شانۆییەک بە پەیامی بەرەو وێرانبوونی کۆمەڵگە نمایشکرا
#15-06-2023#
کێشە و گرفتەکانی ئێستای ژیان و کۆمەڵگە، لە شانۆیەکدا نمایشکرا و پەیامی شانۆکە، خراپی دەسەڵات و وێرانبوونی کۆمەڵگەبوو کە کەس نییە ئاوڕی لێبداتەوە.
شانۆیی دیۆدرامای ” ئەو پیاوەی بوو بە سەگ ” ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ھۆڵی ھونەرمەندان لە شارۆچکەی قەڵادزێ، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەر دۆستان نمایش کرا.
شانۆییەکە بەرھەمی تیپی نواندنی قەڵادزێیە، لەلایەن ئۆرڤاڵدۆ دراگۆنەوە نووسراوە و، لەلایەن دەرهێنەری کورد خدر مەحەمەدەوە کاری دەرهێنانی بۆکراوە، کۆمەڵێک شانۆکاری ناوداری شارۆچکەکەش ڕۆڵیان تێدا بینی و لە ھۆڵی ھونەرمەندان لە شارۆچکەی قەڵادزێ نمایشکرد.
شانۆییەکە باس لە کێشەوگرفتی ئێستای کۆمەڵگە دەکات و ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی نمایشکردنی شانۆییەکە بوو، وا بڕیارە یەک هەفتە ڕۆژانە نمایش لە کاتژمێر 4:30 خولەکەوە لە هۆڵی هونەرمەندان بەردەوام بێت.
سەبارەت بە شانۆییەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: شانۆی ئەو پیاوەی بوو بەسەگ ئەمڕۆ ڕۆژی یەکەمی بوو، بڕیارە ھەفتەیەک بەردەوام بێت و چیرۆکی شانۆییەکە باس لە وێرانی شارێک و گرفت و کێشە و معاناتەکانی دەکات، بە شێوەیەک پێداچوونەوەی بۆکراوە کەبەتەواوی باس لەو شارە بکرێت کە تێیدا نمایش دەکرێت.
وتیشی: پەیامی سەرەکی شانۆکە ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک ھەیە بەدەست دەسەڵاتەوە دەناڵێنێت و خەریکە تەواو وێران دەبێت و ھەڵدەتەکێنرێت، بەڵام کەس نییە ئاوڕی لێ بداتەوە، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئەو پەیامە بگەیەنین و بزانین کێ ئەبێت بە فریاد ڕەس، ئەم کۆمەڵگەیە ڕزگار دەکات.[1]