#عەتا قەرەداغی#
ڕەنگە ئەمە ناونیشانێکی سەیر بێت و ئەو پرسیارە درووست بکات: ئایا تاکو ئێستا کورد لە ناو مێژوودا نەبووە؟ بێگومان ڕەنگە زۆر بە خێراییش وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوەو پێداگری لەسەر ئەوە بکرێت کە کورد نەک هەر لە ناو مێژوودا نەبووە، بەڵکوو ڕۆڵی گرنگیشی هەبووە لە مێژوودا، بۆ نموونە چەندین مێژوونووسی ئێمە باسی ڕۆڵی کورد دەکەن لە خزمەتی دەوڵەتی ئیسلامیدا. زۆرێک باسی شکاندن یان زەرەرمەندبوونی سوپای دە هەزار کەسی گەزنەفۆن دەکەن لە کاتی تێپەڕینیاندا بە کوردستاندا، زۆرێکیش باسی ئەو خزمەتە زۆرە دەکەن کە کەسانی کورد لە مێژوودا لە ڕووی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردنەوە، یان لە ڕووی کەلتوورییەوە پێشکەشی عەرەب و فارس و تورکیان کردووە. لێرەدا نامانەوێت بڵێین ئەو خزمەتانە مەگەر لە ڕووی مەعنەوییەوە بۆ ئەو تاکەکەسانەی کە پێشکەشیان کردوون، ئەگینا لە ڕووی مێژووی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردییەوە بۆ ئێمە ماناو واتایەکیان نییە. بە دەربڕینێکی سادەو ساکار مێژووی کورد لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە کورد وەکوو نەتەوەو بە ناوی کوردەوە بەشداری بکات لە بەرهەمهێنانی شارستانێتیی مرۆڤایەتیدا، چونکە هیچ بەشداریکردنێک بە بێ بوونی شوناسی نەتەوەیی هیچ تۆمارێک بۆ نەتەوە دەستەبەر ناکات. شوناسی نەتەوەییش بە بێ بوونی دەوڵەتی نەتەوە مانایەکی نییە. بۆیە کورد تاوەکو ئێستا هەرچییەکی کردبێت مادەم خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبووەو نییە، واتە لە فەرهەنگی جیهانی شوناسەکاندا شتێک نییە بە ناوی کوردەوە. ئەو شوناسەش ئەگەر لە ئاستێکدا شوناسی کەلتووری بێت، ئەوا لە ئاستێکی تردا شوناسی یاساییە لەو ڕوانگەیەوە کە کورد ناوێکی تۆمارکراو و ئامادەو خاوەن شوناس بێت لە تۆماری نەتەوە یەکگرتووەکانداو ئاڵاکەی لە ڕیزی ئاڵای نەتەوەکانی تردا بشەکێتەوە. لە ڕاستیدا هەر نەتەوەیەک ئەم شوناسە یاساییەی نەبێت، چەندی لە ڕووی کەلتووری و زانستی و وەرزشیشەوە لە پێش بێت، ناوێکی نابێت لە ڕیزی ناوە خاوەن شوناسەکانداو ئەمەش دەیخاتە دەرەوەی مێژوو. بۆ نموونە نووسەرێکی پایەبەرزی وەکوو یەشار کەمال بە نووسەری تورک ناودەبرێت. مەسعود یەڵماز کاتێک گۆڵیک تۆمار دەکات، کۆمێنتەرەکان بە یاریکەری ئەڵمانی بە ڕەگەز تورک ناوی دەبەن. یەڵماز گۆنەی بە دەرهێنەری تورک و بەهمەنی قوبادی بە دەرهێنەری ئێرانی ناودەبرێن، لە کاتێکدا ئەم تاکەکەسە کوردانە لەسەر ئاستی جیهانیش ئامادەبوونی خۆیانیان سەلماندووە. بەڵام ئاشکرایە ئەگەر کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بووایە، بێگومان هەموو ئەم ناوانەو چەندینی تریش بە کورد و کوردستانی ناودەبران.
