تەیموور تاقانەی ئەنفال و تاکە ڕزگاربووی گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانی #گەرمیان#ە، چیرۆکەکەی کە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەنفال، لەلایەن کۆمپانیایەکی بەنێوبانگی بەرهەمهێنانی فیلمەوە، دەکرێتە فیلم.
ئالان هەمووان پرۆدیوسەری فیلمەکە دەبێت، ئەو لەدایکبووی شارۆچکەی #کفری#یە لە گەرمیان و ئێستا لە بەریتانیا دادەنیشێت، لە ساڵی 2010 ماستەری لە بەرهەمهێنانی فیلم لە زانکۆی University of South Wales بەدەستهێناوە. ئەو پوختەیەک لە چیرۆکی تەیمووری پێشکەشی پرۆگرامێکی کۆمپانیای ڕەیندانس کردووە و لەبەر شیاوی بابەتەکە چیرۆکی تەیموور وەرگیرا بۆ پێشبڕکێ.
کۆمپانیای ڕەیندانس کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی فیلمسازییە و بنکەی سەرەکییان لە شاری لەندەنە. پرۆگرامی کۆمپانیاکە کە چیرۆکی تەیمووری پەسندکردووە، ناوی Film Pitching ە، ئالان هەمووان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، سەرەتا پوختەی بابەتەکەی پێشکەشکردووە، دواتر کۆمپانیای ناوبراو پەیوەندییان پێوەکردم. دواتر لە 28-9 پرۆگرامەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە ئۆنلاین دەستی پێکرد.
لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەدا، ئەو پرۆدیوسەرە کوردە لەگەڵ ئەو کەسانەی دیکە کە چیرۆکیان پێشکەشکردبوو بۆ ئەوەی بکرێتە فیلم، ئالان ئاماژەی بەوە کرد، له زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بە ئۆنلاین بۆ ماوەی پێنج کاژێر و نیو هەریەکەیان له کاتێکی دیاریکراودا به زمانی ئینگلیزی چیرۆکەکەیان وەک بابەتێکی سینەمایی گێڕاوەتەوە، دەرئەنجام لەلایەن دادوەرانەوە که بریتیبوون لە چەند پرۆدیوسەر و سیناریستێک، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی بەرنامەکه، سەرەتا چوار بابەتیان هەڵبژارد، پاشانیش باشترینیان کە خۆشبەختانە چیرۆکی تەیموور بوو.
دوای ئەوەی چیرۆکی تەیموور لە پێشبڕکێکە هەڵدەبژێردرێت، بۆ ڕۆژی دواتر کۆمپانیاکە پەیوەندی بە ئالانەوە دەکەن و بانگهێشتی دەکەن بۆ فیستیڤاڵی فیلمی ڕەیندانس کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. بانگهێشتەکە به تایبەت بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چیرۆکەکە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی که نوێنەری کۆمپانیاکانی فیلم پرۆدەکشنەکان لە پرۆدیوسەران، دابەشکاران و کارمەندی فرۆشتنەکان تێیدا کۆدەبنەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی سیناریۆ و فیلمەکان.
لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، ئالان ڕایگەیاند، بۆ کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، زمانەکەی و بودجەکەی، پلانم داناوە و هەنگاوم ناوە، بەڵام کەی بە کردەوە کارەکان بگەنە ئەنجام، ئەوکات دەیانخەمەڕوو.
ئەو بەرهەمهێنەرە بۆ نووسینی سیناریۆی چیرۆکەکەی سوودی لە سەرچاوە کوردییەکان وەرگرتووه، دەڵێت سەرەڕای ڕێز و سوپاسم بۆ هەموو نووسەر و چالاکڤانانی کەیسەکانی ئەنفال، یەکەم کەس سوودم لێوەرگرتبێت بۆ بەدەستهێنانی وردەکارییەکان، کاک تەیموور خۆیەتی.
چیرۆی تەیموور لە کتێبێکدا بەناونیشانی تەیموور، تاکە ڕزگاربووی گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکان لەلایەن عارف قوربانی، نووسەر و چالاکڤانی بواری ئەنفال خرایەڕوو. لە کتێبەکەی عارف قوربانیدا، تەیموور بەمشێوەیە خۆی دەناسێنێت، ناوم تەیموور عەبدوڵڵا ئەحمەدە، لەڕاستیدا ساڵی لەدایکبوونی خۆم نازانم.. بەڵام بە 01-01-1976 دامناوە. دایکیشم.. ناوی سارا محەممەد مەحموودە.
نووسەری کتێبەکە لەبارەی کارەکتەری تەیموور لە پێشەکی کتێبەکەی نووسیویەتی تێگەیشتم تەیموور خەمێکی قوڵ ئازاری دەدات.. وەک خۆی دەیگوت ئاخر تازە دڵی بووە بە دوو لەتەوە، بەشێکی لای خۆیەتی و بەشەکەی دیکەی لای گۆڕە بەکۆمەڵەکانە.
گرنگیی چیرۆکی تەیموور بۆ کەیسی ئەنفال بەجۆرێکە، عارف قوربانی دەڵێت، ئەگەر تەیموور ڕزگاری نەبوایە لە گۆڕی بە کۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکان و بە زیندویێتی نەگەڕایەتەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بۆ هەتا هەتایە نووسینەوەی ئەنفال بە نیوەناچڵی دەمایەوە.
تەیموور دواتر کە لەکاتی دادگاییکردنی سەدام حوسێن دەبێتە شایەتحاڵ، لەبارەی ئەو ساتەوە دەڵێت، پێشتر باوەڕم وابوو کە خوداوەند ڕۆژی قیامەتی بۆ هەق و حیسابی زاڵم و مەزڵووم داناوە، بەڵام کاتێ چوومە دادگا و بوومە شایەتحاڵی بەکۆمەڵکوشتنی ئەنفالەکان لەسەر سەدام، ئەو باوەڕەم لادروستبوو کە خودا لەسەر زەوی تۆڵە لە زاڵمەکان دەکاتەوە.[1]