پڕۆگرامی HAARP هارپ چییە..؟
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
بەداخەوە وای لێهاتووە هەواڵ و قسە ڕاستەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فێسبووک کە بە کوردی بڵاودەکرێنەوە وەکوو دەرزی نێو کای لێهاتووە هێندە کەم بووە و خەریکە تەواو ون بێت، بەداخەوە شاڵاوێکی زۆر گەورە لە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندە ئەم چەند ڕۆژە دەستی پێکردووە کە گوایە ئەو بومەلەرزەی بەم دواییە ڕوویداوە دەستکردی مرۆڤە و هەندێک پڕۆگرامی وەک HAARP یان کۆمەڵێک پڕۆگرامی سەربازی نهێنی تر بەرپرس بوون لەوە، ئەو هەواڵانەش بڵاودەکرێنەوە بە کەڵک وەرگرتن لە کەمی ئاستی زانستی و زانیاری خەڵک و یاریکردن بە سۆزی خەڵک، نووسەری ئەو نووسینەکانیش یان بە پاڵنەری سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە ئەوە دەکەن یاخود ئاگایان لە ڕاستیەکان نییە و بنێشتی ئەوانە دەجاوێننەوە کە پاڵپشتی لە تۆڕەکانی پیلانگێڕی دەکەن یان هەر بۆ سەرنجڕاکێشان ئەوە دەکەن وەکوو کۆمەڵێک پەیجی هەواڵی کوردی، تکایە وەک هەمیشە وتومە وریا بن و بڕوا بە هەموو قسە و هەواڵێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەکەن...
پڕۆگرامی هارپ چییە..؟ کەی و بۆ چ مەبەستێک درووست بوو..؟ چەند ساڵ کاری کرد..؟
پرۆگرامی هارپ HAARP کە بەدرێژی پێی دەووترێت: HAARP) High Frequency Active Auroral Research Program)
واتە پڕۆگرامی لەرەلەرە بەرزەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکی شەفەقی، کە مەبەست چالاکی چینی ئایۆنۆسفیری بەرگە هەوای گۆی زەویە، پڕۆگرامەکە لە ساڵی 1993 دەستی پێکرد، لە مانگی ئایاری ساڵی 2014 کۆتایی پێ هێنرا، لە مانگی ئابی ساڵی 2015 تەواوی باڵەخانەکە و کەلوپەلەکان لە ئالاسکا بە ئێجگاری درا بە زانکۆی ئالاسکا، خاوەنی پڕۆگرامەکە سێ لایەنی حکومی ئەمەریکی بوو لەگەڵ لایەنی چوارەم کە زانکۆی ئالاسکا بوو..
سێ لایەنە حکومیەکەی ئەمەریکاش ئەمانە بوون:
هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمەریکا لەگەڵ دەزگای DARPA کە دەزگایەکی لێکۆڵینەوەیی زانستی پێشکەوتووە و سەربە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە، لایەنی درووستکەری کەلوپەلەکان وجێبەجێکاری پرۆگرامەکەش کۆمپانیای BAE بۆ تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکان بوو..
مەبەست لەم پرۆگرامەکە بەوردی ئەمە بوو:
ورژاندنی ڕووبەرێکی دیاریکراو لە چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەوی بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەریی چی دەبێت لەسەر شکاندنەوەی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان کە بۆ مەبەستی پەیوەندی کردن بەکار دەهێنرێن، بە کورتی ئەم پڕۆگرامە بۆ لێکۆڵینەوە بوو لە چینی ئایۆنۆسفیر بۆ مەبەستی باشترکردنی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی، هەروەها مەبەستێکی تریش بریتی بوو لە داهێنان و باشترکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ڕادیۆیی..