ئێمە دەزانین بەدەستهێنانی شوناسێک کە ببێتە بنەما بۆ ئەوەی کورد بێتە ناو مێژووەوە، کۆمەڵێک بنەمای مادی و مەعنەوی پێویستە، بەڵام بە بێ پێکهاتنی دەوڵەتی کورد ئەو بنەمایانە وەکوو مادەی خاو دەمێننەوە. کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت هیچ شتێکی کورد نابێت بە سرووشتی و باری ئاسایی وەرناگرێت تا ئەو کاتەی کە کورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی، چونکە تەنیا لە دەوڵەتدا هەر نەتەوەیەک دەتوانێت گوزارشت لە بوونی خۆی بکات و بکەرێتیی خۆی لەسەر زەمینەی واقیع و لەبەرانبەرو لە تەنیشت ئەوانی تردا بسەلمێنێت. ئێستا با نموونەیەکی سادە بهێنینەوە. لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا کورد وەکوو یەکەم هێزی کاریگەر توانیویەتی لەبەرانبەر هێزێکی تیرۆریستی وەکوو داعشدا ڕابوەستێت و نەک هەر بەرگری لەخۆی بکات، بەڵکوو ناوەندی سیاسیی جیهانیش دان بەو ڕاستییەدا دەنێت، کە لەبەرانبەر داعشدا کورد بکەری یەکەمە. بەڵام کاتێ دێتە سەر هەر بڕیارێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە داعش و بە چارەنووسی ناوچەکە نەک دەوڵەتە شکستخواردووە بەزیوەکەی بەغدا لەبەرانبەر داعشدا بەڵکوو شێخە خاوەن دەوڵەتەکانی کەنداویش دەنگی فەڕمییان لەو کۆڕو کۆبوونەوانەدا دەبێت و پرسیان پێدەکرێت، کوردیش لەدەرەوەی بازنەکەیە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کورد ئەو چەترە یاساییەی نییە کە چەتری دەوڵەتە. تاوەکو ئێستاش دەبێ ئەو هاریکارییانەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژاواوە دێت، دەبێت بە ڕەزامەندیی بەغدای بەزیو لە بەردەمی داعشدا بگاتە کوردستان. هۆکارەکەش دیسان نەبوونی دەوڵەتی کوردییە.
ڕاستە کورد سەرباری هەموو کێشەو کەموکورتییە ناوخۆییەکانی، سەرباری هەموو ئەو قەیرانانەی کە یەخەی گرتووەو بەشێکی درووستکراوی دەرەوەیەو بەشێکیشی کە زۆرەکەیەتی دەرئەنجامی ململانێی نامەشرووعی ناوەوەیەو بەشێکی لە بێ ئەزموونی و نەشارەزاییەوەیەو بەشێکی زیاتریشی لە لاوازیی هەست بە بەرپرسیارێتی کردن و خەریکبوون بە بەرژەوەندی تایبەتی و حیزبییەوەیە. بەشێکی پێوەندی بە ڕۆڵی نەرێنی گەنجی بێ ئەزموون و بێ پاشخانەوەیە کە لە بێبەرنامەیی حیزبی کوردی، یان بە مەبەست گەیەنراونەتە پێگەی لەوجۆرە کە هەڵەکانیان بەرهەمهێنی قەیرانی زیاترە، بەشێکیشی دەرهاوێشتەی ئەو مێژووە ناشیرینەی ململانێی نێوان ئەو نوخبە سیاسییەیە کە نیوسەدەیە لەسەر جەستەو ڕۆحی میللەت ڕق و کینەی خۆیان لە دژی یەکتر خاڵی دەکەنەوە. بەڵام بەهەموو ئەم گرفتانەشەوە، کورد ئێستا پێگەو جێگایەکی هەیە. دەبێ لەوە تێبگەین مێژوو ڕەوتی خۆی دەکات و ئەوەی ئێستا کورد پێیگەیشتووە بەرهەمی ئەو ڕەوتە سرووشتییەیە کە کۆمەڵگە لەپەرەسەندنی خۆیدا پێی دەگات. لەم ڕووەوە دەبێ دڵنیابین ئەگەر کورد خۆی بیەوێت هەموو ئەو قەیرانانە تێدەپەڕێنێت، بەڵام....
