ناونیشانی بابەت: کڵاشی کوردی
ئامادەکردنی: #سەوسەن سنەیی#
کڵاشی کوردی جۆرێکە لە پێڵاوی چنراوی دەستی، ھەروەھا بەھۆی کەمبوونەوەی پیشەکە و پیشەگەرانی بە یەکێک لە ھونەرەکانی دەستیش ھەژمار دەکرێت.
کڵاشی کوردی، کە زۆربەی کات بە پەت و داوی ئاوریشمی، یان خوریی سپی دەچنرێت و ژێرەکەی بە پانتاییەکی پتەو جێگیر دەکرێت، کە ئەویش چەند جۆرێکی ھەیە، ژێری کڵاشەکان زۆربەی کات بەھۆی چەسپکردن و لکاندنی قوماش و پارچەی پتەو بە یەکەوە درووست دەکرێت و ڕەنگەکانی شینی تۆخ و ھەندێک جار سووریشی تێدەکەوێت.
بەگشتی چەند جۆرێکی کڵاش ھەن، کە بەپێی ناوچەی جوگرافییش لە ماتریاڵ و کوالێتییان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆ نموونە، ھەیانە پێیان دەگوترێ کڵاشی مەلیکی، کە بە پەتی ئاوریشمی ناسک و نزیک لەیەکەوە دەچنرێن و ھەیانە بابەتی گشتیین، کە چنینەکەیان درشتترە، ھەندێکیان بۆ کارکردنی ڕۆژانەی ئاسایی بەکار دێن، کە ژێرەکەیان چەرم، یان پلاستیکی تایبەتن.
کڵاشی کوردی بابەتێکی پیاوانەیە، خانمانیش بۆ ھەندێک لە مەراسیم و بۆنەی تایبەتیی لە پێی دەکەن. نەخشی سەر چنراوەکان ھاویەکن و لەسەرەوە ورد و لە تەنیشتەکانی ھێڵی ڕاست بەکار دێن. لە #کوردستان#دا بەربڵاوە و ھەموو ناوچەکانی کوردستان وەک بابەتێکی کولتووری و ڕەسەن سەیری دەکەن، بەتایبەتیی لە ھەورامان. ھەربۆیە زۆر لە ژنان لە ماڵەکانی ھەوراماندا خەریکی ئەم کارەن و بژێوی خۆیان لەسەر چنینی کڵاش پەیدا دەکەن.
شایەنی باسە، ھەموو ئەو کەرەستانەی بەکاریشی دەھێنن، کەرەستەی سرووشتین و بەرگەی ناوسرووشت و سەختیی کێو و چیاکانی #ھەورامان# دەگرێت و تایبەتە بەو سرووشتە جوانەی ھەورامان.[1]