$ژاوەژاوی ئێمە و دەنگی قەدەحی عفریتەکانی سەڵتەنەت!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
تەوژم و وتاری حەماسی و گەرم و پەڕگیر ئەمڕۆ تەرویجێکی زۆریان هەیە، دەنگی ژیری تا بێ کپتر و بێ نوزەتر دەکرێت. حەقیقەت لەنێوان دووبەرەی پەڕگیر سەلەفی ڕاست چەپ، دیندار و بێدیندا وەک حەلاج بەسەر دارەوە هەڵواسراوە و خوێنی لێدەچۆڕێت. کەسێک نییە هاوارێک لەبەرژەوەندی ژیری بکات و بڵێت الیس فیکم ڕجل ڕشید؟
ئەوانەی کە ساڵەهای ساڵە لە مێدیای دەوڵەمەندی لۆردەکانی نەوتەوە دەهێندرێن تا قسە لەسەر پرسەکانی سیاسەت، ئابووری، جێندەر، مۆدێرنیتە، ماف و پارلەمان بکەن هەمان ئەو دەمووچاوە دووبارە و ئیستفزازیانەن کە دەهێندرێن بۆ ئەوەی بەبێ داتا و خوێندنەوەی قوڵ لە گیرفانی خۆیانەوە قسە لەسەر ڕاست و چەپ، کوفرو ئیمان، نەوت وجەوت، نەخۆشی شەکرە، تەڵاقی سێ بەسێ، سایکۆلۆژیای منداڵ و خەتەنەکردنی ژنان بکەن.
هەموو ئامانجەکەش سەنگەرگرتن و تۆخکردنەوەی جیاوازییەکانە بۆ نەهێشتنی دایەلۆگێکی عەقڵانی و گەوزاندنی بەرەکانە لە مۆنۆلۆگ و ورتە ورتی وەهم و خەیاڵپڵاوییەکانیاندا. لەمسەری چەپ و مارکسیست بۆ ئەوسەری ڕاست و سەلەفی، لەمپەڕی فێمینیست بۆ ئەوپەڕی پیاوسالار ڕێککەوتنێکی نهێنی نەنووسراویان واژووکردووە تا بەرکاری بەم ژاوەژاو و گەڕەلاوژێیەی تێنەگەیشتن، لێکنەگەیشتن و بەیەکنەگەیشتن بدەن.
قووڵکردنەوە و جەمسەرگیریی و کەمینگرتن لەوانی دیکە لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژیی و دینیی و نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی و عەلمانییەت دیارترین سیمای ئینسانی دەستکورت و بێتفاق و بێ مەعریفەی ئەمڕۆی کوردە، لێرە مرۆڤ لەسەر ئەساسی کەرامەتی مرۆی و مرۆڤبوونی نا، بەڵکوو قەزاوەتی مرۆڤ بەو میعیارە نا تەندرووستە ئایدیۆلۆژی و حیزبی و دینییانە دەکرێت کە بڕەستی لە ژیانەکەی بڕیوە و هەر بەو میتۆدە ستۆک بێ ئەرزشانەش مێشکی مرۆڤی کورد بە گرێگەلێکی سایکۆلۆجیی قانگ دەدرێت و لە مەنگەنەی دۆگمایی و چەقبەستویی توند دەکرێت.
لەدوای هاتنە سەرکاری پارتی دادو گەشەپێدان لە تورکیا و بەدیاریکراویش لەدوای ساڵانی 2015 و ئاشکرابوونی دزیی و جەردەییەکانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و ئاشکراکردنی ئەو لۆریانەی میت کە لە مێرسینەوە چەکوچۆڵیان لەبەرانبەر فەرهوودی نەوتی سووریادا دەگەیاندە ڕەقەی پایتەختی ئیمارەتەکەی د-ا-ع-ش، تایب ئاردۆگان بەوردی کاری لەسەر دابەش کردنی تورکیا کرد بۆ بەرەی موحافیزکار موسوڵمان و بەرەی چەپ کافر، لەم کارەشیدا تاڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بوو، توانی دوو هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەکی پارلەمانی و سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندی خۆی پێ یەکلایی بکاتەوە. پیاوە حەکیمەکانی وڵات کە ڕۆژانێک ئەندامی ئەنجومەنی عاقڵمەندانی ئەو وڵاتەبوون بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە مانەندی ئەحمەد تورک، تاهیر ئێلچی، عەلی بوڵاچ و ئەحمەد ئاڵتان و نازڵی ئیلیجاک و دەمیرتاش و مومتازتورکۆنە و سەدانی عەقڵی گەورەی دیکەی سیاسی وەک ەمیرتاش، دەنگیر میرمەهمەت فورات و دەیانی دیکەش تیرۆر و زیندانیی کران و بە تیرۆرست ناسێندران، بوارێک بۆ حیکمەت و دەنگی لۆژیک نەهێڵدرایەوە، بەرکار بۆ شاردنەوەی فەشەلی سیاسی و هەرەسی ئابووری وڵات جۆکەرەکانی بەرەی موحافیزکار و بەرەی چەپ لە میدیا و سۆشیال میدیا لەسەر شتی زۆر کەم و بێ مانا چەقە چەقیان دەهات و وڵاتیش لەژێرەوە تاڵان دەکرا تا ئابوورییەکەی بەتەواوی خۆی لە سفربوونەوە نزیککردەوە.
