$خوداکان لە داروکوفریش وازناهێنن!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کاری هەر ئایینێکی ئاسمانی بە گوێرەی دەقە پیرۆز و ژیانی پێغەمبەرەکانیان پێش هەمووشتێک پاڵفتەکردن و هەڵاوێردو تەزکییەی نەفسی تاکە دواتر فێرکردن و دامەزراندنی سەڵتەنەت و شوناس و بەخشینی خاسیەتەکانی شوناسی بە شوێنکەوتوانی ئەو دینە، سەرەتا یزکیهم دواتر یعلمهم الکتاب والحکمە، ڕێک پێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ سەلەفیزمی وەهابی دەیکات بە پڕ کردنی مێشکی خەڵک لە ئەحکامێکی بەسەرچووی زەمەنیی بەبێ ڕەچاوکردنی بچوکترین پێودانگی ئەخلاقیی و ئیمانی.
کارکردن لەسەر هەویە و شوناسی دینیی و دنەدانی ئەو شوناسە موزەیەفە لە زەمەنێک دا کە شوناسەکان تێکەڵ دەبن و ئەگەری پێکدادان ئەگەرێکی حەتمییە تێیاندا، لەبارترین و گونجاوترین ئاو و هەوایە تا مرۆڤە سەلەفیی و حاقید و ئایدۆلۆژیستەکان لێیەوە مارکێتینگ بۆ بیر و بۆچونە چەقبەستووەکانی خۆیان بکەن.
ئەوەی کەسی سەلەفیی و بەدیاریکراویش وەهابیی خۆشی دەوێت شوناس و قوڵکردنەوەی جیاوازییەکانە، ئەوەشی دورەپەرێزیی لێدەکات ئیمان و ڕەکیزە ئیمانییەکانە کە کار لەسەر نزیککردنەوەی مرۆڤەکان دەکەن لەیەکدی بە چاوپۆشی لە جۆری شوناس و ئایدۆلۆژیاکەیان.
کەسی سەلەفیی و ئادیۆلۆژیست و حولحولی کەمتر خۆی لە بابەتەکانی عیشق و ئیمان دەدات، چونکە بوار بۆ ڕەتکردنەوەی ئەویتر لە ئیمانیاتدا نییە. پێغەمبەرد.خ سەرەتا ئیمانی لە دڵدا دەچەسپاند ئەوسا هەویە و شوناسی بۆ کۆمەڵگای موسوڵمان درووستکرد، سێزدە ساڵی مەککە ساڵانی ئیمان و عیشق و جیلوەی ئیمانیی بوون، دەساڵی مەدینە زۆر بەوردی کاری لەسەر شوناسی موسوڵمانان و هارمۆنی ئەو شوناسە کرد لەگەڵ دونیای دەرەوەدا. بە پێچەوانەوە کەسی سەلەفیی و ئایدیۆلۆژیست پێچەوانەی ئەو پێغەمبەرەی کە بە پێشەوای دەزانن دەجوڵێنەوە، شەڕی شوناسێکی بێ عیشق و بێ ئیمان و بێ شەوق دەکەن، شەڕەکەیان ئیسلامیزمە نەک ئیسلام و ئیمان. وەک ئەعرابی بیردەکەنەوە و هەموو یارییەکە بەتەسلیم بوونێکی کوێرانە کۆتایی پێدەهێنن.
ڕۆحی ئێکستریم و بیمار و دەخەزاری ئەم جۆرە لە دیندار ی زاهیریی نە ویژدانی هەیە و نە ئیمان و نە خودا، ئەوەی هەیەتی وەهم و ئایدۆلۆژیای دینیی و مشتێک بەرژەوەندی و سێ یا چوار ژن و کەنزیزەکی جوان و هەندێ دۆلار و درهەمە، نەوەک خودی ئیمان و جیلوەی جەمالی خودا، بە ئاستەم جیلوەی نووری خوادا لەنێو چاویاندا دەبیندرێت، بە سەرەتاییترین ڕەخنە تووڕە دەبن هەڵدەچن، کوێ نارن و هەمیشە دەبێت قسەکەر بن، دونیا بۆ دوو بەرەی یار و نەیار دابەش دەکەن، تیرۆری فیزیکی مەعنەویی هەموو نەیارە فیکرییەکانیان دەکەن.
