ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە کوردستان/ بەشی سێیەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$مێژووی بڵاوبوونەوەی جووەکان بە جیهاندا$
جووەکان وەک لە سەرەتاوە و لە سەدەی شازدەی پێش زایینەوە نیشتەجێی ناوچەی جیۆگرافی (کەنعان یان #ئیسرائیل#) بوون، بەڵام دواتر بە هۆکاری مێژوویی پەرت و بڵاو دەبنەوە.
مێژووی بڵاوبوونەوەی خەڵکی جوو بۆ 720 ساڵ پێش لەدایکبووونی عیسا دەگەڕێتەوە، واتا لەو کاتەی کە شەڕێکی گەورە لەنێوان ئاشوورییەکان و میسڕییەکان ڕوو دەدات و جووەکان بە هۆی نزیکیی جیۆگرافی و هەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ میسڕییەکان، لایەنگریی ئەوان دەکەن، بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی ئاشوورییەکان، لەو شەڕەدا ئیسرائیل داگیر دەکرێت و شاری #ئورشەلیم# لە ساڵی 586 پێش زایین وێران دەکرێت و هەزاران جوو وەک دیل و کۆیلە برانە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ کار پێکردن.
لەدوای ئەو شەڕە قورسە (شەڕی نێوان ئەسکەندەری مەکدۆنی و داریوش و کۆرشی ئیمپراتۆری فارسەکان) ڕوو دەدات و بۆ جارێکی تر ئیسرائیل و ئورشەلیم دەکەونە بەر شاڵاوی کوشتن و دیلکردن و ئاوارەیی و دیسان خەڵکی جوو ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی دنیا بوون.
لەو کاتەدا بوو، کە خەڵکی جوو دابەش بوونە سەر سێ دەستە:
(ئەشکنازی) ئەوانەی لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا بوون، وشەی ئەشکەنازی لە وشەی عیبری لە سەدەکانی ناوەڕاست وەرگیراوە، کە بە واتای (ئەڵمان) دێت.
(سفارادی) ئەوانە بوون، کە لە ئیسپانیا، پورتوگال، ئەفریقای باکوور و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوون، وشەی سفاردی لە زمانی عیبری هی سەدەکانی ناوەڕاست، بە مانای (ئەسپانەکان) دێت.
(میزراحی) ئەو نەتەوە جووە بوون، کە کەوتنە ئەفریقیا و دوورگەی عەرەبی.
لە کتێبی (پەیوەندیی کورد و جوو) لە نووسینی شێرزاد عومەر لەسەر ئەم بابەتە هاتووە: ”ئەشکەنازی و سەفاراد لەبارەی یاسای گشتیی تەورات و بنەمای ئایینی هیچ جۆرە ناکۆکی و جیاوازییان نییە، بیڕوباوەڕی جووەکانی سەفاراد لەبنەمادا هاوشێوەی قوتابخانەی ئورتودۆکسی جووییە، هەرچەندە لێکدانەوەی سەفاردییەکان لە شەریعەتی جوو (هەلاخا) هەندێ جیاوازییان لەگەڵ ئەشکەنازییەکاندا هەیە، بۆ نموونە لە جەژنی (پەسەح)دا جووە سەفاردییەکان دەتوانن برنج و گەنمەشامی و فاسۆلیا بخۆن، لە حاڵێکدا ئەشکەنازییەکان ئەو خواردنانە ناخۆن“.
بێجگە لەو مەڕاسیمە، ئەم دوو گرووپە لە نوێژکردنیش هەندێ جیاوازییان هەیە و هەر یەکەوە بە جۆرێک کەڵک لە مۆسیقا وەردەگرن.
$تێکەڵاویی جوو لەگەڵ خەڵک و کولتووری دیکە$
بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، جووە سەفاردییەکان بە بەراورد لەگەڵ ئەشکەنازییەکان، زیاتر لەگەڵ خەڵکی ئایینەکانی تر تێکەڵ بوونە، دەتوانین بڵێین، لەو ناوچانەی جووی سەفاردی نیشتەجێ بوون، جووەکان کەمتر تووشی کێشە و بیروڕای دژە جوو بوونە، کە هۆکارەکەشی بۆ تێکەڵاویی سەفاردییەکان لەگەڵ خەڵکی ئایینەکانی تر دەگەڕێتەوە، ئەمە ڕێک بەپێچەوانەی ئەشکنازییەکانە، کە لە هەر ناوچەیەک ژیابن، لەگەڵ خەڵکی غەیرە جووی ناوچەکە تووشی کێشە بوونە و هەستی دژە جوو لەو شوێنەدا باو بووە.
$زمانی جووەکان$
جووەکانی جیهان بە شێوازی گشتی بە دوو زمان قسە دەکەن:
- زمانی (ییدیش) کە لای زۆربەی خەڵک ئەوە بە زمانی فەرمی و نێودەوڵەتیی جوو دەناسرێت، پێکهاتەیەک لە زمانی عیبری و ئەڵمانییە، کە ئەم زمانە تایبەتە بە ئەشکەنازییەکان.
- زمانی (لادینۆ) کە تایبەتە بە سەفاردییەکان، کە پێکهاتەیەکە لە زمانی عیبری و ئیسپاناییە.
عیبری زمانی فەرمیی ئیسرائیلە، کە بە شێوازێکی بەردەوام بەکار دێت و منداڵاکانیان فێر دەکەن.[1]