بۆچی ناتوانین داهێنەرانە بیر بکەینەوە...؟!
دڵدار ئەحمەد
ئێمە نەوی نوێ ناهێنینە سەر دنیا، بەڵکو باوک و باپیرانمانن لە دایک دەبنەوە
ئەگەر داهاتووی مرۆڤایەتی بە نائامادەبوونی ئێمە بڕیاری لەسەر دراوە، ئێمە ئەو کات لەکوێ بووین؟ بۆچی ئێمە ناتوانین بەشداربین لە گفتوگۆیەکی وەها گەورە و گرانبەها، کە چارەنووسی خۆمان و نەوەکانمان و زەوی پێوە بەندە.
ئەگەر ئەمە لە پرسیارێک بچوک بکەمەوە نەک وەک پرسێکی گەورە، ئاڕاستەی تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەی بکەم، دڵنیام وەڵامەکەی ئەوە دەبێت کە دەڵێت خەریکی شەڕ بووین... ناوەچەکەمان مەیدانی جەنگ بووە... ئێمە بە دوژمن دەورە دراوین... ئێمە خەریکی شۆڕش بووین... ئێمە کاتی ئەو شتانەمان نەبوو... پیاوەکان وادەڵێن. بەڵام ئافرەتێک دەڵێت خەریکی ماڵ و منداڵەکانمان بووین، خۆراک و جلمان بۆیان دابین دەکرد، عەیب بوو منداڵەکانمان بێ جل و برسی بن.
ئێمە و ڕووداوەکان.
ئاشکرایە کە ئێمە بە چ مێژوویەک لە هەوراز و نشێو تێپەڕیوین، سەرباری ئەوەش پێویستە دان بەوەدا بنێین کە زیاتر بارنشێو بووین. ئەگەرچی باجی زۆرمان داوە لەپێناو مانەوە. بەڵام من دەڵێم هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو بەسەرمان هاتووە کەس ناتوانێت گرەنتی دووبارە نەبوونەوەیمان پێ بدات. نمونە، تۆ کە ئێستا تەمەنت 20 ساڵە لات سەیر نەبێت گەر پایزی داهاتوو کۆڕەوەکە ببینیت!، لات سەیر نەبێت کە دووبارە ئەنفال ببینیتەوە، یان دووبارە شەڕی براکوژی هەڵگیرساوە. مەبەستم سەیرکردن لەناو شاشەی مۆبایلەکەی دەستت نییە. ئەمانە هەمووی ئەگەرێکی ئاشکران و دەکرێک لەهەر کاتێک ڕووبدەن. چونکە ئێمە نەوەی نوێمان لەدایک نەبوو، ئەوی ڕۆژانە لەدایک دەبوو باوک و باپیرانێکی بێ هۆشیاریمان بوون.
هیگڵ لە وتەیەکدا دەڵێت مێژووی ڕاستەقینە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە هۆشیاری سەریهەڵداوە.
کێشەکە لەکوێ بوو؟
با بگەڕێینەوە منداڵی، ئەوکاتەی پێ دەگرین و دەستمان دەکرێتەوە. پێش هەموو شتێک دەمانەوێت ئەوەی لەناو ئەندێشەمانە بیهێنینە بوون و بەرجەستەی بکەین. جا بە دارێک بێت لەسەر خۆڵ یان قەڵەم، بەڵام هەموونا کە قەڵەمەکە هەڵدەگرین و دەمانەوێت لەسەر دیوارەکە نەخشەی ئەم شتە بکێشین کە لە لەناو ئەندێشەمانە، توند دەستمان دەگرن، ئینجا چاو سورکردنەوە و لێدان و کوتان و داغ کردن.......
تۆ لێرەدا لەسەرەتا هەستکردن بە داهێنان و دۆزینەوەی تواناکانت، لێت دەدرێت و بێدەنگ دەکرێیت. ئەمە وادەکات ئەو شتانەی لە خەیاڵتە ژەهراوی ببن، وردەوردە دەبن بە ڕق و توڕەیی. کاتێکیش کە ڕق زاڵ بوو، بیرکردنەوە نەخۆش دەکەوێت.
بەم حاڵەوە بووین بە شەش ساڵ. ئێمەیان نارد بۆ زیندان قوتابخانە، لەوێ بە زۆر لە قاڵب دەدراین، نەدەبوو لەم سیستەمە بچیتە دەر، کە وانەکان تەواو دەبوو مامۆستایەک، زیاتر بەڕێوبەر بوو فەرمانی دەکرد و دەیگوت بەریان بدەن!
تۆ دەزانیت بەربوون واتای چییە؟!
بەربوون زیاتر بۆ دوو شت بەکار دێت. یەکەمیان بۆ زیندانیان و تاوانباران بەکار دێت کاتێک ئازاد دەکرێن. دووهەمیان بۆ بەرەڵابوونی وڵاخ و ئاژەڵانی بەستراوە بەکار دێت، یانیش باڵندە لە قەفەسنراوەکان. بەڵێ ئێمە هەموو ڕۆژێک ئەوەمان پێ دەگوترا.
ئەوەی باشە کە فێرە خوێندنەوە و نووسین بووین و بەهۆیەمە من وا ئەمە دەنووسم. بەڵام ئەو کاتانەی فێرە خوێندنەوە دەبیت، بەختت هەیە ئەگەر کەسێک لە خانەوادەکەت یاخوت ناسیاوێکت خوێنەری کتێب بێت. وە ئەگەر دوای ئەو هەموو تەمەنەش بخوێنیتەوە دەبێت چاوەڕێی ئەوە لە دەوروبەرەکەت بکەیت کە پێت دەڵێن تۆ زۆر کەری.