قالت الاعراب امنا قل لن تومنوا ولکن قولو اسلمنا ئەعراب ڕادەست بووبوون نەک ئیمانیان هێنابێ. هەر ئەم ئەعرابانە کە قورئان بە اشد کفرا و نفاقاوەسفیان دەکات دڵڕەش و دووڕوون بەڵام خۆیان زۆرترین تۆمەتی نیفاق و دڵڕەشیی بەسەرخەڵکدا دەبەشییەوە، ئەوانەی ئێستاش هەر بەو جۆرەن. ئەوان نەک هەر قودوەی حەسەنە نین بەڵکوو وەک زۆرینەی ئەعرابییەکانی حیجاز و نیمچەدورگەی عەرەبی دیندارییەکەیان وەک موسەیلەمە و بن سەلول و سامیریە، نەک ئیمانداربن وەک ئەبوبەکر و لەعازیر و یۆحەننا و ئۆگستین.
کەسێک پێش ئەوەی موسوڵمان بێ دەبێ موتەقی بووبێ پێشتر پێش ڕادەست بوون و ئیسلامەتییەکەی ڕێزی ئەویتر بگرێ، هەرچەندە وەک ئەمیش بیرنەکاتەوە، حەیا و شەرمی هەبێ، واتە موتەقی بێت ئەوسا دین دەبێتە هیدایەت بۆی ذالک الکتاب لاریب فیه هدیً هودا بۆ کێ؟ بۆ للمتقین، دواتر هەر فەرمایشتی [خیارهم فی الجاهلیە خیارهم فی الاسلام]دەبێتە وەسفی ئەمانە.
دین کەسێتی و پێرسناڵێتی مرۆڤ ناگۆڕێت، باشترینی جاهیلی لە ئیسلامیشدا هەر باشترین دەبێ، مەزهەب و ئایین و تەریقەتەکان وەک کارایەکی یاریدەدەرن catalyst لە هاوکێشەیەکی کیمیاییدا، تواناکانی ئینسان بەرەوە ئامانجەکەی خێراتر دەکەن نەوەک بیگۆڕن. ئەوەی ئەمڕۆ هەوای خۆی کردۆتە خودای خۆی و قەڵەمی باش و خراپ بەسە خەڵکدا دەهێنێت و بەم دەڵێت کافر و بەو دەڵێت زەندیق و بە زاڵمی ڕۆژەکەی دەڵێت وەلی ئەمر، دونیا بە ڕەش و سپی لەپێنا و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەخوێنێتەوە، ماچی دو گەنجی عاشق دەگەیەنێتە ئەوەی ڕەجم بکرێن بەڵام ژنبازییەکانی خۆی بە حیلە شەرعییەک دەکاتە سوننەتێکی دینیی، گەر موسوڵمان، کریستیان، جوولەکە یا ئاتایست بێ فەرق ناکات ئێکستریمیستە و مەحوکمە بەوەی لەکۆتاییدا سوک وڕیسوا و خەجاڵەت بێت افمن اتخذ اله هواه! بەقەولی نالی: شێخە و سەراپا دەڵەک و ڕێوی دەپۆشێت.
ئەوانەی بە عاتیفەو کەفوکوڵێکی گەرمەوە قسەدەکەن و بەرگری لەم دەجالانە دەکەن دەیانەوێت ئەو کەفوکوڵە ئانیی و کاتییەی خۆیان کە زیاتر گرێی سایکۆلۆجیی و پەرچەکردارە نەوەک جەزبەی ئیمانیی و عاشقانە نەک هەرتەعمیم کەن بەسەر کۆی ژیانی خەڵکدا بەڵکوو ویستیان هەیە هەمومان و بیرکردنەوە و مەعریفەی هەموومان بەوجۆرە گەرمبوونە کاتییەی خۆیان دەیخوازێ لاقە بکەن، ئەنجامەکەی لەو پارادۆکسە زیاتر نابێت کە خۆیان و هاوئاوازەکانیان تێیکەوتوون. [1]