بۆ زانیاریتان چینی ئایۆنۆسفیر لە بەرگە هەوای گۆی زەویە لە بەرزایی 60 کیلۆمەتر دەست پێدەکات تاوەکو 1000 کیلۆمەتر، ئەم چینە لە ئەلیکترۆن و ئەتۆمی بارگاوی پێک دێت، ئەتۆمەکان بەهۆی تیشکی خۆر لە ڕۆژدا بارگاوی دەبن، گرنگی ئەم چینە لەوەدایە شەپۆلە ڕادیۆییەکانی گۆی زەوی دەشکێنێتەوە بەرەو زەوی و بەو هۆیەوە ئێزگە ڕادیۆییەکان و ئامێرە ئاساییەکانی پەیوەندی کردن دەتوانن بێ تەل پەیوەندی بکەن لەگەڵ یەکتر لە دووری هەزاران و بگرە دەیان هەزار کیلۆمەتر لە یەکتری لەسەر زەوی، بۆ زانیاریتان بەهۆی ئەم خەسڵەتەی چینی ئایۆنۆسفیر بوو بۆ نموونە دەیان ساڵ پێش ئێستا گوێمان لە ئێزگە ڕادیۆییە جیهانییەکان دەگرت بەهۆی ئامێرێکی ڕادیۆی سادە کە بە دەستمانەوە بوو کاتێک ئێزگەکان هەزاران کیلۆمەتریش دوور بوون..
هەر بۆ زانیاریتان ئەم چینە هیچ ڕۆڵێک نابینێت لە چالاکییەکانی کەشوهەوای گۆی زەوی، هەموو چالاکییەکانی کەشوهەوای گۆی زەوی لە چینی تڕۆپۆسفیر و ستراتۆسفیر ڕوو دەدەن کە بەرزایی هەردووکیان بە یەکەوە دەگاتە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لەسەر ڕووی زەویەوە..
هەنگاوە عەمەلیەکانی پرۆگرامی هارپ چی بوون و چۆن بوون..؟
تاقی کردنەوەکە بەم شێوەیە بوو: کۆمەڵێک Transmitter ( واتە نێرەری ڕادیۆیی) بەهۆی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەنتێنا بە بڕ و توانای 3.6 مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی بە لەرە لەری زۆر بەرز دەنێردرا بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراوی چینی ئایۆنۆسفیر، لەگەڵ ناردنی شەپۆلەکان و دوای ئەوەش گۆڕانکاری لە خەسڵەتە فیزیایی و کیمیاییەکانی چینی ئایۆنۆسفیر پێوانە دەکرا لەو شوێنە، مەبەستیش لەو پێوانانە باشترکردنی دیزاینەکانی ئامێرەکانی پەیوەندکردنی شەپۆلە درێژەکان و مامناوەندیەکان بوو کە بۆ کاری سەربازی ومەدەنیش بەکاردەهێنرێت، بۆ زانیاریتان لەکاتی جەنگ یان کەوتنەوەی کارەساتی گەورە و لە ئەگەری نەمانی ئینتەرنێت و پەککەوتنی سەتەلایتەکان ئەو چینی ئایۆنۆسفیرە دەبێتە تاکە ڕێگەی پەیوەندیکردنی دور و گواستنەوەی زانیاریەکان لە جیهان...
لە ڕاستیدا لە ڕووی زانستیەوە ئەم بڕە لە شەپۆلی کارۆموگناتیسی واتە 3.6 مێگا وات بە هەر لەرەلەرێک بێت ناتوانێت هیچ کاریگەریەک درووست بکات لەسەر ژینگە یان کەشوهەوا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندەها ئەنتێنای ئێزگەی ڕادیۆیی هەیە بە تەنیا بە بەردەوامی لە 24 کاتژمێردا نزیکەی یەک مێگا وات شەپۆلی ڕادیۆیی دەنێرێت بۆ چینی ئایۆنۆسفیر، بە سەدان ئیزگەی ڕادیۆیی لەم شێوەیە تەنیا لە ئەمەریکا هەیە....
بە داخەوە ئەوانەی لە کوردستان باس لە کاریگەریی پرۆگرامی هارپ دەکەن لەسەر بومەلەرزە و ژینگە و کەشوهەوا یان باران بارین لە کوردستان و ناوچەکە کۆمەڵێک مەسەلەی نا پەیوەندیدار تێکەڵ بە یەکتری دەکەن، لەلایەک باسی بڵاوکردنەوەی شەپۆلی موگناتیسی و کارۆموگناتیسی دەکەن کە لە کەنداوەوە ئاڕاستە کراوە بەرەو ئەو شوێنەی زەەمین لەرزەکە تیایدا ڕوویداوە ئەم قسەیەش نەوەک هەر دورە لەڕاستی بەڵکوو گاڵتەکردنە بە عەقڵی خەڵکی سادە، یان پێش چەند ساڵێک باسی کلکە هەڵمیەکانی فڕۆکەکانیان دەکرد Air.Plane.Vapor.Trails ئەوساکەش دەیانگوت گوایە ماددەی کیمیایی هەڵدەڕێژن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر باران بارین هەیە...
