ناونیشانی بابەت: برای مەجبووری کرد کاغەزی عاشقاتی بنووسێ!
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
لە حەفلەکی تایبەتی لە هەولێرێ، ئاخر گۆرانیی خۆم گۆت، کە ئەو کوڕەی عیدمیلادی هەبوو دەستی بە گریانێ کرد و دوای لێپێچینەوە دەرچوو کە ئەو کچەی ئەمن عیلاقەم لەگەری هەبوو، هەمان کچە کە ئەویش عیلاقەی لەگەر هەبوو! کوڕەکەش کە ئەوەی زانی، وابزانم ئەویش وەکی من نەفسی شعووری هەبوو! دەموچاوی گۆڕا، ئەتگۆت لە خەونەکی کابووسی واگاهاتیە!
بڕوایناکرد کە ئەو شتە واقیعە، نەک لەبەر ئەوەی کیژەکە لە یەک وەختی، لەگەر دوو سێ کەسان عیلاقەی هەبووە! نا، بەرک و لە ڕۆژی عیدمیلادی، شیعری گۆرانییەکی/وەکوو فلیمی هیندی/ ببیتە سەبەبی کەشفبوونی عیلاقەکانی ئەو کیژەی لەگەر ئەو کوڕانەی کە گەمەی پێ کردینە و فریوی داینە! لە واقیعیشدا ئەو ئیحتمالە ئەو وەختی ئێک لە چەند سەد هەزاری بوو! شتی وا زۆر تەنها لە فلیم و حەکایەتان ئەبینین و گێن لێ بی!
بە کوڕەکەم گۆت: کاغەزی کچەت لەکنە کە لۆی نووسی؟ گۆتی: هەر کاغەزەک؟ ئەتوو برێ 100 کاغەز! بەران تازە لەکنەمن هیچ قیمەتەکیان نما و هەمان فڕادەمە ناو زبری
گۆتم: ئەمن بەس یەک کاغەزم دەوێ
کوڕەکە گۆتی: سەرچاو
هەر ئەو دەمی چووە ژۆرێ و کاغەزەکی ئەوی لۆ هینام و، یەکسەر زانیم نەفسی کچە چونکە خەتی ویمەناسی! کاغەزەکەش هەمان قسەی پڕوپووچ و وەعدی درۆ و، هی ئێکەکی موڕاهیقی عومر 14 تا 13 ساری نەک بیست ساری!
کاغەزەکەم هەرگرت و خواحافیزیم لە هەموان کرد و (نەشئەت)ی ڕەحمەتییش دیسان بە سەیارێ خۆی ئەمنی گەیاندۆ مارێ کە لە #تەیراوە#ی بووین. هەموو شەوەکەی هەر فیکرم لەو کچەیەکردۆ، کە کوو فێری لە دوو کەسان /دوور نیە زۆرتریش بن/کرد و پێی ڕابواردین! چەند هەدیە و گوراو و دەسرۆکی لەویش وەرگرتینە! حەزمەکرد هەر ئەودەمی ڕۆژ بباوە، هەتا زوو بچمۆ شەقراوێ، کاغەزەکەشی پیشان بدەم، بزانم ئەوجارە چارێ؟
زۆرم پێ خۆش بوو، کە لە حەفلەی عیدمیلادی ئەو کوڕەی، بە تەواوی لۆم دەرکەت ئەو کچە چ مارەکە! وەرە کچەک لە یەک وەختی، عیلاقەی لەگەر دوو کوڕان هەبی، بەران مێردی بە سێیەمینی بکەی نەک ساری 2023، بەرک و ساری 1975، پێش 48 ساری! دەبی ئەو کچە بە چ لە عاشقاتی گەیشتبی؟ یا تەمرینی لەسەر کاغەز نووسینی عاشقاتی کردیە لەسەر حیسابی ئەعسابی من و زۆریتکە! باشە ئینتیزاری چ دەکەی لەو کچەی؟ هەر شوکری خوام کرد تووشی من نەبوو ئێکی ئەوها بەدڕەوشت نەبووە شەریکی ژیانم!
لۆ ڕۆژێ دوایێ چوومۆ شەقراوێ، دیسان ئینتیزارم کرد هەتا دنیا تاریک بوو، چوومە ماریان، ئەوجارە لە حەوشێ نەبوو، زیاتر لە سعاتەکی خۆم لەپشت مارێ وان شاردۆ، ژۆرێ وانم هەندەک لە پەنجەرێ لێ دیار بوو، بەران پایز بوو دنیاش سارد بوو پەنجەرەکەش بوخاری کردبوو باش دیار نەبوو، جارەکی گێم لێ بوو ئێک هاتە دەرێ بەران کچەکە نەبوو، داکی بوو! گۆتم چا نەبوو نەچوومە ناو حەوشێ ماریان!
پاش تەقریبەن سعات و نیوەکی کچەکە هاتە دەرێ، داران لۆ سۆبەی بباتە ژۆرێ! کە ئەمنی بەو شەوەی دیت، ویستی هاوار کا، چابوو زوو دەستم لەسەر دەوی دانا، گۆتم: مەترسێ ئەمن ڕزگارم!
گۆتی: دیسان ئەتوو؟ لۆ هاتیۆ چت لە من دەوێ!
گۆتم: هیچم لە توو ناوێ! ئەوێ ڕۆژێ هاتم، لە مشەوەشیان ئاگام لەخۆ نەبوو! هاتیمە جارەکی دی لە زاری توو گێم لێ بی لۆ ڕازی بووی مێردی بە فلانی بکەی و قەولیشت بە من دابوو؟
گۆتی: ئەدی ئەو ڕۆژەی پێم نەگۆتی، برا گەورەم زۆری لێ کردم و مەجبوور بووم ڕازی بم
کاغەزەکەی کابرام دەرهینا و گۆتم: بە لایتەکەت باش تەماشا بکە، بزانە برا گەورەت، ئەو کاغەزەشی بە تۆبزی پێ نووسی؟ هەر وەخت بوو شێت بی! ویستی کاغەزەکەم لە دەستی بدڕێنی! پێم گۆت: ئەو کاغەزەش بدڕێنی، سەد کاغەزیتکە هەنە شاهێدیت لەسەر بدەن، خۆ کەس نمایە کاغەزی تووی نەبی! حەیف ئەمنت نۆ ساران فریو دا، گەمەت پێ کردم و گەمەت بە زۆریتکەش کرد! ئەتوو مستەحەقی ئەو عەشق و شیعر و گۆرانییانەی لەسەرەتوو دامنان نەبووی، هەی بێوەفاو بێچاووڕوو، هەی بێڕەوشتی درۆزن![1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!