$بۆچی لەوانەیە گەردوون سیمولەیشن بێت؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
پێشەکی، سیمولەیشن چییە و مانای چییە؟
زۆر گەڕام بۆ وشەیەکی کوردی لە بری وشەی سیمولەیشن Simulation، بەڕاستی نەمزانی چی بەکاربهێنم، مانای وردی وشەکە یان چەمکەکە واتا لاسایی کردنەوەی شتێکی فیزیکی یان ڕووداوێکی فیزیکی ڕاستەقینە لە مۆدێلێکی دەستکرددا لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و پڕۆگرامسازی.
بەڵگەکان و پرسیارەکان:
یەکەم: ئەو گەردوونەی دەیبینین سەرەتای هەبووە، تا ئێستا نازانین چۆن و لە کوێ وە هاتووە؟ دور نییە تەنیا پڕۆگرامێکی یان چەند کۆدێکی کۆمپیوتەری بێت و خرابێتە گەڕ، خستنە گەڕەکەش سەرەتای ئەو بوونە بێت کە هەیە و دەیبینین.
دووەم: گەردوون لە یاریەک دەچێت کە دەستی پێکردووە، ئێستا دەزانین لە قۆناغێک ئەو یاریە کۆتایی دێت، بۆیە لە نێو گەردووندا کە بۆ بەئاگایی ئێمە هەموو بوونە هەموو شتێک سنوردارە، هەموو دۆخێک و تەنێک کات و تەمەنی سنوردارە، هەمووی سەرەتا و کۆتایی هەبووە و هەیە، پەنجەرەی ژیان و بەئاگایی هەریەکە لە ئێمەش بەسەر گەردوون بەشێکە لەو دۆخە و زۆر زۆر تەسک و و بچوک و سنورداریش کراوە، بەئاگایی هەریەکە لە ئێمەش کە کاراکتەری ئەو یاریەیە بۆ چاوتروکانێک هەیە، دوایی ون دەبێت و نامێنێت.
سێیەم: تیشک خێراترین شتە لەنێو گەردوون بەڵام خێراییەکەی سنوردارە، بۆچی هیچ بارستە و تەنۆچکەیەک یان فۆتۆنەکان کە خودی تیشکن لەوە خێراتر نیە؟ نەوەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەوە زۆرترین خێرایی تەنۆچکەکانە لە نێو گەردوون و جوڵەی هیچ شتێک لەنێو بۆشاییدا لەوە خێراتر نیە.
چوارەم: لێکۆڵینەوەکان و تاقیکردنەوەکان لە بواری فیزیای کوانتەم توشی سەرسوڕمانی کردوین، دوو شت هەیە لەنێو گەردوونی ئێمە هەرگیز لەگەڵ یاسا فیزیاییە کلاسیکیەکان ناگونجێت ئەگەر سیمولەیشن نەبین، یەکەمیان ئاڵودەبوونی تەنۆچکەکانە بەیەکتر هەرچەندە لەیەکتر دوربن، ئەمە تەنیا دەگونجێت ئەگەر کات و شوێن بوونی نەبێت بۆ ئەو تەنۆچکانە، ئەمەش لەگەڵ هیچ یەکێک لە هێز و یاسا فیزیاییەکان کە دەیزانین ناگونجێت، دووەمیان پێمان دەڵێت هەر تەنۆچکەیەک یان بارستەیەک دەشێت لەیەک کاتدا شەپۆڵ بێت و بارستەش بێت، ئەمەش لەگەڵ یاسا فیزیاییەکانی ئێستامان ناگونجێت.
پێنجەم: خەون بینین، ئێمە لەکاتی خەوتندا خەون دەبینین، جیهانی خەون بۆ ئێمە کاتێک تیایداین و دەیبینین وەکو جیهانی خۆمان بۆ ئێمە ڕاستیە، کەواتە لەکاتی خەون بینیندا بەبێ ئەوەی لە شوێنی خۆمان بجوڵێین دەچینە نێو جیهانێکی تر، دەشێت هەمان شت ڕاست بێت بۆ ئەم جیهانەی ئێمە، لەوانەیە ئەو کۆمەڵە کۆد و پڕۆگرامەی کە ئێمەی پێ سیمولەیت کراوە ئەم جیهانەی ئێستای بۆ ئێمە دروست کردبێت.