کەواتە دەبێ لەسەر وشەی بەڵام ڕابوەستین و بزانین مەبەستمان لەو بەڵامە چییە. پێمباشە سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم لە بارودۆخی شەڕی داعشدا دنیا ناچاربووە مامەڵەیەکی لەبەرچاو لەگەڵ کورددا بکات. ڕاستە جیهانی بڕیاربەدەست دەزانێت کورد ئەو هێزەیە لەسەر زەمینەی واقیع لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ئامادەبوونی لەبەرچاوی هەیە، بۆیە بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بە جۆرێک دەبینین هەولێر لە ڕووی جووڵەی دیپلۆماسییەوە لە هەموو پایتەختەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەردەکەوێت و زیاترین سەردان و کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرو دیپلۆمات و بەرپرسانی جیهان ڕەنگە لەم دوو ساڵەدا لەم شارەی ئێمە و لەگەڵ بەرپرسانی کورددا کرابێت. ئەمەش سەنگ و قورسایی کورد دەسەلمێنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن کورد خۆی کەڵک لەم بایەخدان و بە ناچاری ڕووکردنی دنیای بڕیار بەدەستە بۆ هەولێر لە سوودو بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی بەکاردەهێنێت.
ڕەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین سەرباری خراپی باری بابەتی سەبارەت بە کورد، بەڵام کێشەی گەوهەریی ئێمە بە درێژایی مێژوو زیاتر هەڵقوڵاوی باری خۆی، یان ناوخۆیی خۆمان بووە. ئەوەش وایلێکردووین نەتوانین کەڵک لەو کاتانە وەربگرین کە باری بابەتی لەبارو گونجاو بووە. واتە ئێمە خۆمان لە ڕابردوودا نەمانتوانیوە کەڵک لەو هەلانە وەربگرین کە ڕەخساون و ئەگەر کورد یەک دەنگ و یەک بڕیارو یەکگرتوو بوایە لە ڕابردوودا، دەیتوانی کەڵک لە زۆر هەل وەربگرێت و هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت بنێت، کە ئەوەش تاکە دەروازەیە کورد لێیەوە بێتە ناو مێژووەوە. ئێستاش لەم بارودۆخەدا کە کوردستان بەگشتی و باشوور بەتایبەتی بووەتە جێگای سەرنجی دنیا و نەبەزینی پێشمەرگەو خۆڕاگرییان لەبەرانبەر تیرۆریستانداو نەبوونی هەڵوێستی دیاری ڕەیسیزمانە لەلایەن جەماوەری کوردستانەوە بەرانبەر بەو لێشاوی ئاوارانەی کە سەربە دەوڵەتە داگیرکەرەو وێرانکەرەکانی کوردستانن، دەرگایەکی فراوانی لە بەردەم کورددا کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی جیدی و چارەنووسسازانە بەرەو ئاییندەی خۆی هەڵبنێت، بەڵام وەک دەبینین تاوەکو ئێستا زەمینەی ناوخۆ لەسەر ئاستی بڕیارو شێوەی کارکردنی نوخبەی سیاسی و حیزبی وەکوو پێویست نییە. ئێمە دەزانین جەماوەر لە زۆر ڕووەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەگەر سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەبێت بە ئاڕاستەی ئامانجی باڵا کە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی ڕابەرایەتی بکات، ئەوا گومانی تێدا نییە جەماوەر لێبڕاوانە دوای ئەو ئامانجە دەکەوێت. ئێمە گرفت یان قەیرانی لاوازی عەقڵێکی سیاسیمان هەیە کە بتوانێت کەڵک لەو هەلومەرجە بابەتییە وەربگرێت کە ئێستا هاتووەتەپێش کە گەوهەرەکەی ئەمەیە. یەکەم کورد لە باشترین باری ئامادەبووندایە لە ڕوانگەی ئەوانی دەرەوەی کوردەوە. مامەڵەی جیهانی دەرەوە لەگەڵ کورددا ڕاستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت. دووەم حکومەتی ناوەندی ئێراق لە خراپترین باریدایە چ لە ڕووی سیاسی و ئیداری و ئابوورییەوە، چ لە ڕووی پێگەی نێودەوڵەتییەوە. بارودۆخی سیاسی و ئابووری و مەسەلەی دیموکراسی و ئازادیش لەو دەوڵەتانەدا کە هەریەکەیان بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووە، خراپەو بە ئاڕاستەی خراپتریش دەڕوات. کورد دەتوانێت کەڵک لەو خاڵە لاوازەی داگیرکەرانی کوردستان بە عەرەب و تورک و فارسەوە وەربگرێت و لە جیاتی گۆرانی گوتن و خەونبینین بە بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشقەوە، پێویستە بە واقیعیانە یەکێتی و یەکبوونی کورد لەسەر جوگرافیای کوردستان درووست بکات. بۆ ئەوەی کورد کەڵک لەم بارودۆخە وەربگرێت دەبێ عەقڵی تەسکی حیزبی بەلاوەبنرێت و بچووکی و پاشکۆیی بۆ داگیرکەرانی کوردستان ڕەتبکرێتەوەو لەبری ئەوە هەوڵی درووستکردنی پێوەندیی هاوسەنگ بدرێت لەگەڵ بەغداو تاران و ئەنقەرەدا. هەر حیزب و تاکێکی کورد پێوەندی خۆی و دڵسۆزی خۆی بۆ عەرەب و تورک فارس پێش کارو دڵسۆزی خۆی بۆ کورد و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بخات، دەبێ بزانێت مێژوو ڕەحمی پێناکات و کاتێ کورد دێتە ناو مێژووەوە ئەو فڕێدەدرێتە سەرەنوێلکی مێژووەوە.
