حساباتی هەڵەی ئێران و گەورەتر کردنی کێشەی ڕۆژهەڵات
پەلامارە هەمەلایەنەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگانی پارتەکانی خۆرهەڵات و کەمپنشینە مەدەنییەکانی ئەو پارچە خۆشەویستەی کوردستانی دایک، کەدەستدرێژیش بوو بۆ سەر حکومەت وگەلی باشوور، جارێکی تر کۆژان و مەسەلەی کوردستانی لەو پارچە و ئێراندا، بەجۆرێکی نائاسایی و سەرنج ڕاکێش زەقکردەوە.
بۆیە بەبڕوای ئێمە، وێڕای تەواوبوونی پەلامارەکە، بە شەهید و برینداربوونێ پۆلێ ژن و پیاوی کورد، (دەشکرێ درێژەی هەبێت) بەقازانجی کوردی خۆرهەڵات و مەسەلەکەی کۆتایی دێت.
چونکە کاتی پەلامارەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی بەرفراوان لە ئێران وخۆرهەڵاتدا، وادەکات،
پاساوەکانی ئەوولاتە بۆ پەلامارەکانی لاوازتر بێت وئامانجەکانی پشتیشی وەک ئەوەی دەیخوازێت نەپێکێت.
ڕوونە ئێران بەم کارەی دەیەوێت بڵێت: ئەوەی لەڕۆژهەڵات وشەقامی شارەکاندا ڕوو دەدات، نارەزایی جەماوەرو هەڵقوڵاوی کۆمەڵگە نیە! بەڵکو کاری ئاژاوەگێرییەو لەدەرەوەی سنورەوە ئاراستە دەکرێت!
لەکاتێکدا مێژوو واقیع پێمان دەڵێن، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەودیو سنوور، بەرهەمی کێشەیەکی نکولی لێکراوی ڕاستەقینەن کە کێشەی کوردستانە، بوون و بەردەوامی و ڕەوایەتی لەوەوە ڤوەردەگرن.
بەمانایەکی تر ئەمان بەرهەمی ناوخۆن نەک بەپێچەوانەوە.
بۆئێستاش چیرۆکەکە لەمەش تێپەڕیوە، چونکە کێشەی خۆرهەڵات سەرە ڕای تایبەتمەندی نەتەوەیی، ڕەنگدانەوەی کۆی کێشەی سیستمی سیاسییە لەسەر ئاستی ئێراندا.
سیستم لەئێراندا لەگەڵ شەبەنگی پاشخان جیاوازی نارەزایەتی بەرەو ڕوو بۆتەوە.
دەرفەتی خۆ ڕفۆرمکردنی ناوخۆیی تاڕاددەیەکی بەرچاو لە دەستداوە، سەرهەڵدانی تەوژمێکی ڕیفۆرمخوازی بەهێز لەناودڵی سیستم و بنکەکەی، دەرفەتێکی مێژوویی بوو، بۆ دوو بارە خۆبیناکردنەوە و پێناسەکردنەوەی دەوڵەت و سیستم و ناسنامەی ئێرانی بوون و دەستبەرداربوونی ناوەندێتی دەسەڵات بە قازانجی لاناوەندێتی و لە خۆگرتنێکی دامەزراوەیی و یاسایی فرەیی نەتەوەیی و مەزهەبی لەئێراندا، مەچی سودی لێوەرنەگیرا.
لەڕاستیدا ئەو کاتە و ئێستاش ڕێگە ڕاستەکە گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ و داننان بە کێشەکان و خاوەنەکانییان و بڕیاردانی چارەسەر کردنییانە نەک سەرکوت و خوێنڕێژی زۆرتر. لەوانەش کێشەی کوردستان، کە لەویژدانی ملێۆنان کوردستانیدا زیندووە و داوای وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی و دادپەروەرانە دەکات و بەدەرلەوەش کپنابێتەوە.
بەکورتی پەلامارە بێپاساوەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر کەمپی کوردانی خۆرهەلات و هێزە سیاسییەکانییان، کەساڵانێکە وازیان لەخەباتی چەکداری هێناوە، چاوەڕێدەکرێت هەروەک وتمان بەقازانجی ئەمان بشکێتەوە.
زیاتر لە ناوجەماوەردا خۆشەویستیان دەکات، بەتایبەتیش ئەم جارە کەپارتەکان بەهۆی ناوەوە کەوتوونە بەر پەلامار نەک ناوەوە بەهۆی ئەمانەوە دووچاری تەنگژەبووبن.
لەبەرچاوی ڕایگشتی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، زیاتر وەک نوێنەری مەسەلەیەکی سیاسی و هێزی کاریگەر مەترەح دەبن.
چاوەڕێش دەکرێت، ڕیزیی ناوخۆیی پارتەکان و کاری هاوبەشیان بەهێزتر بکات، بەحوکمی ئەوەی هەموویان لەچوارچێوەی وێناکردنێکی هاوبەشدا پەلامار دران، بەوەش ئێران وێنە و ناسنامە هاوبەشە پێدراوەکەیانی خەستر کردەوە.
لەلایەکی ترەوە وێنای ئێرانی لە باشوورو بەشێ لەعێراقیشی زۆرتر شێواند، ڕق وبوغزێکی زۆرتری ئاراستە دەکرێت، بۆنموونە ئەمڕۆ وێنەی پەلاماردان و شەهید و بریندارەکان کچە بچووکە چواردە ساڵانەکەمی هێنایە گریان، جگەلەوەی پەلامارەکە کاردانەوە و ناڕەزایەتیەکی بێپێشینەی لەباشوری کوردستان و عێراق و کوردستانییان بەگشتی و چەندین ڕێکخراوو وڵاتانی گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەوەش ئاماژەیە بە قەوارەی ڕەتکردنەوەی پەلامارەکە و کەم بوونەوەی تەحەفوز و بەربەستی ترسی پێشووی هێزەکان بەرامبەر ئەم وڵاتە.
بەداخیشەوە، دەوڵەتانی ئەم ناوچە، واتە ئەوانەی بەناهەق کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، سەد ساڵە لەزەلکاوی تاوانی نکولیکردن لەکێشەی چوارەمین نەتەوەی مەزنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەسەر دەبەن و دەست لەشێوازی سەرکوت هەڵناگرن و ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکە نین! بەوەش گەورەترین زەبریان لەبرایەتی گەلان داوە و بوونەتە هۆی تاوان و خوێنڕۆژیەکی زۆر و لاوازییەکی ستراتیژی بۆ تێکڕای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لەکۆتایدا بەهەشت جێگەی شەهیدەکان و هاوخەمی کەس و کاریانیین، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، هاوسۆزی و پشتیوانی نەتەوەکەمانین لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستاندا لەپێناو چارەسەری کێشەکەیان و ژیان لەسایەی ئاشتی و ئازادی و داد پەروەریدا.[1]