شەشەم: بەپێی لێکدانەوەکانمان تەمەنی زەوی و گەردوون گەلێک زۆرە، بەڵام بۆچی لەم سەردەمە سەرنجڕاکێشە دەژین و هەین کە ماوەیەکی زۆر کورتە ئاوا سەرنجڕاکێشە؟ ڕووداوەکان و پێشکەوتنە زانستیەکان زۆر زۆر خێرا دەچنە پێشەوە وەکو ئەوە وایە لە لێواری گۆڕانکاریەکی زۆر زۆر گەورە بین، دەشێت ئێمە سیمولەیشن کرابین لەلایەن نەوەکانی داهاتوومان کە دوای ڕزگاربوونیان و مانەوەیان بۆ ترلیۆنەها ساڵ ئەوەندە پێشکەوتوون توانای ئەویان هەبووە ژیانی ئێمە سیمولەیت بکەن، وەکو فلیمێکی سینەمایی تەماشای باو و باپیرانی خۆیان دەکەن بزانن چیان کردووە و چی ڕووی داوە، لەبەر ئەوە ئەوان تەنیا چەند هەزار ساڵێکیان لە ڕابردوی خۆیان سیمولەیت کردووە کە گۆڕانکاریە گەورەکان تیایاندا ڕوویان داوە ئەویش ئێستایە، ئەگەر وابێت لەوانەیە ئەوان لەبوونی خۆیان یان لە ئێستای خۆیان گەیشتبن بە قۆناغی نەمری.
حەوتەم: هەروەها سیمولەیشن لەوانەیە وەڵامێکیش بێت بۆ ئەم پرسیارە: بۆچی هیچ نیشانەیەکی بوونی شارستانیەتیەکی تر یان بونەوەری زیرەکی تر لەنێو گەردوون نابینین؟ لە ئێستادا لایەنی کەم بەهەر چواردەورماندا تا دوری سەدەها و هەزارەها ساڵی تیشکی ئەوەی دەیبینین هەسارەی زەوی تاکە شوێنە بەتەنیا لەنێو دەریایەکی زۆر مەزن و فراوانی تاریکدا ژیان و شارستانیەتی تیایدا بوونی هەبێت.
هەشتەم: زۆربوونی ئەنتڕۆپی خەسڵەتێکی نێو بوون و گەردوونە، بۆیە گەردوون لە تاقیگەیەک دەچێت، هەموو شتێک لەگۆڕان و پەرەسەندنە، دۆخەکان دێنە ئاراوە و دەگۆڕێن و لەناودەچن و دۆخی نوێتر دروست دەبنەوە، ژیانیش بەشێکە لەو سوڕەی پەرەسەندنی گەردوون و بوون، خەسڵەتێکی تریش لەنێو ژیان و بەئاگایی ئێمەدا هەیە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەیە، ژیان هەر هەمووی لە بەکتریایەکەوە تاوەکو ئێمەش بریتییە لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە.
زۆر جاریش مرۆڤەکان کاتێک لەژیاندا بە ناخۆشیەکاندا تێدەپەڕن دڵی یەکتر دەدەنەوە، یەکێک بەوەی تر دەڵێت گوێ مەدێ هەمووی فشەیە یان هەموومان دەمرین، یان هەموو شتێک کۆتایی پێدێت، کێ دەڵیت وا نیە؟ بە پێی زانیاریەکانی ئێستامان ئەمە لەکۆتاییدا بۆ هەموو گەردوونیش ڕاستە، چونکە بەپێی ئەو هێز و یاسایانەی هەیە و دەیزانین لە داهاتووێکی زۆر دوور هەموو گەردوونیش کۆتایی پێ دێت وەکو ئەوەی هەر نەبووبێت، کەواتە پرسیارە گەورەکە ئەمەیە: بۆچی؟
دورنیە سیمولەیشن وەڵامێک بێت بۆ ئەم پرسیارە گەورەیەش! [1]