$زۆر مناقشەم بکەی، دڵم ئەوەستێ و لە کیست ئەچم!$
وابزانم زۆربەمان لە منداڵیدا بە شتێک ترسێنراوین یان چەندەها هەڕەشەمان لێکراوە کە تا گەورەشبووین لە بیرمان نەکردوون. بگرە هێندە چەسپاون لە مێشکماندا کە هەنێ جار و تا ئێستاش باوەڕی پێ دەکەین یان وادەزانین کە ڕاستە
بۆ نموونە
ئەگەر نە نوویت، شەوە دەتبات!
ئەگەر نانەکەت نەخۆیت، باوکت لێت ئەدات!
ئەگەر بە قسەی بابە گەورە نەکەی، خوا گیان لە ئاگری جەهەنەم ئەتسوتێنێ!
ئەگەر لە قسەم دەرچی، ئیتر من دایکی تۆ نیم!
ئەم جارە لەگەڵ ئەو کوڕە یاری بکەی چاوت دەر ئەهێنم!
باشە هۆی چییە کە دایک و باوک نەتوانن هۆ و شیکردنەوەی مقنع ( بڕواپێکراو) بەکار بهێنن بۆ ڕاهێنانی منداڵەکانیان لەسەر گوێ ڕایەڵی؟
بۆ نابێ کە گوێ گرتنی منداڵ بۆ باوک و دایکی لەسەر بناغەی تێگەیشتن و ڕێز گرتن بێ؟ بۆ دەبێ بیرۆکەی توند و تیژی بکرێتە ئامرازی گەیشتن بە مراز؟ بۆ کە یەکێک لێی دای ئەبێ تۆش لێی بدەیتەوە؟
ئێمە خۆمان چەند ساڵ لەژێر دەستەڵاتی ڕژێمێکی تۆقێنەر دەژیاین و لە کۆتادا ڕاپەڕینی ئازادیمان کرد بۆ ڕزگار بوونمان لە ستەم و زۆرداریی و توند و تیژی. ئێستا چۆن هەمان میثۆد دەسەپێنین لەناو خێزان و پەروەردەدا؟
کاتێک ترساندن و هەڕشە ئەبێ بە یەکێک لە ئامرازە فرەڕەنگ و بەکار هێنراوەکانی پەروەردە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی منداڵ، ئەوا ئەو پەروەردەیە خوارە، بە کەم سەیرکردنی منداڵە وەک تاکێکی خاوەن بۆچوون.
منداڵ بێگانە دەکات بە خودی خۆی. ناتوانێ متمانە بە بڕیاردان و لێکدانەوە و هەڵسووراندنی خۆی بۆ ڕووداوەکانی دەوروبەری بکات. هەمیشە دوودڵە و پشت بە دەور و بەری دەبەستێت.
گوێگرتنی منداڵ لە هەڕەشە و ترساندن، ڕێزگرتنێکی کاتییە، چونکە هەر کاتێک ئەو منداڵە هۆشیار دەبێ و ڕاستیەکانی بۆ دەر دەکەوێت، ڕێزی بۆ گەورە درۆزنەکانی دەوری نامێنێ، زیاتر لە قسەیان دەرئەچێ و بگرە دژایەتیشیان دەکات.
جا خۆ ئەگەر منداڵ فێر نەکرێ کە پرسیار لەسەر دەوروبەری خۆی بکا و ڕەخنە لەو پەروەردەیە بگرێ کە لەسەر گەورەدەکرێ، ئەوا هەمان ڕێگا بۆ منداڵەکانی خۆی دەگرێتە بەر و ئێمەش هەروا ئاسنی سارد بکوتین بەڕێزان. [1]
#ھیبە فەیسەڵ#