#ئەتۆم...ئەتۆم#
#سیروان ڕەحیم#
#01-10-2019#
ڕۆژی #20-09-2019#، زۆر شوێن، زۆر شەقام، گەلێ گۆڕەپانی نێودار و زۆر سەکۆی گرنگی دونیا بوون بە مەیدانی خۆپیشاندان. خۆپێشاندانی گەورە و فراوان سازکران، خۆپیشاندان بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و ئەو گۆڕانە نەرێنییانەی چاوەڕوانی ئاووهەوای ئەستێرەکەمان دەکەن، بەتایبەتیش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی. پاشتریش لە ئەمەریکا و بە بەشداریی سەرۆکی دەوڵەتان، دەوڵەتە بەهێز و دەسەڵاتدارەکان، لەنێویاندا ئەو دەوڵەتانەی چەکی ئەتۆمیان هەس، سازکردنی لوتکەی ئاووهەوای بەسەردا هات.
بێگومان سەبارەت بە گۆڕانەکانی ئاووهەوا، جەخار پێشبینییەکان پڕ مەترسین.
ڕێپێوان، دەربڕینی ناڕەزایی، ئاگادارکردنەوە و سازکردنی لوتکەی ژینگە، کاری پێویست و ئەرێنین، کارێکن یەکجار باش، بەڵام لە سۆنگەی پاراستنی ژینگە، ژیانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی دڵنیایی لەسەر ئەم ئەستێرەیە، کاری باشتر، پێویستتر و بەپەلەتر هەن ڕێپێوانیان بۆ بکرێت.
مرۆڤ گیاندارێکی گونجێنەر و خۆگونجێنەرە بەرانبەر بە گۆڕانکاریی خوەزا و لە بەردەم ئاستەنگەکانی سرووشتدا زۆرجار دانامێنێ و دەریچە دەدۆزێتەوە.
بەڵام بەڵای گەورەتر لە گۆڕانی نەرێنییانەی ژینگە و ئاووهەوا بەرانبەر بە مرۆڤ، بوونی چەکە. چەکی کۆکوژ، چەکی ئەتۆم و چەکە کۆکوژە جۆراجۆرەکان کە زۆربەمان هێشتا ناویشیان نازانین. چەکێک کە مرۆڤ خۆی داهێنەر و بەرهەمهێنەرێتی.
ئەتۆم، چەکێک لەو ڕۆژەوە درووستکراوە، ئاماژەیە بۆ نادڵنیایی بەردەوامی ژیان لەسەر ئەم ئەستێرەیە.
ئەتۆم، ئەو چەکە ترسناکە وێرانکارە، ئەوەندەی لێبەرهەم هاتووە و ئەوەندەی لێ کەڵەکە کراوە، کە بتوانێت دەیان جار ئەم ئەستێرە داماوە هەپرون بە هەپرون بکات.
با ئەتۆم نەمێنێت. ئەتۆم، لەو ڕۆژەوە ئەم چەکە نەفرەتییە هەس، نە مرۆڤ و نە ئەم ئەستێرەیە دڵنیا نین. با فرۆشتنی چەک نەمێنێت.
با مرۆڤەکان بۆ نەمانی ئەتۆم و بڵاوبوونەوەی چەک، فرۆشتنی چەک بە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارە سەرەڕۆکان بێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان بهەژێنن.
ئۆسکار وایڵد دەڵێت: بەخشینی زانیاری و هۆشیارکردنەوەی کەسانی تر چەند ئاسانە، ئەوەندەیش زانیاری بەخۆبەخشین و خۆهۆشیارکردنەوە سەختە.
با مرۆڤەکان، بەتایبەتیش دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی سیستەم، سیستەمە کاریگەرەکانی جیهان، لەبارەی چەکەوە خۆهۆشیار بکەنەوە و بەئاگابێنەوە. با لە بری مەترسیی ژینگە، هیچ نەبێت سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ و بڵابوونەوەی چەک دابنێن.
بەداخەوە ئەوە ناکەن، بەرلەوەی باس لە مەترسی ژینگە و کارەساتی سرووشتی بکرێت، دەبوو چاوێک بە عەمبارەکانی چەک، بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ و فرۆشتنی چەکدا بخشێننەوە.
ئایا #هەڵەبجە# بەشێک نەبوو لەم ژینگەیەی ئێستا مرۆڤەکان بۆی دەڕژێنە سەرشەقام و وەردەبنە نێو گۆڕەپانەکان بۆی؟
ئایا شەڕە مووشەک بەسەر زەریاکاندا ژینگە وێران ناکات؟
گەلۆ وێرانکردنی خاک و کەژوکێوی کوردستان، وڵاتانی وەکوو سووریا، لیبیا، یەمەن و کوێ و کوێی دی ڕۆژانە بە چی دەکرێت؟
بە کام چەک و چ دەرئەنجامێکی نەک بۆ مرۆڤ، بۆ ژینگەیش دەبێت؟
ئایا وێرانکردنی دەروونی مرۆڤەکان، ڕاونانیان و کوشتنیان بە چەکە هەرە هاوچەرخەکان چین؟ چ شرۆڤەیەک هەڵدەگرن؟
ئایا سەبەبکارانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کەژەکانی کوردستان کێ بوون؟ ئەرێ تاوانباران چییان لێهات؟
سەبارەت بەو بابەتە و دڵنیایی ژینگە و پاراستنی گیان و ژیانی مرۆڤ پرسیارەکان زۆرن.
بەڵام بەرسڤ نییە!
کارەسات ئەوەیە مرۆڤ چارەسەر، سەرچاوەی لەنگەرگرتن و جڵەوگرتن لە بواری پاکژیی ژینگە و دڵنیایی لەخۆیدا نەبینێت و لە شوێنێکی تر بۆی بگەڕێت یان چاوی مرۆڤ وزەی بینینی هۆکاری سەرەکی کارەساتی نەبێت.
چەند خۆش دەبوو مرۆڤ ئارامی و دڵنیایی لە خۆیدا بدۆزیباوە و خۆی بکردبا بە پارێزەری ژینگە و پارێزەری ئەم ئەستێرەیە بە گشتی. نەک خۆی هۆکاری وێرانکردن بێت، چەکی ئەتۆم و کۆکوژ بۆ ژینگە و مرۆڤ بەرهەم بهێنێت و باسیش لە هەڵکشانی پلەی گەرمای ئەستێرەکە بکات.
گاندی دەڵێت: تۆ، خۆت ببە بە سەرچاوەی گۆڕانکاری، گۆڕانکارییەک کە هیوای بۆ دەخوازیت بۆ ئەم جیهانە.
گۆڕانکاری گەورە، بەتایبەتیش بۆ پاراستنی ژینگە ئەو گۆڕانکارییەیە کە لەم خاڵەوە دەستپێدەکات:
لە دەستبەردان لە چەکی ئەتۆم، جۆرە زۆر و ترسناکەکانی چەکی کۆکوژ و بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی چەک.
لەوێوە دەستپێدەکات، هەموو ئارامی و دڵنیاییەک لەوێوە دەستپێدەکات. لەوێوە... [1]