پێنج خشتەکی لە سەر غەزەلێکی مامۆستا #هەژار موکریانی#
#زریان سەرچناری#
2004 تا 2012
دوو نیوەدێڕی کۆتایی شیعری مامۆستا هەژارە و سێ نیوەدێڕی سەرەتا هی منە
نەخشی خاڵت ئەم خاڵەیەی وا کرد دێوانە و سەرسام
لە حەسرەتدا دامە کێوان، ئەگەر مردم وەگەر مام
تۆم هەبێ چبکەم لە خزم و کچە خاڵ کچە مام
(چارە ڕەش بووم و لە ڕێی خاڵی ڕەشا بێ چارە مام
دەک چ گیانسەختم کە من تا ئێستا هەر لەو بارە مام)
مەجنونە سەرمەشقی عاشقانە، ئێمە شوێنکەوتەی ئەوین
ڕێبازی عیشق خەتەرناکە، ناچاریشین دوایکەوین
ئاواتمان وەختێ دێتەدی کە لە ناو گۆڕ وەرکەوین
(من لەگەڵ مەجنونی هاوڕێ بووم لە ڕێی شێتی و ئەوین
ئەو گەیی بە نیاز و من بێ دڵ و ئاوارە مام)
مەردوم لە دەردم بێ ئاگان، بۆیە دەیکەن بۆڵەبۆڵ
نازانن غەم و پەژارەم کێوی توورە، گرتمە کۆڵ
ئاخر چۆن نابم پەرێشان و مەلوول و هەم کڵۆڵ
(بۆ هرووژم کەوتەکار شیری برۆ و تیری مژۆڵ
کونکونی دڵ دور لە هەژمار و جەرگ سەد پارە مام)
چەندە کورت بوو دەمی لاویم، داخەکەم لە دەستم چوو
تاکە گوڵەکەم بە عیشوە کاتێ دەهات و دەچوو
موچوڕکێکم لە سەرڕا دەهات، تا لە بن پێم دەچوو
(بولبولێ لە دیاری گوڵ دڕکی لە قاچی ڕا دەچوو
من بەدڵما چوو لە سەیری ئەو گوڵی بێ خارەمام)
بێ ئاگابووم کاتێ هاتیت دڵی پڕ خۆزگەمت برد
ئیتر واشێت و شەیدابووم وتیان ئەم عاشقە مرد
بۆت بوومە سایە و هەزار جار خۆمم بە قوربانت کرد
(شەوڕەشی پرچت دڵی ساوامی وا دێوانە کرد
هەر لە منداڵیمەوە بەو تارەوە پەتیارە مام)
چیم هەیە لە گیان و لاشە و ماڵوحاڵ و سەروەتم
دەیکەمە قوربانی یاری بێوەفا و بێمروەتم
ڕەنگ و ڕووم ڕۆیی و ئێستاکە دڵ شکاو و لەتلەتم
(پێم دەڵی ڕەنگ زەردی وەک لیمۆی هەژاری من وتم
ڕەنگ نەماوی ئەو نەمامی بەژنی لیمۆدارە مام)