خۆ ناتکوژن، لایک و کۆمێنت بۆ هەموو شتێ مەکە
زۆرینەی میدیا و میدیاکارانی کوردستان بە خۆشمەوە، بێ ئاگا خزمەتی ئەجێندایەکی میتی تورکیا دەکەین، بووینەتە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ و میت وەک دەزگایەکی دەسوەشێن کە بەوردی ئامانجەکانی دەپێکێت نیشاندەدەین.
یەکی مانگ لە ڕێگای #ڕانیە#، #چوارقوڕنە# ئۆتۆمبێلێک تەقیەوە یان بۆردومانکرا، زۆرینەی میدیاکان وتیان فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لێیداوە.
گەورەترین میدیای کوردستان کە ڕووداوە، وا ڕووماڵی کرد کە دوو گەریلای پەکەکەی تێدا بووە، بەڵام زانیارییەکەی ناڕاست بوو، دوو هاوڵاتی مەدەنی تێدا بووە.
ئۆتۆمبێلەکە لەسەرەوە هیچی لێنەهاتووەو لەوەشدا پێدەچێت بۆمبی چێندراو بێت، نەک فرۆکەی درۆن.
هەر ئەمە نیە، پێنج شەممە 28-07-2022، میت ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەرپرسێکی باڵای پەکەکەی بە ناوی خەدیجە هەزەر لە #سلێمانی# تیرۆر کردووە، لە کاتێکدا ئەو گەریلایە لە سلێمانی تیرۆر نەکرابوو، زۆرینەی میدیاکان هەواڵەکەی میتیان وەک خۆی بڵاکردەوە.
ئەو تەکنیکەی میتی تورکیا ئیشی لەسەر دەکات، پێی دەوترێت سایکۆلۆجیکاڵ ئۆپەرەیشن، کە بریتییە لەهەڵمەتێکی بەلاڕێدابردنی ڕێکخراو، بەگشتی لەلایەن سوپا و دەزگا ئەمنییەکانەوە ئەنجامدەدرێت بەتایبەتی لەکاتی دروستبونی گرژی و جەنگدا، تورکیا ماوەیەکی زۆرە ئەم تەکنیکە لە کوردستان بەکاردەهێنێت.
میت، کاتێک کردەیەکی تیرۆر ئەنجامدەدات ڕاستەوخۆ دەڵێ فەرماندەو بەرپرسی باڵای پەکەکە بە ئامانج گیراوە، برادەرانی پەکەکە وتبوویان ئەگەر قسەکانی میت ڕاست بن، ئەوا دەبوایە یەک بەرپرسی پەکەکە نەمایە.
میدیاکاران هەندێجار لە ناچاری و نەزانی و پەلەپەلیدا دەکەونە هەڵەوە، بەڵام تۆی بینەر و خوێنەر تا دڵنیا نەبیت لە شتێک نە لایکی بکە نە کۆمێنت.
رەسمەکە
[1]