لە زمانی خۆیەوە:
دوایین مانگی هاوینی 1338ی هەتاوی، سێپتامبری 1959 لە شێخاڵی لە ناوچەی موکریان لەدایک بووم.
لە شێخاڵی، کۆنەمەڵڵالەر، بۆکان، نەغەدە و کەرەج خوێندم.
ساڵی 1978 بوومە ئەندامی یەکییەتیی قوتابییانی کوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری ئەو یەکییەتییە بە زمانی فارسی.
ساڵی 1980 وەک هاوکاری ”جەمعییەتی دیموکراتیکی موعەلیمانی موبارز“ لە بۆکان، لە بەڕێوەبردنی چەند خولی فێرکردنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردیدا بەشداریم کرد. لەگەڵ کاک جەمالی مفتی ئاهەنگی نەورۆزمان بۆ خوێندکارانی خوێندنگەکانی بۆکان بەڕێوەبرد. لەگەڵ تیپی شانۆی ”شۆڕش“ چەند بەرهەمی شانۆییمان لە بۆکان و شنۆ، ئەو کاتەی هەرتک شارەکە ئازادکراو بوون، پێشکەش کرد.
ساڵی 1982 لە ”جەمعییەتی موعەلیمان...“ بوومە لێپرسراوی ”دەستەی نووسینی پەرتووکەکانی خوێندنی سەرەتایی“. دواتر بە پێکهاتنی ”کۆمیسیۆنی فیرکردن و بارهێنان“ی کۆمەڵە، کاری نووسینی پەرتووکەکانمان لەوێ درێژە پێدا. پەرتووکی ”ئەلف وبێ“ بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی و ”خوێندنەوەی کوردی“ بۆ پۆلی دووەم و سێیەمی سەرەتایی لە ساڵی 1982 نووسران. هەر لەو ساڵەدا و هەروەها 1983، لێپرسراوی بەڕێوەبردنی چەند خولی پەروەردەکردنی مامۆستایان بووم و هەروەها لەو خولانەدا فێرکردنی خوێندنەوە و نووسینی کوردیم لە ئەستۆ بوو. لەو چەند خولەدا، نزیکەی 60 کەس لە ئەندام و پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە بەشدارییان کرد و دواتر، وەک مامۆستا ڕەوانەی خوێندنگەی ئاواییەکانی ناوچە ڕزگارکراوەکان کران.
ساڵی 1983، بوومە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. پاییزی هەمان ساڵ، بوومە ئەندامی ”گورووپی تەرجومە“ی کۆمەڵە و لە هەمانکاتدا وەک دەستیاری دوکتورجەعفەری شەفیعی لە ئامادەکردنی گۆڤاری ”پێشڕەو“دا کارم دەستپێکرد.
بەهاری ساڵی 1985، وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر لە پێکهێنانی ”کانوونی هونەر و ئەدەبییاتی کرێکاریی کوردستان“دا بەشداریم کرد. ئەندامی دەستەی نووسەرانی ”پێشەنگ“ و بۆ چەند ژمارەش سەرنووسەری گۆڤارەکە بووم.
لە ساڵی 1985 بەم لاوە، لەگەڵ ڕادیۆی کۆمەڵە هاوکاریم وەک بێژەر و ئامادەکاری بەرنامەی ”تریبوونی ئازاد“ و ”ئێمەوگوێکرەکان“ دەستپێکرد.
ساڵی 1989 کۆمەڵەهۆنراوەی ”تا شکۆفەی سووری کراسێک“ وەرگێڕدراوی چەند هۆنراوەی ئەحمەدی شاملووم بڵاو کردەوە.
لە ساڵی 1993 بەولاوە بەڕێوەبەری ڕادیۆی کۆمەڵە و بەڕێوەبەری نووسینی ”پێشڕەو“ ئۆرگانی ناوەندیی کۆمەڵە بووم. ساڵی 1995، لە کۆنگرەی هەشتەمی کۆمەڵەدا، بوومە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە. هەمان ساڵ پەرتووکی ”لەودیوەوەی ڕەنگوپەردە“م بڵاو کردەوە. پەرتووکەکە، ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و چوار وتاری گرتووەتە خۆ.
ساڵی 1998 هاتمە سوید.
ساڵی 1999 لە سوید ڕادیۆی ”ئاوێنە“م دامەزراند. ئەو ڕادیۆیە نزیکەی ساڵێک لە ستۆکهۆڵم، لە هەفتەدا دووکاتژمێر بە زمانی کوردی بەرنامەی بڵاو دەکردەوە.
هاوینی ساڵی 2000 لەگەڵ هاتنەدەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لەو حیزبە هاتمەدەرەوە. لەو کاتەوە، ئەندامی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووم.
ساڵی2000 وەک مامۆستای زمانی دایک لە خوێندنگەکانی ستۆکهۆڵم دەستم بەکار کرد. هەمان ساڵ پەرتووکی ”دەشتی ئاسکان“م بڵاو کردەوە. دەشتی ئاسکان، بۆ خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی لە خوێندنگەکانی سوید ئامادە کراوە.
ساڵی 2001 بوومە سەرنووسەری ”شۆڕش“ ئۆرگانی ناوەندیی کۆمەڵە.
ساڵی 2005 بەڕێوەبەرێتیی ”رۆژهەڵات تیڤی“م گرتە ئەستۆ.
ساڵی 2006 لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە، کە دواتر بە ”کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی“ ناسرا، لە ڕەوتی ڕیفۆرم و چاکسازیی کۆمەڵەدا بەشداریم کرد. مانگی مارسی 2007 ئەو ڕەوتە بە ناوی ”کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی“ پلاتفۆرمی چاکسازیی ڕاگەیاند. ئەو ڕەوتە پاییزی ساڵی 2007 لە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان جیابووەوە و، ساڵی 2008 لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا، ناوی ”کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان“ی بۆ خۆی هەڵبژارد. لە دوای کۆنگرەی دوازدەهەمەوە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بووم.
مانگی ئاپریلی 2009 کشانەوەی خۆم لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیاند.
بەرهەمە چاپنەکراوەکان:
- هۆنراوەەکانم
- وەرگێڕدراوی هۆنراوەی 5 شاعیری ئێرانی: نیما، شاملوو، سایە، کەسرایی، موشیری
- وەرگێڕدراوی هۆنراوەەکانی بابەتاهیری هەمەدانی
- دیوانی وەفایی (ساغکردنەوە و لێکۆڵێنەوە)
- کۆمەڵە وتارێکی ئەدەبی (ڕەخنە و لێکۆڵینەوە)