شوێن پەنجەی مرۆڤ لە گەردوون گەیشتووە بە کوێ؟
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
کەشتی ئاسمانی ڤۆیەجەر یەک بوو بە یەکەم دروستکراوی دەستی مرۆڤ کە تاوەکو ئێستا ئەوەندە لە هەسارەی زەوی دوور کەوتبێتەوە.
هەر دوو کەشتی ڤۆیەجەر یەک و دوو لەگەڵ هەر دوو پایۆنیر یەک و دوو، هەر چواریان بەیەکەوە ئێستا گەیشتوون بە لێواری کۆمەڵەی خۆر و بەرەو قووڵایی بۆشایی ئاسمانی نێوان ئەستێرەکانی ڕێی کاکێشان دەڕۆن، بۆ ملیۆنەها ساڵ و بگرە زۆر زیاتریش بەردەوام دەبن لەو گەشتەیاندا، تاوەکو لەلایەن بونەوەرێکی زیرەکی ترەوە دەدۆزرێنەوە و ڕاو دەکرێن، یاخود دەبن بە پاشکۆی ئەستێرەیەکی تر لە داهاتووێکی زۆر دوور دوای دەیەها و بگرە سەدەها ملیۆن ساڵی تر، بەڵام لە نێویاندا کەشتی ئاسمانی ڤۆیەجەر یەک لە ئێستادا لە هەموویان زیاتر دوورکەوتۆتەوە لە هەسارەکەمان.
نزیکەی چل و پێنج ساڵ لەمەو بەر، بە وردی لە ڕێکەوتی 5 ی ئەیلولی ساڵی 1977 ئاژانسی ناسای ئەمەریکی کەشتی ئاسمانی ڤۆیەجەر یەکی Voyager-1 ی نارد بۆ بۆشایی ئاسمان، یەکێک لە کارەکانی بریتی بوو لە پشکنین و وێنەگرتنی هەسارەی موشتەری و زوحەل و مانگەکانیان، کارێکی تری ئەوە بوو دوای ئەوە کۆمەڵەی خۆر جێبهێڵێت و بەرەو قووڵایی گەلەئەستێرەکەمان بڕوات و بۆ ماوەی دەیەها و بگرە سەدەها ملیۆن ساڵی تر لە داهاتوو بەردەوام بێت لەو گەشتەیدا.
لە ساڵی 1979 ڤۆیەجەر یەک بەلای هەسارەی موشتەریدا تێپەڕی، لە ساڵی 1980 گەیشتە نزیک هەسارەی زوحەل، دوای ئەوە بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بەڕێکەوت، لە ڕێکەوتی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2012 گەیشتە سنووری دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، ئێستا نزیکەی 22 ملیار کیلۆمەتر لە هەسارەی زەوی دوورە، هەر بۆ بەراوردی ئەم دووریە دەکاتە نزیکەی 57 هەزار ئەوەندەی دووری نێوان مانگ و زەوی، هەروەها دەکاتە نزیکەی 147 ئەوەندەی دووری خۆر لە ئێمە، پترە لە 3 ئەوەندەی قەزەمە هەسارەی پلۆتۆش دوورە، ئێستا دەزانین کەشتی ڤۆیەجەر یەک چەندە دوورە لە مرۆڤایەتی و لە شوێنی لەدایکبوونی.
کەشتی ڤۆیەجەر یەک تا ئێستاش پەیوەندیەکی زۆر لاوازی ماوە لەگەڵ زەوی، ناسا لە ڕێگەی ئەو پەیوەندیە بێ هێزە تەنیا دەتوانێت بزانێت دووریەکەی چەندە لە زەوی و ئەو پەیوەندیە تاوەکو ساڵی 2025 دەمێنێت و ئەو کاتە هیچ وزەیەکی پێ نامێنێت بۆ پەیوەندی کردن، بەڵام بەهۆی هێزی بەردەوامی هەر بەردەوام دەبێت بەهەمان ئەو خێراییەی کە ئێستا هەیەتی لەگەشتەکەی، لەبەر ئەوەی هێزی لێخشاندن یان هێزی کێشکردنی هیچ تەنێکی نزیکی تری لەسەر نییە خاوی بکاتەوە یان خێراییەکەی کەمبکاتەوە.
ڤۆیەجەر یەک ئێستا بە بەردەوامی بە خێرایی پتر لە 60 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دووردەکەوێتەوە لە زەوی، چاوەڕوان دەکرێت دوای نزیکەی 40 هەزار ساڵی تر بەلای نزیکترین ئەستێرەدا بڕوات لە ئێمە کە ئەلفا سێنتۆریە، ئەو ئەستێرەیە نزیکەی 4.3 ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، ئەو کاتە ڤۆیەجەر دووریەکەی لە زەوی 3 ساڵی تیشکی دەبێت و پتر لە ساڵێکی تیشکیش لەو ئەستێرەیە دوور دەبێت.
ناسا لەسەر ئەو کەشتیە دیسکێکی زێڕی داناوە هەروەک لە وێنەی دووەمدا دیارە، لە ڕووێکی ئەو دیسکە دەنگ و ڤیدیۆی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی سەر زەوی و با و بارانی لەسەر تۆمار کراوە و نووسراوە دەنگەکانی زەوی، لە دیوەکەی تری نەخشەیەکی کۆمەڵەی خۆر و شوێنەکەی لە نێو گەلەئەستێرەکەمان دیاری کردووە، دیسکەکە هەندێک زانیاری تریشی لەسەرە.
ئاژانسی ناسا هەردوو کەشتی ڤۆیەجەر و هەردوو پایۆنیری بۆیە بەرەو قوڵایی گەلەئەستێرەکەمان بەڕیکرد تاوەکو وەکو شوێن پەنجەیەکی مرۆڤ بمێنێتەوە لە نێو گەلەئەستێرەکەمان دوای لەناوچوونی مرۆڤیش، لە داهاتووێکی زۆر دوور کە دوور نییە بگاتە دەیەها و سەدەها ملیۆن ساڵی تر ئەگەر بونەوەری زیرەکی تر هەبن لەنێو گەلەئەستێرەکەمان دور نییە ئەو کەشتیانە بدۆزرێنەوە لەلایەن ئەوان، ئەوساکە زانیاری باشیان دەبێت لەسەر بوونی ئێمە لەسەر هەسارەکەمان، چونکە ئەگەری زۆری ئەوە هەیە لە داهاتووێکی نزیک یان دوور مرۆڤ لەسەر زەوی لەناو بچێت و نەمێنێت، بۆیە ئەو چوار کەشتیە دەبن بە میراتی مرۆڤایەتی بۆ بوونەوەرە زیرەکەکانی تری نێو قوڵایی گەلە ئەستێرەکەمان.
ئەگەر چی مرۆڤ هەندێک جار بە دیوێکیدا بە دڕندەترین بوونەوەری سەر زەوی دادەنرێت، بەڵام دیوەکەی تری ئارەزووی فێربوونی هەیە و داوای ئاشتی و پێشکەوتن دەکات، ئەگەر ئەم دیوە جوانەی مرۆڤەکان زاڵ بێت لە داهاتوودا و مرۆڤ بمێنێت ئەوا نەوەک تەنیا کەشتی ڕەوانەی قوڵایی گەردوون دەکات، بەڵکوو ڕۆژێک دێت خۆشی بەوەر قوڵایی بۆشایی ئاسمان گەشت دەکات و هەنگاو دەنێت بۆ گەڕان و پشکنین و دەست بەسەرداگرتنی ئەستێرەکان و هەسارەکانی گەلەئەستێرەکەمان. [1]