بابەت: زمانەوانی
نووسین: #سۆران حەمەڕەش#
$قۆچی قوربانی و لایەنە زمانەوانی و ئاینیەکەی$
هەموو ساڵێک لە جەژندا بابەتی قوربانی و بنەچەی ئەو نەریتە دەکەوێتە بەر پرسیارەوە و بۆچوونی جیاوازی لەسەر دەگووترێت. لێرەدا مەبەست نیە کە ووردەکاری لایەنە مێژوویەکەی بخرێتە ڕوو. بە کورتی قوربانیکردن نەریتێکی کۆنی مرۆڤایەتیە و بەڵگەی قوربانیکردن لە ناو زۆر لە شارستانیەتە دێرینەکاندا دەبینرێت. بۆ نموونە لە ناو ئاشوریەکاندا بەراز بۆ شەیتانەکان دەکرانە قوربانی بەڵام مەڕ، بزن، گا و ئاسک بۆ خودا باشەکان و لە ناو هەموو شارستانیەکاندا قوربانی کراوە و مرۆڤ و ئاژەڵی جیاواز کراون بە قوربانی. واتە ئەو قوربانیەی ئەمڕۆ دەکرێت، لە ناو کۆمەڵگە دێرینەکاندا کراوە و قوربانیکردن لە ناو هەموو ئاینەکاندا بە تۆزێک جیاوازیەوە کراوە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە دەرخستنی هەندێک لایەنی زمانەوانی و ئاینیی دێرینی دەربڕینی 'قۆچی قوربانی' کوردیە.
وشەی 'قۆچ' لە کوردیدا ماناکانی 'شاخی ئاژەڵ، بەران' دەدات. لەو دەربڕینەدا مانای 'بەران دەدات'. ئەوەی مایەی سەرنجە، دەربڕینەکە لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبیشدا هەیە. لە عەرەبیدا دەبێتە (کبش الفداء) و لە یئنگلیزیدا scapegoat. لە ئینگلیزیدا وشەکە لە دووبەش پێک دێت (goat 'بزن' + scape 'دەربازبوون') 'بزنی دەربازبوو' دەدات. بەڵام ئەوە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی وشەکەیە دەنا ماناکەی دەبێتە نزیکی مانای 'بزنی قوربانی' کوردی. ئەم وشەیە هەرچەندە ئەمڕۆ لە زمانی ئینگلیزیدا بەشێوەیەکی بەرفروان بەکاردەهێنرێت بەڵام وشەکە لەو زمانەدا نوێیە و لە سەدەی شانزەدا لە کاتی وەرگێڕانی دەقی ئاینی عیبریدا دروستکراوە. قەشەیەکی پرۆتستانت بە ناوی ولیەم تەندەیڵ لە ساڵی 1530 دا لە کاتی وەرگێڕانی تەوراتدا سەبارەت بە (یۆم کیپور) 'قەرەبووکردنەوەی گوناه' کە ڕۆژێکی پیرۆزی ئاینیی جوو بووە، وشەی ئینگلیزی بەرامبەر بە 'قۆچی قوربانی' ی کوردی داهێنا.
بەپێی تەورات لەو ڕۆژە پیرۆزەدا جووەکان دوو بزنیان کردۆتە قوربانی، یەکێکیان سەربڕاوە و کراوەتە قوربانی بۆ خودا و ئەوەی تریان بۆ ئەزازیل. ئەوەی بۆ ئەزازیل کراوەتە قوربانی مەبەست لێی لە ئەستۆگرتنی هەموو گوناهی خەڵک و پاکبوونەوەیان بووە و دواتر بۆ ئەو مەبەستە بزنەکە لە شوێنێکی دوور لە ئاوایی لە شوێنێکی بەرزەوە ئەو بزنە فڕێدراوەوەتە خوارەوە. بەڵام گوناهەکان خراوەتە ملی ئەو بە مەبەستی ئەستۆپاکردنی خەڵک لە گوناه. لەبەر ئەو بۆچوونە کاتێک ئەمڕۆ لە ناو کورد دا کەسێک گوناه دەکرێتە ملی بێ ئەوەی هی ئەو بێت، دەلێن 'کرا بە قۆچی قوربانی' و لە ئینگلیزیشدا هەمان دەربڕین بەشێوە ئینگلیزیەکەی بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆ لە ئینگلیزیدا مانا ئاینی وشەکە بیرچووەتەوە و زیاتر مانای گوناه خستنە سەر ملی کەسێک بەشێوەیەکی ناهەق بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە دەگووترێت:
He is a good, decent man and does not deserve to be turned into a political scapegoat.
(ئەو پیاوێکی باشەو شایانی ئەوە نیە بکرێتە قۆچی قوربانی سیاسی). واتە شایەنی ئەوە نیە کە بکرێتە قوربانی و گوناهەکان بخرێتە ئەستۆی ئەو. لە کوردیشدا بە مانایەکی نزیک دەڵێن (ئەو پیاوە چاکە کرایە قۆچی قوربانی).
شتێکی ڕوونە کە وشەکە و مانا ئاینیەکەی لە ئینگلیزی لە تەوراتەوە وەرگیراوە و پێدەچێت لە عەرەبیشدا بە هەمان شێوە بێت. نازانرێت کە ئایا لە کوردیشدا دابوونەریتی لەو جۆرە لە ڕابردوودا هەبووبێت و ئایا مێژووی دەرکەوتنی لە کوردیدا بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە؛ وادەردەکەوێت کە کوردیش دەربڕینەکەی لە سەردەمێکدا هەر لە تەوراتەوە وەرگرتبێت.
بەو جۆرە زۆر لە دەربڕینە سادەکان کە لە ژیاندا بەکاریان دەهێنین، بنەچەیەکی دێرینیان هەیە و پاشخانێکی ئاینیشیان لێوەپێچراوە و لە هەمان کاتدا لە ڕێگای ئەو دەربڕینانەوە پەیوەندی دێرینی کلتور و زمانە جیاوازەکان دەکەوێتە ڕوو.
تێبینی: وێنەکە کاتی قوربانیکردنی بەرانێکە لەلایەن سۆمەریەکانەوە.
[1]