هێشتا 426 کم دووجا لە هەرێمی کوردستان مینڕێژە، بەپێی ڕێککەوتنی ئۆتاوا دەبوو لە کۆتایی 2018دا مین لە جیهاندا نەمێنێ بەڵام تاوەکو ئیستاش لوغمی چینراو هەڕەشەی کوشتن و کەمئەندامین لەسەر خەڵک.
بەڕیوەبەری چالاکی دەزگای مین دەڵێ لە کوردستان پرۆسەی مین لابردن زۆر هێواشە، گەر وا بڕوا 50 ساڵی دیکەش مینەچینراوەکان هەر دەمێنن. لە 1991ەوە زیاتر لە 15 هەزار هاونیشتمانی کوردستان مینیان پیا تەقیوەو گیانیان لەدەستداوە، 5 هەزاریش بریندار و کەمئەندامن.
سێی کانوونی یەکەم ساڵیادی پەیماننامەی ئۆتاوای تایبەت بەمینە کە 164 وڵات واژۆی پەیماننامەکەیان کردووە بۆ لە نێوبردنی مین و کۆمەکی ئه و وڵاتانەی گیرۆدەی مینن، هەروەها ڕۆژی جیهانی کەمئەندامانە کە دیسان مین هۆکاری سەرەکی کەمئەندام بوونی هاونیشتیمانییەکی زۆری باشووری کوردستانە.
مین و پارچە تەقەمەنییەکان تاوەکو ئێستا هەڕەشەن بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان لە باشووری کوردستان. پوچەڵکردنەوەیان بەردەوامە و لە کۆی سێ هەزار و 149 کێڵگە هەزار و نۆ کێڵگە مینیان تێدا پووچەڵکراوەتەوە.
پرۆسەی مین پاکی لە باشووری کوردستان بەردەوامه و ساڵانە دە بۆ پازدە کێڵگەی مین کاری مین پاکییان تێدا تەواو دەبێت، بۆ ئەمساڵ 15 کێڵگەی دیکە کە ڕووبەری نزیک سەدمەتر چوار گۆشەن لە مین پاککراونەتەوە.
پەیماننامەی ئۆتاوا هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی کەم ئەندامان. بەڵام مین سەدان کەسی وەک عومەری کەمئەندام کردووە.
عومەر دەربەندی، کەم ئەندام لە تەقینەوەی مین بە ڕووداوی ڕاگەیاند: من مین لابەرم و لە مانگی دەی ساڵی 2016 مینم پێدا تەقیوەتەوە، ئێستا هەدوو یادەکە بۆمنن کەچی هەم کەمئەندامییەکەم فەرامۆشکراوه و کەس ئاوڕمان لێناداتەوە هەمیش تاوەکو ئێستا مین و تەقەمەنییەکان هەڕەشەن بۆ سەر سەدان کەسی وەک من.
لە باشووری کوردستان #پێنجوێن# و #چۆمان# پشکی شێری مینیان بەر کەوتووە، مین له و دوو دەڤەرە نزیک پێنج هەزار کەسی کەمئەندام کردوە. بەگشتیش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سەد هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەن.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان[1]
#05-12-2018#