ڕۆژانە چەندە پلاستیک دەخۆین..؟
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
لەگەڵ هەموو سوودەکانی پلاستیک لە بەکارهێنانەکان بەڵام یەکێک لە خراپترین داهێنانەکانی مرۆڤ بووە...
بەداخەوە هەموومان ڕۆژانە هەریەکەمان بەبێ ئەوەی ئاگاداربین و بزانین ڕۆژانە سەدان و ساڵانە هەزاران تەنۆچکەی زۆر وردی پلاستیک لەشێوەی مایکرۆپلاستیک دەخۆین و دەخۆینەوە لەگەڵ خواردن و خواردنەوەکانمان...
لەوەتەی ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تاوەکو ئێستا ئێمەی مرۆڤ تێکڕا بە هەمووی پتر لە 8 ملیار تۆن پلاستیکمان بەرهەم هێناوە لە سەرانسەری جیهان بەهەموو جۆرەکانی، تا ئێستاش بەردەوامین، واتە هەشت هەزار ملیۆن تۆن، ئەگەر هەموو ئەو بڕە زۆرە وەربگرین لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 9% ی لێ ڕیسایکل کراوەتەوە لە هەموو جیهان، ئەوی تر تێکەڵ بە خاک و ئاو بووە لەسەر زۆربەی هەرە زۆری پانتاییەکانی سەر ڕووی هەسارەکەمان، لەلاتان سەیر نەبێت هەندێکیشی بەشێوەی تەنۆچکەی مایکرۆسکۆپی تێکەڵی هەوا بووە...
زۆربەی جۆری پلاستیکەکان دوای ئەوەی فڕێدەدرێن و ماوەیەک کە لەژینگە دەمێننەوە بەهۆی تیشکی خۆر یان گەرمی یاخود کارلێکە کیمیاییەکان لەگەڵ خاک و ئاو و توخمەکانی تر لە ژینگە کارلێک دەکەن و شیدەبنەوە و دەبنە پارچەی وردتر، بڕێکیشیان دەبنە تەنۆچکەی زۆر ورد کە بە مایکڕۆپلاستیک دەناسرێت، واتە تەنۆچکەی زۆرزۆر ورد لە پلاستیک، ئەو جۆرە وردە بەئاسانی تێکەڵ بە خواردنەکان دەبن لەکاتی بەرهەمهێنانیان، یان لەکاتی هەڵگرتن و پاراستنیان، دەچنە نێو لەشی گیاندارە کێوی و خۆماڵیەکان و ماسییەکانیش...
لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری زانستەکانی ژینگە و تەکنەلۆژیا بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە هەر تاکێک لە ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 70 هەزار تەنۆچکەی مایکرۆپلاستیک دەخوات و دەخواتەوە لەگەڵ جۆرەکانی خواردن و شلەمەنییە.ان، ئەو بڕەش ساڵانە دەکاتە چەند گرامێک لە پلاستیک، بێگومان بارودۆخەکە لە شوێنەکانی تری جیهانیش ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نییە...
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت تاوەکو ئێستا بەوردی هەموو وردەکاری زیانەکانی خواردن و خواردنەوەی مایکرۆپلاستیک نازانین لەسەر تەندرووستی مرۆڤ، بەڵام بەدڵنیاییەوە زیانی هەیە چونکە ئەو تەنۆچکانەی پلاستیک جۆرەها ئاوێتە و توخمی ژەهراوی درووست دەکەن لەناو لەش و هەندێکیشیان دەمێننەوە لەنێو خانەکانی لەش...
لەئێستادا باشترین جێگرەوەی پلاستیک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی خواردەمەنییە.ان و ئاو شوشە و سیرامیکە، زەرفی کاغەزیش جێگرەوەیەکی زۆرباشتری زەرفی پلاستیکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم جێگرەوانە تەواوێک گرانترن و پلاستیک زۆرزۆر هەرزانترە.. [1]