کۆمەڵگای ئانادۆڵ لە نەبوونی دەنگی ئەو حەکیمانەدا بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوو، بەرەی کۆنزەرڤاتیڤ و بەرەی دژە دین، لەسەر هەموو نوقتەیەک ئەم دووبەرەیە گەورەترین هەڵا و نائارامی میدیایی و کۆمەڵایەتی درووستدەکەن. ئێستا لەو وڵاتەدا وەجاخێکی ئارام نەماوە بە هێواشیی بگڕێت و دوو مرۆڤی ئەو وڵاتە بتوانن تێیدا دایەلۆگی هاوبەش درووستبکەن تا لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی بیرکردنەوەیان ڕێکبەون و هەوڵەکانیان لە دژی بێقیمەتی کردن بە کەرامەتی مرۆڤ و ناعەدالەتی و تەسککردنەوەی مەودای ئازادییەکان یەک بخەن. ئەم دۆخەی کە جەهلی مورەکەز و جەهلی مورەکەبی بەستراتیژ کراو خوڵقاندوویەتی وایکردووە عفریتەکان دزی و تاڵانی لەسەر کورسی سەڵتەنەت بەرکار قومار و شەترەنجبازی بکەن بە موقەدەراتی وڵات و خەڵکەوە و تا لێواری هەرەس وەک جەڵەب بیاندەنە بەر. ئەمڕۆ ئەوەی لە تورکیادا هەیە و ناهێڵێت خەڵک بیر لە مشتێک نان و ئاو و عەدالەت و پەنجەرەیەکی ئازادی بکاتەوە ئەم شەڕەقۆچەی نێوان دووبەرەی سەلەفی وەک ئاتاتورکچی چەپ و ئاردۆگانچی دینچییە، ئەم فەوزایەش بە قازانجی ئاشەکەی ئاردۆگان و سامانی ماڵباتەکەی بەرکارە لە گەڕان.
لە کوردستان هەمان شت بە جۆرێکی دیکە سەر ڕێ دەخرێت، لەبری دووبەرە گەڕەلاوژێی چەند بەرەیەک بواری بۆعەقڵانییەت نەهێشتۆتەوە، بەرەیەک درووست بووە بەناوی بەرەی کوردایەتیی تەخوینی هەموو ئەوانە دەکات کە نیشانەی پرسیار لەسەر حوکمڕانی کوردی درووست دەکەن و بە جاش ناویان دەهێنێت. ئەمانە کەسایەتی ئینسانیان چۆڵەپێچەنی کۆمەڵێک موهاتەرات و گرێی شەست ساڵ بەر لەئێستاداوە هەر لەو پەنجەرە لێڵ و زیرگاویەشەوە دەتوانن تەماشای کەرامەتی ئینسانی کورد بکەن و بیخوێننەوە، لەلایەکی دیکەوە بەرەی سەلەفی/ئیسلامی سیاسی و بەرەی چەپ و لائیکەکان لەسەر هیچ چەکل و پیکانیانە و هەر لەسەر ئەم هیچەش بەرکار شیر و تیر لەیەک دەسوون، کەمترین دنەدان بەسە بۆئەوەی تا ئاستی تیرۆری فیکری و تەنانەت فیزیکیش لەگەڵ یەک بڕۆن. ئەم جەمسەرگیرییە ناسازە کارێکی کردووە کەرامەتی مرۆڤی کورد بتوێتەوە، عەدالەت تا ئاستی نەمان خۆی ون بکات و عفریتەکانی سەڵتەنەتیش ڕۆژ دوای ڕۆژ قەڵەوتر و زلتر ببن.
گەرە بەرەی لائیک و قەومچییەکان بێ دەرک و بێ ئیدراکن دەبوو ئیسلامییەکان لەقورئانەکەیانەوە دەرکی ئەوەیان بۆ کۆمەڵگا درووستبکردایەکە کەرامەت و کەسایەتی ئینسان شتێکە نابێت گرێدراوی هیچ شتێکی دیکە بێت، دەبوو هەوڵبدەن گەر موتەوازیعانەش بووایە هەوڵەکانیان کەسایەتی تاکی کورد لەسەر بنەما گەردوونییەکان دابمەزرێنن کە کەرامەتە ولقد کرمنا بنی ادم نەوەک دەغدەغەی ئایدۆلۆژی و شوناسی دینی.
کەسایەتی گەر گرێداروی کەرامەت نەبوو بوتێکی وەهمیە و ئەوانی دیکە بۆتی درووست دەکەن، هەر کات ویستیان لێبێت هەر خۆیان تێکیدەشکێنن. نە خوو و عادەتەکان، نە حەرام و حەڵاڵە دینیی و کۆمەڵایەتییەکان، نە بۆچوونە سیاسی و مەزهەبی و دینی و ئایدۆلۆژییەکان ناکەنە ئەوەی مرۆڤێکی پێ بخوێندرێتەوە، ئەوەی دەبێت بە هەند وەربگیرێت و بە سەنتەر دابندرێت کەرامەتی ئینسانیی ئینسانە، کە ئەوە نەکرا بەسەنتەر ئیدی جڕوجانەوەری پەڕگیر سەر دەردەهێنن، لە ئیسلامدا قاعیدە و داعش، لە کریستیانەتدا پرۆتستانت و کاتۆلیکەکان، لە یەهودییەتدا زایۆنیزم، لە دەوڵەت و سیستمە سیکۆلارەکاندا لائیکییەتی مستەفا کەمال ئاتاتورک و لە فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیشدا کوشتار لەسەر قۆچی بزن و ژنهەڵگرتن و خەلەوخەرمان سووتاندن درووست دەکات. [1]