ئێمە دەسەلمێنین کە نەخوێندەوارین. سەیرکە ئەم بابەتە کە وێنەیەکی خۆمی لەگەڵ دادەنێم، بزانە چەند کەس سەیری وێنەکە دەکات و تاقەتی نییە بخوێنێتەوە، لە کاتێکدا باس لە پرسێکی گەورەی پەیوەندیدارە بە هەموومان. ئەوەی گرینگە لایان پێم بڵێن جوانی، تەمەن درێژ بی و دڵم بۆ دابنێن.......
کە لە قوتابخانە تەواو دەبین و دەردەچین، کەم کەسمان وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەی هێشتا هەست بەو هێزە ناوەکییە داهێنەرانیەی دەکات بە ویستی خۆی ناتوانێت ئەو بەشە هەڵبژێرت کە خۆی تێدا دەبینێتەوە و حەزی لێیەتی بۆ قۆناغی زانکۆ، لێرەدا دایک و باوک بڕیار دەدەن.
چوون بۆ زانکۆ، بەڵام زانکۆ چی بەسەر ئەم هێزەی هێنا، ئەم تۆزە داهێنەریە چی بەسەر هات. زانکۆ زیندانێکی گەورەتر و بە خزمەتگوزاری تر بوو.
هەرگیز فێرنەکراین چۆن مامەڵە لەگەڵ زەوی بکەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ زیندەوەرەکان بکەین. هەمیشە کوشتنی ئەوان قارەمانی ئێمەی دەردەخست لای ئەوان. بەڵام چاوەڕێیان دەکرد بە ئامۆژگاریەکانیان میهرەبان بین و کەسێکی چاک بین.
تۆلستۆی دەڵێت: مرۆڤ گەر بەزەیی و سۆزی بەرامبەر هەموو زیندەوەرێک نەبێت، نابێت بە کەسێکی چاک.
تا گەورە بووین ئامۆژگارییەکان وردەوردە خۆمانی لێ دەسەندینەوە، وایان لێکردین ببین بە خۆیان، چونکە جیاوازبوون واتا لادەر، واتا تۆ کوڕ یان کچی باوکی خۆت نیت. کە نەمانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ماڵی ڕاستەقینەی خۆمان بکەن، چۆن بتوانین پرسیارەکانی دەربارەی گۆڕانکاری ژینگەیی سروشت بوروژێنین.!
ئێمە ئەوەی تا ئێستا فێری بووین، پیرۆز کردن بوو. پیرۆزکردنی هەر شتێک کە دژی بیرکردنەوەی ئازاد بێت. جگە لەوە هیچ شتێکی ترمان نییە. بێگومان نەوەیەکی دۆگما و چەقبەستوو لەژێر پەردەی وەهاپیرۆزیەک لەدایک دەبێت. پێویستە دان بەوەدا بنێ کە ئێمە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشین، پێویستمان بە چارەسەری دەرونییە، بەڵام بە دەستی خۆمان.!
وامان لێهات کاتێک قسە لەسەر مرۆڤ دەکەین کە خۆمانین، وەک ئەوە قسە بکەین کە ئێمە بونەوەری هەسارەیەکی ترین. وامان لێهات دەربارەی هەموو شتێک قسە بکەین، بەبێ ئەوی ڕاستیەکان بزانین. دەربارەی خۆشمان قسەمان زۆر کرد، بەڵام لەخۆمانا نەمانبینی!
چارەسەر چییە؟
زۆر قسە لەسەر ئاریشە و کێماسیەکانی پەروەردە کراوە، هەمووی دەڵێت پەروەردەمان سەقەتە. ئێمە ڕۆژانە قسەی باش بەر گوێمان دەکەوێت، شتی چاک دەخوێنینەوە و دەبینین، ئەگەرچی کەمیش بێت لەچاو بەڵاوبوونەوەی شەپۆڵی گەمژەیی. کەسانێک هەن بەشێک کێشەکان و چارەسەریان باس کردووە، ڕۆژانەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەرچاومان دەکەوێت. بەڵام ئایا بۆچی هیچ شتێک ناگۆڕێت، یان بۆچی گۆڕانێکی ئەوتۆ دروست نابێت کە زاڵ بێت بەسەر گەمژەیی. چونکە ئێمە هێشتا بتەکانمان نەشکاندووە! پێویستە سەرەتا بتەکان بشکێنین. ئەو مامۆستایەی کە ڕێنوێنیت دەکات گەردونیانە بیر بکەیتەوە، ڕۆژێک بە چاوی خۆت دەیبینیت وا بتەکان دەتەپستێت! ئەمەش پێمان دەڵێت وشە و کردارەکان لێک دوورن. ئەوانەی قسەی باش دەکەن، مەرج نییە بەخۆیان کەسێکی باش بن. کە دووڕوویی کەوتە ناو ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان بە زمانڕاست و خەمخۆری خەڵک دەزانن و خۆیان بە چینی ڕۆشنبیر دادەنێن، ئەمە چاوەڕێ دەکرێت.
پێویستە ئێمە بگەڕێینەوە لەدایک بوون، خۆمان بکوژین لەپێناو لەدایکبوونەوەی دووەم! خۆمان هەڵتەکێنین لەو پیسییەی کە تێیانوەگڵاندین، ئەوکات دەتوانین نەوەیەکی داهێنەرانە بۆ ئەم جیهانە بهێنینە بوون.[1]