هەر وەکوو مێژوو بۆمان شایەتی دەدات لە دەیەکانی شەست بەتایبەتی لە ساڵی 1367ی هەتاوی، بە هەزاران بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کۆمەڵکوژ کران.
بەندکراوە کوژراوەکان کە زۆرینەیان ئەندامانی ڕێکخراو و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و بەتایبەتی ئەندامی ڕێکخراو و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان بوون، بە بڕیاری پێڕەوان و شەرعییەتی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی دڕندانە قەتڵ و عام و کۆمەڵکوژ کراون.
کوشتاری خوێنینی دڕندانە و کارەستباری بەندکراوانی سیاسی بێ هیچ لێپرسینەوە و دادگایی کردنێک، بەمەبەستی بەتاڵ کردنی بەندیخانەکان لە هەزاران بەندکراوی سیاسی، ئەو تاوانانە ئەنجام دراون کە وەکوو دڕندانەترین کارەساتی دژی مرۆڤایەتی لە مێژوودا تۆمار کراوە. بۆیە نابێت لە بیر بکرێت کە پێش لەو تاوانانەش لە کوردستان دیسان تاوان و ڕەشەکوژی هەبووە و بەداخەوە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، وەکوو بێدەنگییە مەبەستدارەکانی حکوومەتەکان کە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبوون، ئەوانیش لەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییانە چاوپۆشییان کردووە و بێ دەنگییان هەڵبژارد.
نابێت لە ڕوانگەی ویژدانیی جیهان شاراوە بێت کە بۆ یەکەم جار تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی و لەسێدارەدان لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و پاشان بۆ شوێنەکانی تری ئێران پەرەی پێدراوە. لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە شارەکانی #سنە#، #سەقز#، #مەهاباد#، #مەریوان#، #پاوە#، #کرماشان# و هەروەها کۆمەڵکوژییەکان لە گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، سۆفیان، سەراوقامیش، پاییزئاوا، قەرەگۆل، چەقەڵ مستەفا، خەڵیفان، گۆڕخانە، جبرەئیل ئاوا، گوندەوێڵە و هەروەها کۆمەڵکوژیی و دەرکردنی بە کۆمەڵ لە کوردەکانی شاری #نەغەدە# نابێت لە بیر بکرێت.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ساڵەکانی دەسپێکی چالاکییەکانی خۆیدا و لە پازدە ساڵی ڕابردووشدا لە سەر کۆمەڵکوژیی و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی 1367ی هەتاوی و ناساندنی هەموو جۆرە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە کوردستان، چەندین جار داوای لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆی لە کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکان کردووە، بەڵام لە بەرانبەر پێداگری لە سەر داواکارییەکان و لانیکەمی سازی تاوانەکان، سەرکوتی ئەو ڕێکخراوە و گرتنی درێژخایەنی بەڕێوەبەرانی لێکەوتووەتەوە.
هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی) بە مەبەستی هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەر چۆنیەتی و هۆکاری کۆمەڵکوژیی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە دەیەکانی شەستدا، وێڕای ساڵانێک لە بەسەرچوونی ئەو تاوانانە و دێر هەنگاو هەڵگرتن لەمبارەیەوە، بەڵام لە جێگای خۆیەتی و شایانی ڕێز و پێزانینە و لە لایەن ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانەوە پێشوازی لێوە دەکرێت. هەروەها ئەم ڕێکخراوەیە داوا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەکات کە لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان نەخاتە پشت گوێ و لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لە سەر لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و کۆمەڵکوژییەکان لە نێوان ساڵەکانی 1359 تاکوو 1370ی هەتاوی لە کوردستان، بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی زیاد بکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەوڵ بۆ ڕووناک کردنەوەی گۆشەیەک لە تاریکی تاوانە شاراوە و لەبیرکراوەکانی ڕێژیم و ناساندنی هەموو جۆرە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی دەدات و هاوکات ئیدانەکردنی ئەم جۆرە تاوانانە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بە ساڕێژ کردنی ڕۆحی برینداری بنەماڵە و کەسوکاری کوژراوەکان و ئارام کردنەوەی ویژدانی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی کوردستان دەزانێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، داوای پاڵپشتیی جیددی هەموو لایەنەکان لە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی #ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی# لە داواکاری لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکان لە سەر کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵەکانی 1367ی هەتاوی و هەوڵەکانی هاوشێوە و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکان لە کوردستان، دەکات.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
14ی سەرماوەزی 1397ی هەتاوی
#05-12-2018#