$گەلە ئەستێرە یان گالاکسی چییە؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
گەلەئەستێرە یان گالاکسی گەورەترین یەکەی گەردوونیە، لە کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئەستێرەکان و هەسارەکانیان پێک دێت، لەگەڵ تانە هایدرۆجینیەکان nebula هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو تەن و بارستانەی دەکەونە نێوان بۆشایی نێوان ئەستێرەکان بۆ نموونە کونە ڕەشەکان، بارستەی تاریک dark.matter کە تا ئێستا بەتەواوی نازانین چییە بەڵام هێزی کێشکردنی هەیە واتە شتێکە بوونی هەیە، ئەویش بەشێکە لە پێکهاتەی گەلەئەستێرەکان، هەموو ئەو پێکهاتانە بەیەکەوە بەهۆی هێزی کێشکردنی نێوانیان تۆپەڵ بوون بەیەکەوە و بارستەیەکی زۆر زۆر گەورەتر پێک دەهێنن کە پێی دەڵێین گەلەئەستێرە.
لە گەردووندا چەند گەلەئەستێرە هەیە؟
لە هەر کوێیەکی گەردوون بین و چاودێری گەردوون بکەین ئێمە ناتوانین هەموو گەردوون ببینین بەهۆی کشانی بۆشایی ئاسمان، گەردوون وەکو میزڵدانێکە بەردەوام زۆر زۆر بەخێرایی دەکشێت و گەورەتر دەبێت، بۆیە لەهەر کوێیەک بین لەنێو گەردوون وەکو ئەوە وایە لەنێو بڵقێکی گۆیی زۆر زۆر گەورە بین لە بۆشایی کە پڕە لە گەلەئەستێرە، ئێمەش تەنیا دەتوانین گەلەئەستێرەکانی نێو ئەو بڵقە گۆییە زۆر گەورەیە ببینین و چاودێری بکەین کە پێی دەڵێین گەردوونی بینراو، ئێستا دەزانین تەمەنی گەردوونی بینراو نزیکەی 13.8 ملیار ساڵە بەڵام لەوەتەی سەرەتای دروست بوونیەوە دوای تەقینەوە گەورەکە هەر بەردەوام لە کشان بووە، بۆیە لە ئێستادا تەنیا تیرەی گەردوونی بینراو بە نزیکەی 92 ملیار ساڵی تیشکی مەزەندە دەکرێت، لەبەر ئەوەی ناتوانین هەموو گەردوونیش ببینین بۆیە نازانین هەموو گەردوون و بوون چەندە گەورە و فراوانە، دەشێت هەر هەمووی بێ کۆتا بێت لە گەورەیی و فراوانی، لەو دۆخەدا گەردوونی بینراو تەنیا گیرفانێکی بچووکە لەنێو هەموو گەردوون یان لەنێو بوونێکی بێ کۆتا، ئەوساکە ئەگەری سەیر و سەمەرەتر دێتە ئاراوە کە لە نووسینێکی تردا باسی دەکەم.
تەنیا لە گەردوونی بینراویش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەک توانراوە بزانرێت کە پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەیە، ئەم ژمارەیەش واتە ژمارە دوو دوانزە سفر لە تەنیشتیەوە بێت، ئەو گەلەئەستێرەیەی کۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدایە تەنیا یەکێکە لەو دوو ترلیۆن گەلەئەستێرەی نێو گەردوونی بینراو.
چەند ئەستێرە هەیە لەنێو هەر گەلەئەستێرەیەک؟ تیرە و قەبارەی گەلەئەستێرەیەک چەندە؟
ژمارەی ئەستێرەکانی نێو هەر گەلەئەستیرەیەک پەیوەستە بە قەبارەکەی و چڕی گەلەئەستێرەکە بە ئەستێرە، ئەو ژمارەیەش لە گەلەئەستێرە هەرە بچووکەکان لەوانەیە تەنیا چەند هەزار ئەستێرەیەک بێت، بەڵام زۆربەی گەلەئەستێرەکان دەیەها ملیار تا سەدەها ملیار ئەستێرەیان تێدایە، لە گەلەئەستێرە هەرە گەورەکانیش وەکو گەلەئەستێرەی andromeda ژمارەی ئەستێرەکان دەگاتە یەک ترلیۆن ئەستێرە یان لەوەش زیاتر، قەبارە یان تیرەی گەلەئەستێرەکانیش لەوانەیە چەند هەزار ساڵێکی تیشکی بێت تا سەدەها هەزار ساڵی تیشکی یان زۆر زیاتریش، گەورەترین گەلەئەستێرەش کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە پێی دەووترێت IC.1101، تیرەکەی پتر لە 5.5 ملیۆن ساڵی تیشکیە و بەتەنیا ئەو گەلەئەستێرەیە لە نێوان 20 بۆ 40 ترلیۆن ئەستێرەی تێدایە.
کۆمەڵەی خۆری ئێمە لەناو کام گەلەئەستێرەیە؟
ئێمە و کۆمەڵەی خۆرەکەمان لە نێو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان یان milky.way ین، تیرەکەی نزیکەی 120 هەزار ساڵی تیشکیە، واتە تیشک بە 120 هەزار ساڵ ئینجا دەتوانێت لەم سەری بگات بە ئەو سەری، هەر بۆ وەبیرهێنانەوەش خێرایی تیشک لە نێو بۆشاییدا 300 هەزار کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا، ژمارەی ئەستێرەکانی نێو گەلەئەستێرەکەمان مەزەندە دەکرێت لە نێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرە بێت.
گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان شێوە لول پێچە، لە شەوانی هاوینان دەتوانرێت بەشی ناوەوەی بە ئاسانی ببینرێت بە چاوی ئاسایی دوور لە ڕووناکی شارەکان، ئەو بەشەش بەشێوەی تەمە هەورێکی درێژ و هەندێک درەوشاوە دەبینرێت لە ناوەڕاستی ئاسمان.
شێوەی گەلە ئەستێرەکان هەندێک جیاوازن لەیەکتر، زۆربەیان لە شێوەی دیسکێکی شێوە لول پێچن، یان هێلکەیین یاخود خڕن.
ئەم وێنەیەی ئێرەش هی یەکێکە لە جوانترین گەلەئەستێرەکانی ئاسمان بەناوی NGC.2236، دوریەکەی نزیکەی 100 ملیۆن ساڵی تیشکیە لە ئێمە، تیرەکەشی پترە لە 200 هەزار ساڵی تیشکی و بە تەلەسکۆپی هابڵ چرکێنراوە، زۆربەی ئەستێرەکانی ئەم گەلەئەستێرەیە جارێ ساوان بۆیە ڕەنگی زۆربەی بەشەکانی گەلەئەستێرەکە بە شینباوی دەردەکەوێت تەنیا چەقەکەی نەبێت کە زۆربەی ئەستێرەکانی بەتەمەنترن و زەرد و سورباوە. [1]