جێگای خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەو بارودۆخە نادرووستە بکەین کە پەروەردەی شکستخواردووی حیزبی لە کوردستاندا بەرهەمیهێناوە کە ئەویش دەتوانین لە بری پەروەردەی حیزبی بە بەرنامەی حیزب بۆ گەوجاندنی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە بیدەینە قەڵەم کە بریتییە لە بێبەهاسەیرکردنی نەتەوەو نیشتمان لە پەروەردەی حیزبیدا، کە دەرئەنجامی ئەوەش بریتییە لە ڕووخاندنی بڕواو متمانەی زۆرینەی کادیران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە سەربەخۆیی و بە درووستکردنی دەوڵەتی کوردی. بێگومان ئەمەش دوو سەرچاوەی هەیە. یەکەمیان یان ئەوەیە کە ئەم جۆرە حیزبانەی کە ئەم جۆرە پەروەردەیە دەکەن، لە بنەڕەتدا بڕوایان بە سەربەخۆیی کوردستان و درووستبوونی دەوڵەتی کوردی نییە. واتە ئەمانە حیزبی بێ ستراتیژو بێ بەرنامەی نەتەوەیین. هەرئەوەش وایکردووە کە ئەو حیزب و دەستەو گرووپانەی دەکەونە ژێرناوی ئەم کاتیگۆرییەوە لە خراپترین کێشەی ناوخۆدان و بەردەوام لە شپرزەیی و هەڵچووندا بن و ئاڕاستەی ئیشکردنیان نادیارەو پەرت و بڵاون و تەنانەت توانای هیچ جۆرە بڕیاردانێکی ئەوتۆیان نییە و هەر دەستەو گرووپ و تەنانەت هەر چەند بەرپرسێکیان هەریەکە ئاوازێک دەژەنێت. ئەوەش وایکردووە کە جۆرێک لە ونبوون و سەرلێشێواوی لە ناو ئەندام و لایەنگرانی ئەو جۆرە حیزباندا درووست ببێت، کە ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەماوەر درووست دەکات. ئێستا کورد لە قۆناغێکدایە بە بۆچوونی هیگڵی ڕۆحی گشتی کۆمەڵگە بەرەو بڵندبوون و گەیشتن بە ئاستی دەوڵەت دەچێت، کاتێک حیزبێک بەرنامەی دەوڵەتی نەبێت، مانای وایە ڕۆحی گشتی بڵندبوو دووچاری سەرکوتکردن و جۆرێک لە لادان دەکات. ئەو پشێوی و ململانێیانەی کە لەنێو حیزبی کوردیدا هەن و بە ئاشکراش ململانێی فیکری و ئایدیۆلۆژی نییە، ئەوە دەرئەنجامی سەرکوتکردن و لادانی ڕۆحی گشتی کۆمەڵگە، یان بەلایەنی کەمەوە لادانی ڕۆحی گشتی ئەندام و جەماوەری حیزبە.
