ناونیشان: واشنتۆنەکەمان سووتاوە!
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #14-10-2019#
پرسیارێکی گرنگ هەیە: ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردووە و کردووەتەوە یان کورد وەک هەمیشە لە ئەمریکا تێنەگەیشتووە؟ ئەگەر بە قسەی دوو ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی بێ، کە وەک ئێمە لە هۆنگ کۆنگن و کار لەسەر ئەو دۆزەی نزیک لە دۆزی کوردستان دەکەن، دەبێ بڵێین ئەمریکا خیانەتی لێکردووین و خەڵکی وڵاتەکەش شەرم لەو خیانەتە دەکەن. بەڵام ئەگەر بەدڵ نا، بەڵکوو بە مەنتیق بیری لێبکەینەوە، دەزانین هەمیشە ئەمریکامان خۆشویستووە و قەت بەتەواوەتی سیستمەکەیمان نەناسیوە.
یەکێک لەو کێشانەی لە ساڵانی شەست و تەنانەت حەفتاشدا وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی نیگەران دەکرد، کشانەوەی بەریتانیا بوو لە ناوچەکە. ئەوان دەوڵەتۆچکەی لاوازیان هەبوون و ئێرانی پێشکەوتووی حەمەڕەزا شا چاوی لە خاکەکەیان بوو. هەرچەندە ئینگلیز هەر کشانەوە، بەڵام لەو ساڵانەدا زووزوو بۆ ڕەواندنەوەی خەمی شێخ و میرەکان دەیانگوت: لای ئێمە دیموکراسی هەیە و مەرج نییە حکومەتی چوار ساڵ دواتر بیەوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکشێتەوە. ئەو قسەیەی ئینگلیزەکان ڕاست نەبوو، چونکە هەر لەو ساڵ و مانگانەدا لە تەلەفیزیۆنی بی بی سی درامایەکی سیاسی پەخش دەکرا و ڕوونیدەکردەوە کە سیاسەتی وەزارەتەکان و حکومەتی بەریتانیا وەزیرەکان داینانێن و جێبەجێی ناکەن، بەڵکوو لە هەر وەزارەتێکدا ستافێکی شارەزا و ورد هەن کە لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا ناگۆڕێن و هەندێکیان چەندین دەیە کار لەسەر دۆسییەکان دەکەن. ئەو ستافانە دەزانن چۆن بڕیاری ڕاست دەدرێ و چۆن بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی بەریتانیا دەپارێزرێن. بۆ نموونە ئەوەی تێرێزا مەی و دوای ئەویش بۆریس جۆنسن لە مەسەلەی برێگزیتدا پێیانبڕاوە ئەوەیە کە بەبێ ئەوەی زیان لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بدەن خواستی زۆربەی گەل جێبەجێ بکەن. بۆیەش کاتێک مەی نەیتوانی هەم ستافە شارەزا کاریگەرەکان لەسەر حیزبەکان و گەلی بەریتانیاش ڕازی بکات، ناچار بوو دەستهەڵگرێ.
لە ئەمریکا سیستمەکە تەواو پێچەوانەیە. بۆیەش هەندێکجار پاش هەڵبژاردنێک تەنیا شێوازی دەربڕینەکان ناگۆڕێن، بەڵکوو تەواوی سیستمەکە دەگۆڕێت. هۆیەکەشی ئەوەیە سیستمی ئەمریکی هەر چوار ساڵ جارێک سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت کە نزیکەی هێندەی دیکتاتۆرێک دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێ هەموو شتێکی پێش خۆی سەرەوبن بکاتەوە. لەو سیستمەدا سەرۆک لە چوار ساڵی یەکەمیدا هەر خەریکی شارەزابوون و تێگەیشتن لە دۆسییەکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنە. بۆیە زۆرینەی سەرۆکەکان حەزیان کردووە هەڵببژێردرێنەوە تا لە خولی دووەمدا سەرۆکایەتیی ڕاستەقینە بکەن. ئێستا ترەمپ خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات و دەبێ بەڵێنی هێنانەوەی سەربازانی ئەمریکی بۆ ئەمریکا جێبەجێ بکات. ئەو سەلماندوویەتی کە لە نەوەی سیاسەتمەدارانی خاوەن هەندێک پرەنسیپ نییە و بزنسمەنە و تەوقەکردنەکانیشی بەوە لێکدەداتەوە کە چەندی تێدەچێ و چەندی لێ دەستدەکەوێ. ئەمە ستایلی ترەمپە و دیموکراسییەکەی ئەمریکا ڕێگەیپێداوە ئاوا هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئەگەر ئێمە بڕوامان بەو سەرۆکە و بەو سیستمە کرد خەتای ئەمریکایە یان خۆمان؟
کورد دەبێ دۆستەکانی ئێستای و ئاییندەشی بە باشی بناسێ. ڕاستە ناچارە پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەمریکا هەبێ، بەڵام دەبێ سیستمەکەی بناسێ و زۆر دۆستی دیکەی چاکی وەکوو فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسرائیل و تەنانەت ڕووسیاشی هەبێ کە هیچیان وەک سیستمە ئەمریکییەکە نایفرۆشن. تێنەگەیشتنی ئێمە لە ئەمریکا زۆر لە چیرۆکی ئەو هاوڕێیەم دەچێ کە شارەزاییەکی تەکنیکیی باڵای هەیە و بۆ کەسێک بەو زمانە تەکنیکییە قسەی کردبوو، ئەویش بە هاوڕێکانی گوتبوو: بە زمانێک قسە دەکات تەنانەت ئەگەر بڵێت واشنتۆنەکەی سووتاوە، دەزانم مانایەکی تەکنیکیی هەیە، جا ڕاستییەکەی ئەمڕۆژانە ئێمەش خراپ واشنتۆنەکەمان سووتاوە! [1]