ئەو کلکە هەڵمیانە بەرهەمی سووتانی سوتەمەنی فڕۆکەکانن کە وەکوو سوتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی (نەوتی) پێک دەهێنن، پێکهاتەی سەرەکی بریتییە کاربۆن، ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی درووست دەکات، بەرهەمەکانیش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی دەیانبینین هەڵمی ئاوە، کاتێک لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە هەور، ئەمە لەڕووی زانستیەوە وەکوو هەموو ئەو هەڵمەی ترە کە لە دەریا و زەریاکانەوە بەرز دەبنەوە و کاتێک دەگەنە چینێکی دیاری کراو لە هەوای سارد هەڵمەکە دەگۆڕێت بۆ هەور...
بۆ زانیاریتان لە هەموو کاتێدا بە بەردەوامی بە شەو و ڕۆژ پتر لە 5000 فڕۆکەی بازرگانی و گەشتیاری بە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و هەمان ئەو سوتەمەنیانە دەسوتێنن کە فڕۆکەکانی سەر ناوچەکە دەیان سوتێنن....
بەدەر لە بابەتی پرۆگرامی هارپ کە لەسەرەوە ورژاندم، کرۆکی کێشەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی نا زانستی و نا درووست لە سەرتاسەری جیهان لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە بە پێشکەوتنێکی بێ وێنە لە 25 ساڵی ڕابردوو لە ڕووی خێرایی و ئاسانی بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێت، لە سەردەمی پێش ئینتەرنێت هەموو سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری لە هەموو کونجێکی جیهان دیار و ناسراو بوون، تا ڕادەیەکیش بەرپرسیاریەتیان هەڵدەگرت لە ڕاستی و درووستی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکان، بەڵام لە دوای دەست پێکردنی سەردەمی ئینتەرنێت بەتایبەتیش دوای بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆڕی ئینتەرنێت باشترین زەمینەی ڕەخساند بۆ لایەنە خاوەن ئەجینداکان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بڵاوکردنەوەی هەوڵی نادرووست و هەڵبەستراو بێ ئەوەی پێویست بکات هیچ بەرپرسیاریەتیەکی ڕاستی و درووستی ئەو هەواڵ زانیاریانە بگرنە ئەستۆ..
تێبینیەکی زۆر گرنگی تر: پڕۆگرامێکی تر هەبووە و کۆنە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە لەنێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی بەرگری کەندی بووە ئەویان بەناوی HARP و تەواو جیاوازە لەم پڕۆگرامە، ئەو پڕۆژەیەکی سەربازی بووە ویستراوە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی ڕۆکێت تۆپ و گوللە تۆپ بەکاربهێنرێت بۆ هەڵدانە ئاسمانیەکان، پڕۆژەکە لە شەستەکانی سەدەی بیستەم تەواو بوو، بەداخەوە گەلێک لەو بەناو شارەزایانەی باسی پڕۆگرامی HAARP یان کردووە هاتوون لەبەر کەمی زانیاری و نەزانی ئەم ناوەیان بەکارهێناوە واتە باسی HARP یان کردووە، چەندەها نووسینی کوردی و عەرەبیان بۆ ناردوم بەهەڵە باسی ئەو پڕۆگرامە دەکەن و نازانن ئەو پڕۆژەیە زۆر کۆنە و نزیکەی شەست ساڵە کۆتایی پێهاتووە...
بۆ کۆکردنەوەی ڕاستیەکان و بنەما زانستییەکانی ئەم بابەتە سوودم لە چەندەها سەرچاوەی زانیاری ڕەسەن وەرگرتووە، لەوانە ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پۆست، فاینانشال تایمز، ڕاپۆرتەکانی دەستەی کەشوهەوای نەتەوەیی ئەمەریکا NOAA، دەزگای هەواڵی BBC، ئاژانسی ناسا، ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵێک زانکۆ و کۆلیژی زانستی.. [1]