ڕۆژگارێکی سەخت بوو ؛ ئەتوانین بڵێین کورد کۆسی کەوتبوو بەتایبەتی لە باشووری کوردستان. دوای هەرسی شۆڕشی ئەیلوول وداتەپینی ورەی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان. دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس لەو پەڕی بەهێزی دابوون. هەر لەو قۆناغەشدا (کۆمەڵەی ئازادی وژیانەوەو یەکێتی کورد – #کاژیک#) بەیەک جاری کۆتایی بەڕێکخستنەکانی هاتبوو. لەو ڕۆژانەداو تەنها دوای چەند هەفتەیەکی کەم، هاوبیرێکمان کە فەرهاد عەبدولقادر بوو بیرۆکەی دامەزراندنی حزبێکی نەتەوەیی لەدەرونیدا چەکەرەی کردبوو ئەو بیرۆکەیەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو کەڕاستە شۆڕش کۆتایی هاتبوو بەڵام پێویست بوو بۆ هەمووان (دۆست ودوژمن) بیسەڵمێنین کەکورد هەرماوەو ئەمێنێ کوردستانیش خاوەنی ڕاستەقینەی هەیە. کاتێک ئەو هاوبیرە پەیوەندی پێوە کردم بۆ ئەم مەبەستە ئەو پڕۆسەیەمان پێکەوە تاوتوێ کرد، منیش ئەو شێوازی کارکردنەم پەسەند کرد،لەوەو دوا بەندەش کاک (مەحەمەد مستەفا) واتا (#ئازاد مستەفا#)م لێی ئاگەدار کردەوە وزیاتر لەکۆبونەوەیەکی دوو قۆڵیمان ئەنجامدا ئەوسا ئەویش بڕیاریدا کە بەشداری بکات لەو کارە پیرۆزەدا. بۆماوەی چەند مانگێکی کەم کۆبونەوە سێ قۆڵێکانمان بەردەوام بوو ؛ دەرئەنجام توانیمان پرۆگرام وپەیرەوی ناوخۆ وبەیانی یەکەم ئامادە بکەین. هەرچەندە ئەم کارەمان چەند هەفتەیەک پێش 11ی 9 ی1975 تەواو کرابوو بەڵام بڕیارماندا لەو مێژوەدا واتا لە11ی9 بەیانی یەکەم بڵاو کەینەوەو وەکو وەڵامێک بۆ ئەو بەیاننامەیەی ڕژێمی بەعس کەلە یەکێ لەڕستەکاندا ئەیوت : (انتهت والی الابد اسطورة الجيب العميل)واتا شۆڕشی کورد بو هەتا هەتایە کۆتایی هات. لەسەرەتادا و تاساڵێک ناوی ئەو حیزبە (پارتی سۆشیالستی نەتەوەیی کورد) بوو،لەدوای ساڵێک وبەپێی پێشنیاری دکتۆر #جەمال نەبەز# ناوی حزبەکە لەکۆبونەوەیەکی فراواندا گۆڕا بۆ (پارتی سۆشیالستی کورد- #پاسۆک#) مۆرمان لە شاری میونخ دروست کردوهێنامانەوە بۆ کوردستان. بەیانی یەکەمی حیزبمان گۆڕی بۆ زمانی ئینگلیزی وچەند کۆپیەکیمان لەشاری بەرلینی ڕۆژئاوا بڵاو کردەوە، هەندێکیان ئاراستەی هەندێ ناونیشان کران. ئەی ڕۆلە دڵسۆز وبوێڕ وبەشەرەفەکانی نەتەوەکەمان بەپێویستی دەزانین لەیادی دامەزراندنی پاسۆکدا بڵێین کەبۆشاییەکی فیکری وسیاسی هەیەو هەرچی زووە پێویستمان بەدامەزراندنی حزبێکی نەتەوەیی هەیە کەڕێبازی کوردایەتی پەیرەو بکات وهەموو ئەوانەی کە هەڵگری ئەو بیرو ئەو ڕێبازەن لەخۆ بگرێت وکۆتایی بەپەرتەوازە بوونیان بهێنێت.پێوستمان بەحزبێکه کە ببێتە چقڵی چاوی داگیر کەران ودوژمنان...ببێتە حزبی ئەوانەی لەپێناوی کورد وکوردستاندا شەهید کران وببێتە فریاد ڕەسی ئەم نەتەوەیە وببێتە مۆتەکە بۆ خائینان. بژی کورد بژی کوردستان... هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردایەتی.
شێرزاد فاتح محمد #کەرکووک#
#11-09-2018#
Bu makale (کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmıştır, makaleleri orijinal dilinde açmak için
sembolüne tıklayın!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Bu başlık 4,495 defa görüntülendi
Bu makale hakkında yorumunuzu yazın!