ناونیشانی بابەت: ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا بەشی یەکەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$مێژووی درووستبوونی ئایینی جوو$
پێڕەوکارانی ئایینی جوو، شوێنکەوتووانی پەیامهێن مووسان، کە پەرتووکی پیرۆزیان (#تەورات#) هەروەها ، تەلموود، هالاخایە. جوو هەندێ جار بە (#بەنی ئیسرائیل#) یان (کەلیمی) ش ناو دەبرێت. ناوی ئیسرائیل لە دوو بڕگە پێکهاتووە: (ئیسرا) بە واتای بەندە و عەبد و (ئیل) بە واتای خوا دێت، وشەی ئیسرائیل بە (واتای بەندە و عەبدی خوا) دێت.
لە هەندێ سەرچاوە ناوی مووسا بە (کەلیموڵا) هاتووە، کە بە واتای هاوکەلام و هاودەم بوون لەگەڵ خودای مەزن، دەڵێن دوای ئەوەی مووسای پەیامهێن لە تاقیکردنەوەکانی خودا دەرچوو، ئەم ناسناوەی لە لایەن خودای تاک و تەنیاوە پێ بەخشراوە.
بەپێێ ڕیوایەتی خودی ئەو ئایینە و ئایینەکانی دوای خۆیشی، ئایینی جوو یەکەم ئایینە لەناو ئایینە ئاسمانییەکان، کە ئایینی ئیبراهیمییان پێ دەگوترێت، کە لە لایەن پەیامهێن مووساوە گەیەنراوە بە خەڵک.
$گرنگترین بەڵگە و پەیامەکانی ئەم ئایینە، ئەمانەی خوارەوەن:$
1- من خوا خوڵقینەری تۆم، کە تۆی لە دیل و کۆیلایەتی میسڕ ڕزگار کرد.
2- تەنیا یەک خودا هەیە بۆ پەرەستن، ئەویش منم، هیچی دیکە چ ئەوەی لەسەر زەوی و چ ئەوەی لە ئاسمان، یان لە ئاودایە، مەپەرستن.
3- ناوی خودای خۆڵقینەرت بەبێ هۆ مەهێنەرە سەر زارت.
4- ڕۆژی شەمەت لەبیر بێت، تا پیرۆزی بکەیت.
5- ڕێز لە دایک و باوکت بگرە.
6- کەس مەکوژە.
7- زینا مەکە.
8- دزی مەکە.
9- شایەدیی بە درۆ مەدە.
10- تەماح لە ماڵی خەڵک مەکە.
$ئایینی جوو سێ بنەمای سەرەکیی هەیە، کە لێرە ئاماژەیان پێ دەکەین:$
1- خۆڵقێنەری جیهان.
2- خودا تاقانەیە و پەیمان لەگەڵی ببەستن.
3- پەڕتووکی تەورات، پەیام و هەڵگری فەلسەفەی ئایین جووە.
پیاوانی ئایینیی جوو بە (حاخام) بانگ دەکرێن، کە بنەما پیرۆزەکانی ئایینی یەهوودی دەزانن و ڕێساکانی تەلەموودییان لەبەرە.
لەم ئایینەدا هەوڵ دەدرێت تاکی جوو خۆی بیر لە فەلسەفەی ئایینەکەی بکاتەوە، مەسەلەکانی وەک خودا، مرۆڤ، پەیدابوون، ژیانی مرۆڤ و قیامەت.
لە پەڕتووکی پەیوەندیی کورد و جوو، لە نووسینی شێرزاد عومەر مەحموود، لەسەر ئەم بابەتە نووسراوە؛ (جوو بە گشتی پەیوەندییەکان لەبەر چاو دەگرن: پەیوەندیی لەنێوان خودا و مرۆڤ، پەیوەندیی مرۆڤەکان، پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە. تەورات باسی پەیدابوون و درووستبوونی پەیوەندییەکی وەها دەکات لەنێوان خودا و نەتەوەی بەنی ئیسرائیل (جووەکان) .
بەڵام خەڵکی جوو لەسەر ئەم بابەتە هەندێ ناکۆکییان هەیە، کە دابەش دەبنە سەر سێ دەستە:
- ڕوانگەی جووە (ئورتۆدۆکسەکان) دەڵێن: ئەم ئەرکانە یاسای هەمیشەیی و نەگۆڕن، کە لە لایەن خوداوە دانراون.
- ڕوانگەی (کلاسیکییەکان) دەڵێن: ئەم یاسایانە لە لایەن خوداوە هاتوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەکرێ بگۆڕدرێن.
- ڕوانگەی (چاکسازەکان) یش هەیە، کە لەسەر ئەو بڕوایەن، کە ئەم ئەرکانە بەگشتی ڕێنوێنین و تاک ئازادە لە جێبەجێکردنیان. [1]