دووەم، یان ئەم حیزبانە خاوەنی بڕیاری خۆیان نین و پەیوەست و وابەستەی داگیرکەرانی کوردستانن لە عەرەب و تورک و فارس، کە ئەویش لەپێناوی بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسیدایە، نەک بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی. لە هەردووبارەکەشدا نوخبەی سیاسی و حیزبی بەرپرسیارە چ لە گەوجاندنی جەماوەرو گەیاندنی بەو ئاستەی کە بڕوای بەسەربەخۆیی و دەوڵەت لەق بێت. یان چ ئەوەی کە ڕووبەرێک لە بەرپرس و کادیری باڵاو مامناوەندی حیزبی کوردی ڕاستەخۆو ناڕاستەخۆ شێوەی قسەکردن و دەربڕینەکانیان بەتایبەتی زۆرێک لەوانەی دەنگیان دەگاتە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن، ڕووتکراوە و بەتاڵکراوە بێت لە سادەترین توخم و ڕەگەزی نەتەوەیی و نیشتمانی. بەڵێ ئەوە نوخبەی سەرەوەی سیاسی کوردییە کە ئەو جۆرە پەروەردە حیزبییەیان داهێناوەو خستوویانەتە شوێنی پەروەردەکردنی نەتەوەییانەو نیشتمانییانەی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری حیزبەکانیان. ئەمەش لە ئاگاییەوە بێت، یان نائاگایی دەبێتە خزمەت بە بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان و کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر ئاییندەی نەتەوەو نیشتمان دەبێت.
بێگومان ئێستا بارودۆخی بابەتی لەباشترین باریدایە بۆ ئەوەی کورد بڕیاری سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی خۆی بدات لە باشووری کوردستاندا. ئەوەش پێش هەموو شتێک دەبێ هەوڵبدرێت زەمینەسازی ناوخۆیی بۆ بکرێت کە بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ چ کێشە سیاسییەکان و چ کێشە ئابووری و داراییەکان. بە جۆرێک کە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ ببێتە دەروازەی زەمینەسازی بۆ یەکێتی و یەکبوونی ناوخۆ کە مەرجی یەکەمین و پێویستە بۆ ئەوەی کورد وەکوو یەکەیەکی یەکگرتوو بڕیاری چارەنووسسازانەی خۆی بدات. کاتێک ئەمەش پێکدێت ڕێگای یەکەمین بۆ بڕیاردانێکی لەم جۆرە گفتوگۆی هێمن و بابەتییانەو شارستانییانەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئێراقی تا بتوانرێت بە ئاشتی و بە ڕێککەوتن کوردستان لە ئێراقی عەرەبی جیابکرێتەوە، کە ئەوەش لەبەرژەوەندی ئێستاو ئاییندەی هەردوولادەبێت. بێگومان کورد لێرەوە لەم دەروازەوەو تەنیا لەم دەروازەوە دێتە ناو مێژووەوەو بەشداری بنیادنانی شارستانێتی مرۆڤایەتی دەکات، وەکوو بوویەکی خاوەن شوناس و ئامادە لە ڕیزی ئەو نەتەوانەدا کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن.
وەکو گوتمان بارودۆخی بابەتی لەبارە، ئەگەر دەمانەوێت بێینە ناو مێژووەوەو چیتر لە پەراوێزدا نەمێنینەوە پێویستە زەمینە بۆ بڕیاردانی سەربەخۆیی ئامادەبکەین، ئەویش بەوە دەبێت کە لەپێناوی یەکێتی و یەکبوونی هەموو نەتەوەدا هەموو کۆسپ و بەربەستەکان بڕووخێندرێن. بەرپرسیارێتی یەکەمیش لە ڕوخاندنی بەربەستەکان و زەمینەخۆشکردن بۆ ئەو یەکێتی و یەکبوونە کە زەمانەتی بڕیاردانی سەربەخۆیی و پاراستنی ئەنجامی بڕیارەکەش دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە. بۆیە پێویستە پارتی لەپێناوی ڕێکخستنی ماڵی کورددا هیچ هەنگاوێک بە تەنازول نەزانێت و پێویستە بە جۆرێک کاربکات کە نەشیاو (مستحیل) بکات بە شیاو (ممکن) . چونکە نەتەوە دەکەوێتە سەرووی هەموو حیزبەکانەوە بە پارتیشەوە، کەواتە هەموو حیزبەکان ئامرازن لەپێناوی ئامانجی باڵای نەتەوەدا، ئەگەر بە ڕاست بڕوامان بەم بۆچوونە هەبێت، دەبێ خواستی تەسکی حیزبی بکوژین، هەتا ئامانجی باڵای نەتەوەیی لە دایک بێت و گەشە بکات و بژی.[1]