوە کە ”وتەبێژی #وەزارەتی ئەوقاف#، #مەریوان# نەقشبەندی بۆ ئاوێنەنیوزی ڕونکردەوە، لەکۆی 169 مامۆستای ئایینی کە بەشداریی تاقیکردنەوەی هاوتاکردنی بڕوانامەیان کردووە تەنیا 9 مامۆستا دەرچون… وتیشی، هەندێک لە و 9 کەسەش بەپلەیەکی زۆر نزم دەچون و لەوەزارەتی ئەوقاف هاوکاری کراون بۆ دەرچون”. بەپێی هەواڵی هەمان وێب سایت ”بەپێی ئامارەکانی ئەوقاف لەئێستادا 4 هەزارو 882 مزگەوت لەکوردستاندا هەیە”. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری #وەزارەتی پەروەردە# کە لە وێبسایتەکەیدا بڵاوکردووەتەوە ژمارەی تێکڕای قوتابخانەکانی هەرێم بە لقە جیاوازەکانییەوە واتە تا پێش قۆناغی زانکۆ (باخچەی ساوایان و پیشەسازی و ئامادەیی و…) تا ساڵی 2012بریتییە لە 5921 سەنتەری خوێندن.
ئەمەش هۆزانی، هوزانڤانێکی عەرەبستانی سعودی وەجیهە ئەلهوەیدەرمان بیر دەینێتەوە کە لە ڕۆژنامەی نیوۆیۆرک تایمز بڵاوکرایەوە و دەڵێت: ”کاتێک ناتوانیت تەنیا یەک باغ لە شارەکەتدا بدۆزیتەوە، بەڵام لەهەر گۆشەیەک مزگەوتێک بوونی هەیە. بزانە کە تۆ لە وڵاتێکی عەرەبی دایت. لایەکترەوە بەپێی هەواڵێکی وێب سایتی خەندان وەزارەتی ئەوقاف لە مانگی 11ی ئەمساڵ بڕیاریدا کە وتار خوێندن لە مزگەوتەکاندا بکات بە دو ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کەچی خودی وەزارەتەکە ترسی ئەوەی هەیە کە “رەنگە هەندێک مامۆستایانی ئایینی ئیستغلالی ئەو ماوەیە بکەن بۆ کاری سیاسی، کە ئەمەش لەرێرەوە ڕاستەقینەکە دور دەکەوێتەوە”. ڕوی ئەم قسەیەش دیارە کە ئاڕاستەی چ لایەنێک کراوە.
هاوکێشەکە کاتێک ئاڵوزتر دەبێت ئەگەر ئەم ڕاستیش بگرینە بەرچاو کە هێز و توانای ئەو مامۆستا ئایینیەکان کە زۆربەشیان دەرچوی زانکۆ نین (بە ماموستا دەرنەچوەکانیشەوە!) لە کاریگەری خستنەسەر کۆمەڵگا و مۆبیلیزەکردنی جەماوەر زۆە بەهێزتر و کاریگەرترە لە هێزی ڕۆشنبیر یان خاوەن بڕوانەمەیەکی بەرزی ئەم وڵاتە. ئەگەر ڕۆشنبیرەکە ئافرەت بێت هاوکێشەکە زۆر قورستر دەبێت. هەربۆیەش مەولودی باوە موراد مەکتەبی سیاسی یەکگرتو باش ئەم واقیعەی خوێندوەتەوە و لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەرنامەی کەوانەی سوری تەلەڤزیۆنی ڕوداو سەبارەت بە دەرچونی دو بانگەوازخوازی لیستەکەیان و بە دەستهێنانی ژمارەیەکی زۆری دەنگی جەماوەرەکەیان، دەڵێت؛ کە پێویستە پارتەکەمان لەمەو بەدواوە ئەم جۆرە کەسانە کاندید بکات، چونکە لەلایەن کۆمەڵگاوە مەقبولترن. لێرەدا ئاییندەی کۆمەڵگا بەرەو چ تارماییەک و بێهۆدەییەک بڕوات گرنگ نییە. لەکاتێکدا کە پارتی سیاسی ئامرازی بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگایە لە ڕێگەی کاندیدکردنی مرۆڤی شارەزا لە پۆستەکاندا. ئەمەش بەسەر گشت پارتەکانی سیاسی هەرێم کەم تا زۆر پیادە دەبێت.
$3$
ئایین پەرەستی بەبێ گوێدانە ناوەرۆک و بەبێ پشت بەستن بەشێوازی سەردەمانە لە ڕاڤەکردنی دەقە ئایینیەکان وای کردووە، کە ژمارەی مزگەوت و قوتابخەنە ململانێی یەکتر بکەن. تاڕادەیەک کە بۆ نموونە هەر جۆرە باسکردنێک لە دوڵەتی سێکۆلار پێش ئەوەی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕەتبکرێتەوە لەلایەن زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگا بە چین خوێندەوار و نەخوێندەوار سەر بە پارتی ئایینی یان نا ئایینی ڕەتدەکرێتەوە و بە دێوەزمە و ئایدۆلۆژیای ڕۆژاوا بۆ لەناوبردنی ئایین وەسف دەکرێت. وەسفێک کە لەلایەن دەوڵەتانی ئێران و عەرەبستان و پاکستان و گروپە ئیسلامییەکان بەرهەم دەهێنرێت و ئەم چەمکە بە نامۆ بە جیهانی ئیسلام هەژمار دەکرێت. کەچی لەڕاستیدا چەمکەکە تێکشکێنەری پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم کاسانەیە بۆیە دژایەتیدەکرێت.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەمکی ”ئیسلام چارەسەرە” داهێنرا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو خاڵە نگەتیڤانەی کە ئەم دروشمە دەتوانێت پێش هەرشتێک بۆ خودی ئایین بەرهەم بهێنێت هەر بۆیەش دەبینین کە ئایین ڕوبەڕوی بارگ#ڕانیە#کی لە ڕادەبەدەر بوەتەوە (من بۆ ئەم دۆخە چەمکی’overloaded religion’ بەکاردێنم) و چاوەڕوان دەکرێت، کە دواکەوتنی ئابووری، نەخوێندەواری، لاوازی سیستەمی سیاسی و گەندەڵی و… لەڕێگەی ئایینەوە چارەسەر بکرێت.
یاخود ئەوەی کە هەنۆکە لە کوردستان کەم تا زۆر باو بووە کە تەنانەت ئایدزیش دەکرێت بە گوێ گرتن لە دەقی پیرۆز چارەسەر بکرێت. ئەم جۆرە تەفسیرانە بە تایبەتیش لە وڵاتانی عەرەبی کڕیاری زۆریشی هەیە بە ڕەچاوگرتنی باری ئابووری و جۆری سیستەمی خوێندنی ئەم وڵاتانە. بۆ نموونە لەڕوی هەناردەکردنی بەرهەمی پیشەسازیی لە وڵاتە هەرە دواکەوتووەکان هەژمار دەکرێن و لە ڕوی ژمارەی لە دایک بون و زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتە هەرە پێشکان هەژمار دەکرن. ئەم دو فاکتەرە وای کردووە کە ڕێژەی دەرفەتی کار بۆ هەمویان نەڕەخسێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایانە لەڕوی تەمەنەوە بە کۆمەڵگاییەکی گەنج هەژمار بکرێت. لەم جۆرە بارودۆخەدا هزرە ئایدۆلۆژییەکان باشترین فریادرەسی مرۆڤن. سا هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیایێک بێت. [1]