عنوان: ئایینی مەسیحی و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی چوارم
ئامادەکردن: #سارا سەردار#
لەبارەی سەرەتای هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لە کوردستان، کەم سەرچاوەمان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، پسپۆرانی مێژوو و جیۆگرافیا باس لە دوو ڕێگای سەرەکی دەکەن، لە هاتنی ئایینی مەسیحی بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و کوردستان.
ڕێگای یەکەم: وا باس دەکرێ، کە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لە کوردستان لە ڕێگای موژدەبەخشەکانەوە بووە، کە ئەمانە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحییان بە شێوازی گفتوگۆ و باوەڕپێهێنان لەسەر شان بووە.
موژدەبەخشەکان کەسانێک بوون، کە لە ڕووی ئایینییەوە دەگەیشتنە پلەیەکی باڵا لە مەعریفە و زانستی ئایینی و توانای بانگهێشتکردنی خەڵکیان هەبووە، بۆ ناسین و باوەڕپێکردنی ئایینی مەسیحییەت.
یەکەم موژدەبەخشیش کە هاتووەتە ناوچەکانی کوردستان، یەکێک لە یارە نزیک و قوتابییەکانی پەیامهێن عیسا بووە بە ناوی (مار تۆما) ، کە دواتر بەرەو ناوچەکانی ئەرمینیا و قەفقازیش ڕۆیشتووە و دواتر لە هیند کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئایینی مەسیحییەت سەرەتا لە ناوچەی #ڕەها#، یان #ئۆرفا#ی ئێستای #باکوری کوردستان# بڵاو بووەتەوە.
ڕەها شارێکە لە باکووری کوردستان، کە وەک شاری پێغەمبەران ناسراوە، ئەم شارە سنوورییە، ناوەندی شارستانی و زانستی و مەڵبەندی چالاکییەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی سریانی بووە لە سەدەی دووەمدا. پێدەچێ ئەم شارە شوێنێک بووبێت بۆ بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت بەرەو ناوچەکانی دیکەی شارەکانی نێوان دوو ڕووبارەکە.
لەم شارەدا کۆمەڵێک مامۆستا قوتابخانەیەکی ئایینیی سادەیان بەڕێوە بردووە، بەڵام دواتر لەسەر دەستی مار ئەفرام لە ساڵی 363 زایینی، قوتابخانەیەکی لاهووتی ڕێک خرا و دامەزرا.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، چیرۆکێک لەسەر چۆنیەتیی هاتنی مار تۆما بۆ کوردستان هەیە، کە دەڵێ: بۆ یەکەم جار تۆما لە سەدەی یەکەمی زایینی، لەسەر بانگهێشتی پاشای شاری ڕەها، کە داوای لە حەزرەتی مەسیح کردووە بۆ چارەسەرکردنی کچەکەی لە نەخۆشیی گەڕی یارمەتیی بدات، بەڵام عیسای مەسیح لەجیاتی خۆی، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی، کە لە دوازدە قوتابییەکانیشی بووە، لەگەڵ دوو هاوەڵی، کە لە 72 یارەکەی حەزرەتی مەسیح بوون، بۆ لای پاشای ڕەها دەنێرێت و کچی پاشا لەسەر دەستی نێردراوەکانی عیسای مەسیح لە نەخۆشییەکەی چاک دەبێتەوە، بۆیە لەدوای ئەم ڕووداوە، پاشا بڕیار دەدات ئایینەکەیان بگۆڕن بۆ ئایینی مەسیحی و بەو شێوەیە بە تێپەڕبوونی کات و هاتنەوەی بانگەوازخوازەکان ئایینی مەسیحی لە باکووری ڕافیدەین، گەشە دەکات و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر دەبن.[1]