کێشەی کورسی کۆتا و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گرفتی سەرەکی بەردەم #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ین بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
پێشتر هەر یەک لە پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پەڕڵەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە و هەڵبژاردن لە #هەرێمی کوردستان# ئەنجام نەدرێت. پاشان دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵایەکی د. #یوسف محەمەد# سەرۆکی پێشووتری پەڕڵەمانی کوردستان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی کوردستانی دەرکرد.
پێشتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەوە سکاڵایەکی لەسەر سەرۆکی پەڕڵەمان و سەرۆکی هەرێم تۆمارکردووە و لە سکاڵاکەدا داوای گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنییەوە بۆ چوار بازنەیی کراوە، هەروەها لە سکاڵاکەدا داوای دابەشکردنی کورسی کۆتاکان کراوە بەسەر هەر یەک لە بازنەکانی #دهۆک# و #هەولێر# و #سلێمانی#.
لە ئێستادا ڕێکەوتی #18-08-2023# کێشەی کورسی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی بەردەوامە. لە دواین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە دەباشان، #بافڵ تاڵەبانی# پێشنیاری ئەوەی بۆ پارتی کردووە کە بەر لەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات واباشە ئەوان خۆیان لەسەر ئەو بابەتە ڕێکبکەون.
بەپێی وتەکانی بافڵ تاڵەبانی کە لەو کۆبوونەوەیە کردوویەتی، ئەوان وەک یەکێتی گرەنتی ئەوەیان وەرگرتووە کە دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبن.
بەشێوەیەکی فەرمی لەو کۆبوونەوەیەدا مەکتەبی سیاسی پارتی داوای کاتیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر زاری وتەبێژەکەیەوە ڕێکەوتی #16-08-2023#، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی داواکارییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و ڕەتیکردەوە ئەوان لەسەر ئەو بابەتە ڕێکبکەون، بەڵکوو بەپێی قسەکانی مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی بێت، ئەو حیزبە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکات.
پارتی پێی وایە دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات کە بتوانێت سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕێت، بەڵکوو ئەو بابەتە پێویستی بەهەمواری یاساوە هەیە. [1]