مەلا عومەری زەنگەنە (لەدایکبووی 1750 – مردووی 1809) کوڕی خالید بەگ شاعیری کوردە کە بە نازناوی ڕەنجووری شێعری نووسیوە.[1] ڕەنجووری خەڵکی #کەرکووک# بووە و شێعرەکانی بە زۆری بە گۆرانین. حاجی قادر لە شێعرێکیدا کە بۆ شاعیرانی کوردی نووسیوە ناوی دەهێنێت و دەڵێت:
یەکێ ڕەنجووری ئەهلی کەرکووکە فیکری بیکری هەموو وەکوو بووکە
خودی ڕەنجووریش وەک حاجی قادر شاعیرانی کوردی پێش خۆی و سەردەمی خۆی بە هەڵبەست هۆنیوەتەوە. بۆ نموونە دەڵێت:
شوعەرای کوردستان گۆیەندان خاس هەرچی مەشهوورەن پەرێت کەروو باس
مەلا نەجەف نام خانای قوبادی یەک مەلا ساڵح جەرگەی مورادی
عەزیز دەردین، موحەمەد عیسا بەگ حاجی تیلەکۆ، فەقێ عەلی بەگ
یۆسف یاسکە، مەڵا تەمەرخان شێخ عەلی حەریر، مەلا یەعقووب جان
شێخ وەیس گەڵاڵی، عەزیزۆڵا لۆڕ شێخ موحەمەد جامی، مەلا بایندوڕ