نازەنین گۆران
لە شاری لۆزانی سویسرا و لەو شوێنەی پێش 100 ساڵ پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆکرا، ڕاگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی ڕەتکردنەوەی 100 ساڵەی #پەیماننامەی لۆزان# خوێنرایەوە، کە تێیدا هاتووە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەدیهێنانی مافی چارەنووس، پشتیووانیی کورد بکات.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-07-2023) ، 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت و لە دوو ڕۆژی ڕابردوویشدا 75 پارت و لایەنی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە بەشداریی ڕۆشنبیران، سیاسەتڤانان و دیپلۆماتان کۆنفرانسی ڕەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆش ڕاگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لۆزان بڵاوکرایەوە، کە جەخت لە کۆمەڵێک خاڵ دەکاتەوە.
دەقی داواکارییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
- پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیووانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.
- لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت. ئەو کۆمیسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی درووستبکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتیخوازانە لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ.
- کورد، ببێتە ئەندامی چاودێر لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.
- ھەوڵبدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە (ئێراق، ئێران، سووریا و تورکیا) ببنە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەپێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی ئەم ئەنجامنامە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا.
- لە ماوەی 100 ساڵی لۆزاندا، چەندین پڕۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان کراون؛ پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە، دڵنیاییش فەراھەم بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرانبەر گەلی کوردستان، بە پشتبەستن بە یاسای قەدەخەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵەتی.
- ڕێگریکردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بە گەلی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژاوا و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی؛ لەگەڵیدا ھێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لەنێوان تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان جێگیربکرێت لەپێناو ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەکە.
- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دایلۆگەوە، داواکارین بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە) و گیراوانی دیکەی سیاسی، ئازاد بکرێن.
لە ئاستی نێوخۆی کوردستان
- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسییەکان.
- وەلانانی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.
- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا.
- پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا بۆ هاوئاهەنگی و ھاوکاری لە بواری سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی.
ڕاپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان
- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژ و پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.
- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و ڕێزگرتن لە پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان.
- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لەپێناو برەودانی زیاتر بەو خەباتە نموونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.
لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە
- پارچەکانی کوردستان لەناو سنووری دەوڵەتی سووریا و تورکیا بە فەرمی بناسرێن بەو دیفاکتۆییەی خۆیان دەیخوازن.
- ئەو دیفاکتۆ خۆبەڕێوبەرییەی کوردستان لەناو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیی نەتەوە یەگگرتووەکاندا، دانی پێدابنرێت و بەفەرمی بناسرێت.
- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەکدەنگی لە ئاستی باڵادا پێکبھێنرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان تەنیا بە ڕێککەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.
- داخوازییەکی جیدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بەو بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمایەتییەکانی ناموسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردە جێبەجێ بکرێت.
- ئێزدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری ناموسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ ڕۆم، ئەرمەنی، سریانی و کلدانی قبووڵکراوە، بۆ کوردانی ئێزدی و یارسانەکان پەسند بکرێت.
- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان ھەریەک نووسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بکرێتەوە.
- ئۆرگانێکی ڕاوێژکاری و ڕێنیشاندەر لەنێوان بەشەکانی کوردستان درووست بکرێت، لەپێناو ھۆشیاری و بەرچاوڕوونی و پلاندانانی ھاوبەش.
- داواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لەبەرانبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی، کولتووری، ئابووری کۆمەڵایەتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن، بە پشتبەستن بە بڕیاری پەڕڵەمانی کوردستان لە بەفەرمی ناسینی کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستان.
- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دایلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گیراوانی دیکەی سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.
- بە پێی مادەی 140ی دەستووری ھەمیشەیی ئێراق، چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ڕەچاوی تایبەتمەندی ناوچە بەعەرەبکردنکراوەکان بکرێت.[1]