ناونیشانی بابەت: بایکۆتی خوێندن و بێباکی حکومەت
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
لە دوای ساڵی 2014 هەرێمی کوردستان توشی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەی بووەتەوە، زۆربەی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە بەهۆی نەدانی مافەکانی خەڵک بووە بەتایبەت مووچە، جگە لە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2011 کە زیاتر هاندانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکاتە و گۆڕانکاری ناوچەیی و شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی بوو، ئەو ناڕەزایەتییە، تاقە ناڕەزایەتی بوو کە لایەنی پەیوەندیدار بە پەڕڵەمان و حکومەتەوە بێنە سەرخەت وەڵامبدەنەوە، لەدانیشتنێکی پەڕڵەماندا کرا بە پاکێجێکی 17 خاڵی و ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کرا، بەڵام هیچ لەو خاڵانە نەچوونە بواری پڕاکتیکییەوە.
هەر بۆیە خەڵک بێهیوا و بێ ئومێدە لە حکومەت داوا ڕەواکانی بسەلمێنێت.
زۆربەی ناڕەزایەتییەکان توێژی مامۆستایان پێی هەستاون، ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەش بەر ناوچەیەک لە هەرێم کەوتووە، ئەویش #سلێمانی# و #گەرمیان# و #ڕاپەڕین# و #هەڵەبجە#یە، ئەوەش سەلماندنی دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی دەسەلمێنێت، لەبەرئەوە حکومەت یەک سیستمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەیە، ناکرێت لەوکاتەی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەران بێبەشبکرێن، تەنیا بەشێکیان لە ناوچەیەکی دیاریکراو ناڕازیبن، بۆ ئەمەش کۆمەڵێ فەکتەر بوونیان هەیە، گرنگترینیان شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتی ئەو زۆنە نیشان دەدات، کە تاچەند قبووڵی ناڕەزایەتی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە مێژوودا هەندێ شوێن واناسراوون کە هەمیشە سرک و یاخین، سلێمانی لە سەرەتای درووستبونییەوە ئەم ناسنامەیەی هەبووە. بۆیە شاعیری ناودار (#کامەران موکری#) نازناوی (شاری هەڵمەت و قوربانی) بەمشارە دەبەخشێت، بەڵام من مەبەستم ئەوە نییە لە خەبات و قوربانی و جوامێری و ئاست بەرزی شارەکانی تر کەمبکەمەوە، زیاتر تیشکخستنە سەر ئەوەی زۆربەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆت لەو سنوورە بووە.
لەمکاتەشدا وانزیکی هەفتەیەکە بایکۆتی خوێندن و نەکردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری سلێمانی بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەکانی تر دەرگاکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان کراونەتەوە بەڕووی قوتابییان و خوێندکاراندا، لە هیچ شوێنێکی دونیا نییە و نەبووە.حکومەت خەمی پرسێکی لەوجۆرە نەخوات و لێی بێدەنگ بێت، مەگەر وڵاتە دکتاتۆر و خۆسەپێنەکان.
لەهەر شوێنێکی دونیا پڕۆسەی پەروەردە پەکبخرێت و پەراوێز بکرێت، ئەوە نیشانەی کەوتن و وێرانی ئەو کۆمەڵگەیەیە، لەسەر ئەم وتەیە #پیرەمێرد#ی گەورە دەڵێ:
ڕێی ڕاست ئەمەیە گەر ڕاستت ئەوێ
کە دیوار ڕووخا، بانیش ئەکەوێ
بەڕای من لەم پەندەدا دیواری کایەکانی کۆمەڵگە پەروەردەییە، جا ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بیرنەکەنەوە و هەست بە مەزنی پەروەردە نەکەن، وابزانن کێشە نابێت بۆیان، زۆر بەهەڵەداچوون، چونکە لە دونیادا بان (سەقف) ی هیچ بینایەک بەبێ دیوار ناوەستێت.
ئەمشێوازی بەڕێوەبردن کارگێڕییەی هەرێم تاسەر بەمجۆرە بڕناکات، کەوا دەڵیم لەدڵەوە نیگەرانم، بەڵام حوکمڕانییەک نەتوانێ دڵی مامۆستا و مووچەخۆرانی خۆی ڕازی بکات، ئەوە چ حوکمڕانییەکە؟ لەکاتێکدا لە وڵاتێکی پڕساماندا بیت، گومان و دوودڵی و نامۆیی هەموو کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی گرتۆتەوە، کە ئەم دەسەڵاتە جگە لەخۆیان هیچ خەمێکی تریان نییە، (عومەر موختار) تێکۆشەری لیبیا و سەرکردەی قوربانی مافەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە، لەسەر دوودڵی و گومان وتوێتی: (دوودڵی گەورەترین بەربەستە لە بەردەم سەرکەوتن) .
لەسەروو هەموو شتێکەوە دەبوایە حکومەت ببوایە جێی ڕەزامەندی خەڵک و متمانەی ببەخشییایە، نەک بە جۆرێک بێت کەس دانی خێری پێدانەنێت، پێم وایە ئەمەش زۆرخراپە بۆی.
(گۆتە 1749-1832) ی نووسەر دەڵیت: (ئەگەر متمانەت بە خۆت هەبێت، ئەوا متمانە بە کەسانی تر دەبەخشیت) .
دۆخی ناڕوون و ناڕێک و نادادی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاقارێکی پر لەمەترسی و ناخۆشی و دڵەڕاوکێ و ڕوو لەچاڵی تاریکی و ونبوون دەکات، بەدەست کۆمەڵێ حیزب و بەناو سەرکردەی بێخەم و بێئاگا لە خەڵکی ئەم هەرێمە.
ناچارم، خەمساردی و بێنمەتی و بێباکی بەرپرسانی کورد وایکردووە کە لەگەڵ شاعیری جوانەمەرگ و خەمخۆری کورد (#ئەحمەد موختار بەگی جاف#) دا پڕ بەدەمی هاواربکەم و بڵێم:
لادە شاعیر تۆ لە باسی عشقبازی و سەیرکە
چۆن خەریکن چەند کەسێ ئێستا وەتەن وێران دەکەن
جاھیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو
لەم موحیطە مەنعی عیلم و سنعەت و عیرفان دەکەن
ڕوو ڕەشی دوونیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کەوا
ھەجووی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان دەکەن
ئاسمان ئێستا وەھا چەرخاوە جاھل غالیبە
گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران دەکەن
چەن کەسێکی تازە پیا کەوتوو لە کوورە دەرچوون
پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشدا یوقلمەی گیرفان دەکەن
خەڵکە ، بەعزێ کەس لە ئینسانییەت چیان دیوە زەرەر
وا ھەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان دەکەن.
لەم دۆخە هەستیارەدا دڵنیام هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگیە، ئەو هەستەی کە ئەحمەد موختار بەگی جاف دەریبڕیوە، هەیەتی و ئەم دەسەڵاتە بەو شێوازە دەبینێت. [1]