ناونیشان: بەدەم ڕێگاوە پێکەنین
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #07-09-2015#
ئەوروپای پاش کۆچی بەلێشاوی ئەم هاوینەی کۆچبەران چیدیکە ناتوانێ ئەوروپاکەی جاران بێت. ئەو ئەوروپایەی نیو سەدە زۆرتر پێش ئێستا جیهانی گیرۆدەی جەنگە جیهانییە ماڵوێرانکەرەکان دەکرد و دانیشتوانی بەرەو کیشوەرەکانی دیکە کۆچیان دەکرد، ئێستا خۆی گیرۆدەی دەرهاویشتەکانی جەنگی برا موسڵمانەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.
لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ئەڵمانیا چاوەڕێی هاتنی شەمەندەفەرم بەرەو هۆڵەندا. چاکەتێکی ڕەشم بەسەر دەستمدا داوە و کۆڵەپشتێکم بەکۆڵمدا داوە. گوێم لە میوزیکێکی کوردی گرتووە. دوو پۆلیسی ئەڵمانی بە دەورمدا دەخولێنەوە و تەماشام دەکەن. وا خۆم پیشان دەدەم کە ئاگام لێیان نییە، بەڵام هەموو جووڵەیەکیان لەبەر سێرەی سیلەی چاومە. گەنجێکی قژڕەشی دیکە لە تەنیشتم ڕاوەستاوە و زۆر نیگەران دیارە. شەو درەنگە و ئەگەر شەمەندەفەرەکەمان نەیەت، دەبێ لەو شارە بمێنینەوە و ڕۆژی دواتر بەڕێبکەوین. گەنجەکە خۆی پێناگیرێت و لێم دێتە پێشەوە: تۆش دەچیتە هۆڵەندا؟ هۆڵەندی دەزانی؟ منیش بەئەنقەست، بۆ ئەوەی پۆلیسەکان گوێیان لێبێت، بەدەنگی بەرز بە هۆڵەندی لەگەڵی قسە دەکەم. سەیرێکی پۆلیسەکان دەکەم، بزەیەک دەکەن و بەخێرایی بەجێماندەهێڵن. تومەز وایانزانیوە کۆچبەرم و نێچیرێکی چەورم بۆ دەستگیرکردن!
بەدەم ڕێگاوە بەرەو هۆڵەندا گەنجەکە پێدەکەنێ و دەڵێت: کۆچبەران سەریان لە پۆلیس شێواندووە. نازانن کێ بگرن و بۆیان نییە کێ بگرن! ئەو هیندۆسە و خەڵکی سوورینامە. وڵاتێکی دڵڕفێن کە سەردەمێک هۆڵەندا داگیری کردبوو و ئێستا ژمارەی دانیشتوانی سوورینامی لە هۆڵەندا زیاترە لە ژمارەی سوورینامییەکان لەنێو وڵاتەکەی خۆیاندا. ئەو هەرچییەک دەڵێت لەگەڵیدا پێدەکەنێت. بەڵام جارێک کەمێک بێدەنگ دەبێت، ئینجا بە ڕوویەکی کەمێک گرژەوە دەڵێت: ڕۆژاواییەکان ئەوە دەدروونەوە کە لە ڕابردوودا چاندوویانە. وڵاتان داگیر بکەیت و شەڕ درووست بکەیت، ڕۆژێک دێت باجەکەی بدەیت.
وێنەکانی ئالان و غالیبی برای و گریانە بەکوڵەکەی باوکی ئالان ئەوروپاییەکانی هەژاندووە، بەڵام خراپتر لەوە دیمەنی ئەو کۆچە بەکۆمەڵە تاساندوونی کە لە هەنگاریاوە بەرەو نەمسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە بەڕێگەوەیە. لەکاتی جەنگە جیهانییەکاندا ئەوروپا زۆر لە سووریا و ئێراقی سەردەمی ئێستا دەچوو. مەیدانێک بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی حیساباتی زلهێزەکان. ئەوکات ئەمریکا وەکوو ئەوروپای ئێستا پەناگەیەکی ئارام بوو، مژدەی ژیانێکی خۆشتری دەدایە لێقەوماوان. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت، ئەمریکا لەپەنای قازانجەکانی کە کردی لە هێزی مرۆییان، بەڵام باجی وەرگرتنی کۆچبەرە ئیتالی و ئێرلەندییەکان دەدات. ئەوروپا هێشتا ماویەتی وای بەسەربێت. بیرمە پێنج ساڵ پێش ئێستا پڕۆفیسۆرێکی هۆڵەندی پێیوتم: ئێمە لەوە تۆقیوین کە ئیسلام وەکوو ئەسپی ترۆجان بێتە ناو قەڵاکانمانەوە، بەڵام لەبیرمان چووە کە ئیسلام پێشتریش لەو قەڵایانەدا هەر هەبووە.
ئێستا کە کۆچبەران وا زۆرتر ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، لە ساڵانی داهاتوودا شایەتی بەهێزبوونی ئایدیۆلۆژیا دژە ئیسلام و دژە پەنابەرییەکە لە سەرتاسەری ئەوروپا دەبین. لەبەرانبەریشدا موسڵمان و کۆچبەر دەنگیان ڕەساتر دەبێت و بەهێزتر دەبن. ڕەنگە ئەوکات توندوتیژی لە ئەوروپا زۆرتر ببێت.
هاوڕێگەکەم کە گوێی لەو قسانە دەبێت، بە دەنگێکی پەرۆشانەوە دەپرسێت: بەڕاستی پێشبینی دەکەیت ئەمە لە ئەوروپا ڕووبدات؟ وەڵامی دەدەمەوە: هەموو شتێک دەبێت. دیسان بێدەنگ دەبێتەوە، ئینجا دەست دەکات بە پێکەنین و دەڵێت: چاکتر. ئەوکات هۆڵەندییەکان دێنە سوورینام و لای ئێمە دەبنە پەنابەر. [1]